كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێم داوای پارەكانیان دەكەن

Draw Media

2023-12-06 12:23:10



(درەو):
وەزارەتی نەوتی عێراق سورە لەسەر دەستكاریكردنی گرێبەستی كاركردنی كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم مەرجی هەیە‌و دەڵێ دەبێت دەستكاریكردنەكە بەڕەزامەندی كۆمپانیاكان بێت، لەم نێوانەدا كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم گلەییان هەیە لەوەی هەردوو حكومەت بەشدارییان پێ ناكەن لە گفتوگۆكاندا. 

"كێشەی گرێبەستەكان چارەسەر بكرێت"
عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بەغداد سورە لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان. 
"هەندێك كێشەی دارایی‌و یاسایی‌و تەكنیكی هەیە تایبەت بەو گرێبەستانەی كە لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و كۆمپانیاكانی نەوتدا كراون، ئەم كێشانە پێویستیان بە چارەسەركردن هەیە، وەزارەتی نەوت كاردەكات بۆ هەمواركردنی شێوازی ئەو گرێبەستانە، بەجۆرێك لەڕووی یاسایی‌و هونەری‌و داراییەوە گونجاو بێت لەگەڵ یاساكانی عێراقدا" وتەبێژەكە وا دەڵێ. 
هەناردەی نەوتی هەرێم لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوە راوەستاوە، واتە 8 مانگە نەوتی كوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان نەكراوە، بەپێی قسەی عاسم جیهاد، وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ حكومەتی هەرێم گفتوگۆ دەكات لەپێناو خێراكردنی پرۆسەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە، بەڵام بەغداد خوازیاری ئەوەیە هەموو لایەنەكان پابەند بن بە ئەركی سەرشانیانەوە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەی دارایی‌و گەیشتن بە شێوازێكی یاسایی دروست. 

"پارە گرنگە بۆ دەستپَكردنەوەی هەناردەی نەوت"
كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان كە بە "ئەپیكور" ناسراوەو نوێنەرایەتی كۆمپانیاكانی (DNO، Genel Energy، Gulf Keystone Petroleum، HKN Energy ،ShaMaran Petroleum) دەكات، دوێنێ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، تێیدا جارێكی تر جەخت لەسەر پابەندبوون بە گرێبەستەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا دەكاتەوە، ئەم كۆمپانیایانە پێشتر هۆشدارییاندا لەبارەی ئەوەی ئەگەر دەستكاری گرێبەستی كاركردنیان بكرێت، پەنا بۆ دادگای نێودەوڵەتی لەندەن دەبەن. 
لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە 15ی شوباتی 2022 بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت‌و غازی هەرێم، حكومەتی فیدراڵی عێراق هەوڵی دەدات كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم ناچار بكات گرێبەستەكانیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی نوێ بكەنەوە، هاوشێوەی ئەو گرێبەستانەی كە لە عێراق هەیە، بەڵام كۆمپانیا بیانییەكان نەچوونە ژێر باری فشارەكانی بەغداد، بەتایبەتیش كە گرێبەستی كاركردنی ئەم كۆمپانیایانە لە هەرێمی كوردستان گرێبەستی "هاوبەشی بەرهەم"ەو جیاوازە لە گرێبەستەكانی عێراق كە "گرێبەستی خزمەتگوزارین"، كۆمپانیاكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان بەپێی گرێبەستەكانیان بەشێك لە  نەوتی هەرێم دەبەن‌و خۆیان دەیفرۆشنەوە، دەستكاریكردنی گرێبەستەكان رەنگە ئەم مافەیان لێوەرگرێتەوە.
ئێستا كە كۆمپانیاكان مل بۆ گۆڕینی گرێبەستەكان نادەن، وەزارەتی نەوتی عێراق پێشنیازێكی نوێی هێناوەتە پێش، پێشنیازەكە ئەوەیە گرێبەستی كۆمپانیاكانی هەرێم لە گرێبەستی "هاوبەشی لە بەرهەم"ەوە بكرێن بە گرێبەستی "هاوبەشی لە قازانج". 
لە راگەیەندراوەكەی دوێنێدا، مایڵز بی كاگینز وتەبێژی ئەپیكور باسلەوە دەكات" گرێبەستەكان‌و شێوازە روون‌و دیاریكراوەكانی پارەدانی رابردوو و داهاتوو، گرنگن بۆ دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنان‌و هەناردەكردنی نەوت".
كۆمپانیاكانی نەوت دەیانەوێت لەحاڵی هەر رێككەوتنێكی نوێدا لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، گرەنتی وەرگرتنەوەی ئەو پارانە بكەن كە كەوتووەتە لای حكومەتی هەرێم، هەروەها بۆ داهاتووش گرەنتی ئەوە بكەن بەشێوەیەكی سیستماتیك پارەی خۆیان وەربگرن. 
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرەتای ئۆكتۆبەری رابردووی گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستان، گروپی ئەپیكور بڕی (یەك ملیار) دۆلاری پارەی لای حكومەتی هەرێمە‌و هێشتا پێی نەدراوەتەوە، ئەم كۆمەڵەیە هۆشداری ئەوەی بە هەردوو حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراق داوە تەنانەت ئەگەر هەناردەی نەوتیش لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق- توركیاوە دەستپێبكاتەوە، ئەوان لە دۆخێكدا نین نەوت لە هەرێمی كوردستان بەرهەمبهێنن تا دڵنیا نەبن لەوەی چۆن پارەیان پێدەدرێت.
سەرباری ئەمە، كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم گلەیی ئەوە دەكەن حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم بەشدارییان پێناكەن لە كۆبونەوەكاندا.

هەرێم پشتیوانی كۆمپانیاكان دەكات
بەڵام رۆژی 30ی مانگی رابردوو، كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بەوەكالەت رایگەیاند" ئەگەر گرێبەستەكانی نەوت لەگەڵ كۆمپانیاكان هەمواربكرێنەوە، دەبێت بەڕەزامەندی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت بێت".
رۆژی 8ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە (دوبە)ی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبونەوە، داوای قەرزەكانیان لە حكومەتی هەرێم كردەوە، مەترسی خۆیان لە دەستكاریكردنی گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم‌ نیشاندا، پێشنیازی ئەوەیان كرد پشكی خۆیان لە نەوتی هەرێم بە وەزارەتی نەوتی عێراق بفرۆشن.
رۆژی 11ی مانگی رابردوو، وەفدێكی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت گەیشتە هەولێرو ماوەی دوو رۆژ لەگەڵ سەرۆك‌و سەرۆك وەزیرانی هەرێم‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گفتوگۆی كرد لەبارەی میكانیزمەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.
لە یەكێك لە كۆبونەوەكانی وەفدەكەی عێراقدا لە هەولێر، نوێنەری هەندێك لە كۆمپانیا بیانییەكانیش بانگهێشتكرابوون، بەپێی قسەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لەم سەردانەی وەزیری نەوتی عێراقدا بۆ هەولێر، چەند پێشنیازێك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت گەڵاڵەكراون‌و وەفدی عێراق گەڕاوەتەوە بۆ بەغداد بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر یەكێك لە پێشنیازەكان بدات، بەڵام لەوكاتەوە تائێستا وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ بڕیارێكی نەداوە.
لەپاڵ گفتوگۆكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، هەولێرو بەغداد لەگفتوگۆدان لەبارەی رێككەوتن لەسەر یاسای بودجە تایبەت بە پشكی هەرێم، هەندێك رێككەوتنی بەراییان كردووە ماددەكانی تایبەت بە پشكی هەرێم لەیاسای بودجە هەموار بكرێنەوە، بەڵام هیچ هەنگاوێكی كرداریی بەو ئاڕاستەیە هەڵنەگیراوە، لەلایەكی ترەوە هەردوو حكومەت لە گفتوگۆدان سەبارەت بە رێككەوتن لەسەر رەشنوسی یاسای نەوت‌و غاز، كە لەساڵی 2005ەوە لەنێوان هەرێم‌و بەغداد ناكۆكی لەسەرە، ئەم دوو تەوەرەیە (یاسای بودجە‌و یاسای نەوت‌و غاز) كاریگەرییان لەسەر دانوستانەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم هەیە. 
وەكو پێشتر رایانگەیاندووە، كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم چوار مەرجیان هەیە بۆ دەستپێكردنەوە بە بەرهەمهێنان‌و هەناردەی نەوتی هەرێم، مەرجەكان ئەمانەن: 
•    هەر زیادكردنێك دەبێت رێككەوتنی لەسەر بكرێت لەنێوان حكومەتی عێراق‌و حكومەتی هەرێم‌و كۆمپانیاكانی ئەپیكور. 
•    دەبێت گرەنتی ئەوە بكرێت پارەی هەناردەی نەوت لە رابردوو و داهاتوودا دەدرێت. 
•    دەبێت پارەی فرۆشتنی نەوتی لە داهاتوودا بەشێوەی راستەوخۆ بۆ كۆمپانیاكان حەواڵە بكرێت. 
•    دەبێت پارێزگاری بكرێت لە مەرجە بازرگانییەكانی ئێستا‌و مۆدێلی ئابوری كۆمپانیاكانی ئەندامی گروپی ئەپیكور.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand