كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ رۆژانە (30) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت

Draw Media

2023-12-06 19:16:17




راپۆرتی: درەو
🔻 بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی کۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ؛
🔹 تێکڕای بەرهەمی گشتی  کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە ماوەی چارەکی سێیەمی (2023)دا (32 هەزار و 28)بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە. لە کاتێکدایە لە چارەکی سێیەمی (2022)دا بەرهەمی کێڵگەکە (30 هەزار و 58)بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، واتا ئاستی بەرهەم (هەزار و 970) بەرمیل نەوتی رۆژانە بە رێژەی (7%) زیادی کردووە.
🔹 بە تێکڕا لە ماوەی (1ی کانونی دووەمی 2023 – 30ی ئەیلولی 2023) بەرهەمی نەوتی کێڵگەکە (26 هەزار و 862) بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە تێکڕا بەرهەمەکەی بریتی بووە لە (29 هەزار و 834) بەرمیل نەوتی رۆژانە، واتا (2 هەزار و 972) بەرمیل نەوتی رۆژانە بە رێژەی (10%) کەمی کردووە.
🔹 هەموو فرۆشتێکی نەوتی بەرهەمهێنراو لە ماوەی چارەکی سێیەمی (2023)دا بۆ بازاڕی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بووەو هەر بەرمیلێکیش بە (38.95) دۆلار فرۆشراوە، لە کاتێکدا لە چارەکی سێیەمی ساڵی (2022)دا (89.32) دۆلار بووە.

کۆمپانیای (HKN)ی ئەمریکی لە کێڵگەی نەوتی سه‌رسه‌نگ
کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ دەکەوێتە سنوری (پارێزگای دهۆک)‌ەوە، ڕوبەری کێڵگەکە (420) کیلۆمەتر دووجایە، دابەشبووە بەسەر دوو ناوچەی نەوتی جیاوازدا کە بریتین لە ناوچەی (سوارە توکەو ڕۆژهەڵاتی سوارە توکە)، هەر یەکێک لەو دوو ناوچەیە سێ کۆگای نەوتی سەربەخۆی تێدایە.
پشكی (62%)ی کێڵگە نەوتییەکە كۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی کاری تێدا دەکات، (18%)ی پشکەکانی کێڵگەکە کۆمپانیای) شاماران)ی کەنەدی لە کانوونی دووەمی 2021 ەوە لە (تۆتاڵ)ی فەرەنسی کریوەتەوە، بەم شێوەیەش شاماران لە هەردوو کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگ بووە خاوەن پشک. پشكی (20%)ی کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم کوردستان.
کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئینێرجی لە ساڵی 2007 لەلایەن (ڕۆس پیرۆت جونیۆر) دامەزراوە، کۆمپانیایەکی تایبەتی وزەی سەربەخۆیە و کاری گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.
بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکە لە شاری داڵاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایەو لقی لە هەردوو شاری تەکساس و هەولێر هەیە.
بەپێی نوێترین ئەو زانیارییانەی کۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی لە (29ی نۆڤێمبەری 2023) بۆ (چارەکی سێیەمی 2023) خستوویەتیەڕوو؛
•    هێڵی بۆری عێراق-تورکیا (ITP) کە لە 25ی ئازاری 2023 داخرابوو، تا ئێستاش داخراوی ماوەتەوە.
•    دانوستانەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕێکخستنە بازرگانییەکان بەردەوامن، بەڵام هیچ کاتی ڕوون بۆ کردنەوەی بۆرییەکەو هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بوونی نییە.
•    کۆمەڵەی پیشەسازی نەوت لە کوردستان (APIKUR) کە کۆمپانیای HKN ئەندامیەتی، لەم دواییانەدا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم لە پەیوەندیدا بوونە، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و بە لێکتێگەیشتنی باش گەیشتوون.
•    HKN بەنیازی ئەوە نییە هەناردەکردن لە رێگەی بۆرییەوە دەستپێبکاتەوەو بەبێ دڵنیابوون لە پارەدان بەپێی مەرجەکانی گرێبەستی ئێستایان. هێشتا ڕێگایەکی ڕوون نابینن بۆ ئەوەی کۆمپانیای HKN لە ماوەیەکی نزیکدا نەوت بە نرخی بازاڕی جیهانی بفرۆشێت.

دەرەنجامی کارەکانی کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئێنرجی لە چارەکی سێیەمی (2023) لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ
1.    تێکڕای بەرهەمی گشتی  کێڵگەی نەوت سەرسەنگ لە ماوەی چارەکی سێیەمی (2023)دا (32 هەزار و 28)بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە. ئەمە لە کاتێکدایە بەرهەمی نەوتی کێڵگەی ناوبراو لە چارەکی سێیەمی (2022)دا (30 هەزار و 58)بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، بەم پێیەش تێکڕای ئاستی بەرهەمهێنان لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پار (هەزار و 970) بەرمیل نەوتی رۆژانە بە رێژەی (7%) زیادی کردووە.
بەڵام بە تێکڕا لە ماوەی (1ی کانونی دووەمی 2023 – 30ی ئەیلولی 2023) بەرهەمی نەوتی کێڵگەکە (26 هەزار و 862) بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە تێکڕا بەرهەمەکەی بریتی بووە لە (29 هەزار و 834) بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەم پێیەش تێکڕای ئاستی بەرهەمهێنان لە سێ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پار (2 هەزار و 972) بەرمیل نەوتی رۆژانە بە رێژەی (10%) کەمی کردووە.

-    بەرهەمهێنان لە کێڵگەی سوارە توکە لە (3ی تشرینی یەکەم)ەوە دەستی پێکردووەتەوە، کە بەشی گرنگ و سەرەکی کێڵگە نەوتییەکەیە شەش بیری نەوتی تێدایەو توانای بەرهەمهێنانی (29 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەیە بە کولێتیەکی بەرزی (36 – 39 API)
-    بەرهەمهێنان لە رۆژهەڵاتی سوارە توکە (کە بەشێکی دیکەی کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ پێکدەهێنێت) بە وەستاوی دەمێنێتەوە.
2.    داهات بۆ چارەکی سێیەمی ساڵی 2023 بەڕێژەی (53.5%) کەمیکردووە لەچاو ماوەی ساڵی 2022و کەمبوونەوەکە ڕەنگدانەوەی بەرزبوونەوەی (6.6%)ی بەرهەمهێنان و دابەزینی (56.4%)ی نرخی بەدیهاتوو بووە.
-    هەموو فرۆشتێکی نەوتی بەرهەمهێنراو لە ماوەی چارەکی سێیەمدا بۆ بازاڕی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بووە.
-    نرخی نەوت لە چارەکی سێیەمی ساڵی (2023)دا (38.95) دۆلار بووە، لە کاتێکدا لە چارەکی سێیەمی ساڵی (2022)دا (89.32) دۆلار بووە.
-    بڕی (126 هەزار) بەرمیل نەوت  تا 30ی ئەیلول نەفرۆشراوەو لەدەرەوەی کێڵگەکەدا کۆگا کراوە.

پوختەی دەرەنجامی کارەکانی کۆمپانیای (HKN) لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ

سەرچاوە؛
-    ڕاپۆرتی کۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی، بۆ چارەکی سێیەمی ساڵی 2023.
-    HKN ENERGY; Q3 2023 – Management Update, November 29, 2023
https://bitly.ws/34Gj6

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand