عێراق‌و توركیا هەناردەی نەوتی هەرێم تاوتوێ دەكەن

Draw Media

2023-11-22 11:52:48



(درەو): 
دوای نزیكەی 10 رۆژ لە گەڕانەوەی وەفدی وەزارەتی نەوتی عێراق لە هەولێر، وەزیری وزەی توركیا گەیشتە بەغداد، پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان تەوەری سەرەكییە، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم پێشبینی دەكات بەر لە كۆتایی ئەمساڵ هەناردە دەستپێبكاتەوە. 
ئاڵپئەرسلان بایرەكتار وەزیری وزە‌و سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا گەیشتە بەغدادو لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق كۆبوەوە. 
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەم كۆبونەوەیەدا باسی پەیوەندی دووقۆڵی نێوان عێراق‌و توركیا كراوە لەبواری نەوت‌و وزە.
جگە لە دوو وەزیرەكە، ژمارەیەك لە بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق‌و وەزارەتی وزەی توركیا بەشدارییان لە كۆبونەوەكەدا كردووە. 
بڕیارە وەزیرەكەی توركیا لە بەغداد چاوی بە ژمارەیەكی تر لە بەرپرسانی عێراقی بكەوێت.
رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵ توركیا هەناردەی نەوتی كوردستانی بۆ بەندەری جەیهان راگرت، ئەمەش دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، بڕیارێك كە لەسەر سكاڵای عێراق، توركیا پابەند كرا بڕی نزیكەی (ملیارێك‌و 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو بە عێراق بدات، بەهۆی ئەوەی بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی عێراق، نەوتی هەرێمی كوردستانی بە بۆری عێراق- توركیا هەناردە كردووە، بەڵام وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم دەڵێ راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بەهۆی كێشەی نێوان عێراق‌و توركیاوەیە‌و پەیوەندی بە هەرێمەوە نییە.  
توركیا رۆژی 2ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم راگەیاند، بەڵام هێشتا ناكۆكییەكانی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراق لەبارەی چۆنیەتی چارەسەری قەرەبووە داراییەكەی دادگای پاریس یەكلانەكردوەتەوە.  
رۆژی 12ی ئەم مانگە وەفدی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆكایەتی وەزیری نەوت هاتە هەولێر‌و لەگەڵ سەرۆك‌و سەرۆك وەزیرانی هەرێم‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ ماوەی دوو رۆژ گفتوگۆی كرد، بەپێی قسەی مەسرور بارزانی، لەم گفتوگۆیەدا هەرێم‌و بەغداد لەسەر گەڵاڵەكردنی چەند پێشنیازێك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت رێككەوتوون‌و وەفدی حكومەتی فیدراڵ گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر یەكێك لە پێشنیازەكان بدات، بەڵام دوای نزیكەی 10 رۆژ لە گەڕانەوەی وەفدەكە بۆ بەغداد، هێشتا وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری خۆی یەكلانەكردوەتەوە. 
سەردانی وەزیری وزەی توركیا لەم كاتەدا، بۆ تاوتوێكردنی پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە. 
بەر لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، یەكێك لەو بابەتانەی كە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كاری لەسەر دەكات، دەستكاریكردنی گرێبەستی كاركردنی كۆمپانیا بیانییەكانە لە هەرێمی كوردستان‌و گۆڕینیان لە گرێبەستی (هاوبەشیكردنی بەرهەم)ەوە بۆ گرێبەستی (هاوبەشی لە قازانج)، كۆمپانیا بیانییەكان نیگەرانن لەوەی هێشتا لە ئەنجامی كۆتایی گفتوگۆی نێوان هەرێم‌و بەغداد ئاگادارنەكراون‌و هۆشداری دەدەن لە دەستكاریكردنی گرێبەستەكانیان.  
سەرباری راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم، لە یاسای سێ ساڵەی بودجەی عێراقدا كە 25ی حوزەیرانی ئەمساڵ كەوتە بواری جێبەجێكردن، هەرێم پابەند كراوە بەوەی رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات‌و داهاتەكەی بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق. 
یاسای بودجە دەرەچەیەكی تری داناوە بۆ حاڵەتی بەردەوامبوونی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەویش رادەستكردنی نەوتەكەیە بە وەزارەتی نەوتی عێراق بەمەبەستی بەكارهێنانی ناوخۆیی، بەمدواییە رۆژانە هەرێمی كوردستان 85 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی عێراق دەكات بۆ پێداویستی ناوخۆ. 
دوێنێ كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی رایگەیاند، پێشبینی دەكات تاوەكو بەر لە كۆتایی ئەمساڵ هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا دەستپێبكاتەوە. 
بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵ، ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێمی دەستپێبكاتەوە، داهاتی نەوتی هەرێم جارێكی تر ناگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم‌و داهاتەكە دەچێتە سەر ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە بانكی ناوەندیی عێراق‌و وەكو داهاتی گشتی عێراق ئەژمار دەكرێت، لەبەرامبەر ئەمەدا حكومەتی فیدراڵ پشكی هەرێم لە یاسای بودجە رەوانە دەكات، پشكێك كە لە 28ی حوزەیران‌و بەركاربوونی یاسای بودجەوە هێشتا یەكلانەبووەتەوە‌و حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ لەبارەیەوە ناكۆكن. 
دوای نزیكەی پێنج مانگ لە بەركاربوونی یاسای بودجە، بەپێی دواین لێكتێگەیشتنی نێوان هەولێرو بەغداد بڕیاردراوە یاسای بودجە هەموار بكرێتەوە بۆ چارەسەری ناكۆكییەكان، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێكی كرداریی بەو ئاڕاستەیەدا هەڵنەگیراوە.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand