" لەبارەی نەوتەوە هەولێرو بەغداد نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی"

Draw Media

2023-11-21 07:46:35




درەو:
فوئاد حسێن, وەزیری دەرەوەی عێراق, لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ پێگەی "ئەلمۆنیتۆر"ی ئەمریكی:
🔹توركیا ئامادەیە بۆ دەستپیكردنەوەی هەناردەی نەوت و مانگی داهاتووش سەردانی سەردانی ئەنكەرە دەكات, سەرەڕای ئەوەی هەولێرو بەغداد نەگەیشتوونەتە رێكەوتنی كۆتایی.
🔹ئەو ناكۆكییانەی ماونەتەوە, پەیوەستن بە هەندێك كێشەی گرێبەستە واژوكراوەكان لەگەڵ كوردستان و ئەو گرێبەستانەی كە لەگەڵ ناوچەكانی تری عێراق واژوكراون.
🔹گرێبەستی جۆراوجۆرو جیاواز هەیە, ئەوانەی پەیوەستن بە بەرهەمهێنانی نەوت و هەروەها گرێبەست لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی نەوت دەگوازنەوە لەڕێی هێڵی بۆرییەكانەوە, هەروەها گرێبەست هەیە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی نەوت دەكڕن یاخود بە فیعلی كڕیویانە.
🔹هەموو ئەمانە زۆر ئاڵۆزن, حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستیان بەڕێككەوتن هەیە لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ هەموو ئەو كۆمپانیایانەو,  چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ هەموو ئەو گرێبەستانەو ئەگەری سەرلەنوێ‌ داڕشتنەوەیان, بەڵگەنامەكانی هەردوولام خوێندووەتەوە"من ئەرێنیم".

 

هەواڵی پەیوەندیدار

دوای هەفتەیەك لە گەڕانەوەی لە كوردستان، وەزیری نەوتی فیدراڵ لە كۆبونەوەیەكدا سەرۆك وەزیرانی عێراقی لە ئەنجامی گفتوگۆكانی هەولێر ئاگادار كرد، بەڵام هێشتا بەغداد بڕیاری خۆی نەداوە لەسەر ئەو پێشنیازانەی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لە گفتوگۆكەی هەولێردا گەڵاڵە كرا.  
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی كۆبونەوەی دەوری تایبەت بە چاودێری وەزارەتی نەوت‌و پرۆژە نەوتییەكانی كرد. حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت‌و فەرمانبەرانی پێشكەوتووی وەزارەتەكەی هەروەها راوێژكارانی سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا.
لەم كۆبونەوەیەدا پرۆژەكانی كەرتی دەرهێنان‌و دابەشكردنی نەوت‌و هەناردەكرد هەروەها پرۆژەكانی غازو پاڵاوگەكان‌و رێژەی تەوابوونیان خراوەتەڕوو، ئەمە لەپاڵ خستنەڕووی دەرفەتە راگەیەندراوەكانی وەبەرهێنان لە وەزارەتی نەوت بۆ ساڵی 2023. 
نەوت رێژەی 95%ی داهاتی عێراق پێكدەهێنێت، بۆیە سودانی لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی:" حكومەت كاردەكات لەسەر پەرەپێدانی كەرتی نەوات‌و كەرتەكانی تری پیشەسازی كیمیاوی‌و پەترۆكیمیاوی‌و پەین".
لەم كۆبونەوەدا سودانی ئاگاداركرا لە ئەنجامی گفتوگۆكانی نێوان  وەزارەتی نەوت‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لەپێناو تەواوكردنی رێوشوێنەكانی تایبەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە.
رۆژی 11ی ئەم مانگە وەفدی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆكایەتی وەزیری نەوت هاتە هەولێر‌و لەگەڵ سەرۆك‌و سەرۆك وەزیرانی هەرێم‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ ماوەی دوو رۆژ گفتوگۆی كرد، بەپێی قسەی مەسرور بارزانی، لەم گفتوگۆیەدا هەرێم‌و بەغداد لەسەر گەڵاڵەكردنی چەند پێشنیازێك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت رێككەوتوون‌و وەفدی حكومەتی فیدراڵ گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر یەكێك لە پێشنیازەكان بدات، بەڵام دوای زیاتر لە هەفتەیەك وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ بڕیارێكی خۆی لەوبارەیەوە رانەگەیاندووە. 
یەكێك لەو بابەتانەی كە وەزارەتی نەوت كاری لەسەر دەكات دەستكاریكردنی گرێبەستی كاركردنی كۆمپانیا بیانییەكانە لە هەرێمی كوردستان‌و گۆڕینیان لە گرێبەستی (هاوبەشیكردنی بەرهەم)ەوە بۆ گرێبەستی (هاوبەشی لە قازانج)، كۆمپانیا بیانییەكان نیگەرانن لەوەی هێشتا لە ئەنجامی كۆتایی گفتوگۆی نێوان هەرێم‌و بەغداد ئاگادارنەكراون‌و هۆشداری دەدەن لە دەستكاریكردنی گرێبەستەكانیان.  
لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوە توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی بۆ بەندەری جەیهان راگرتووە، ئەمە بەهۆی سكاڵای عێراق لە دادگای ناوبژیوانی پاریس كە بڕی نزیكەی (ملیارێك‌و 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبووی بەسەر توركیادا سەپاندووە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand