"سەرۆكی حزب كاندید ناچاری دەستلەكاركێشانەوە بكات نادەستوریە"

Draw Media

2023-11-19 12:35:53



(درەو):
"سەرۆكی حزبەكان بۆیان نییە كاندیدی حزبەكانیان ناچار بكەن دەستلەكاركێشانەوە بنوسن" ئەمە یەكێك لە بنەماكانە كە دادگای فیدراڵی لە بڕیارەكەیدا دژی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی لەكارلادراوی په‌رله‌مانی عێراق پشتی پێبەستووە، لە كوردستان هەندێك لە حزبە سیاسییەكان ئەم شێوازەیان لەگەڵ كاندیدەكانیان پەیڕەو كردووە.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەقی ئەو بڕیارەی خۆی بڵاوكردەوە كە رۆژی 14ی ئەم مانگە دەریكرد‌و بەهۆیەوە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی لە ئەندامێتی پەرلەمان خست. 
دادگای لەسەر بنەمای سكاڵای (لەیس دلێمی) بڕیارەكەی لەدژی حەلبوسی دەركرد، لەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق بوو لە حزبی (تەقەدوم) كە حەلبوسی سەرۆكایەتی دەكات، كەوتە ناكۆكی سیاسی لەگەڵ سەرۆكی حزبەكەی، بەهۆیەوە حەلبوسی بەسودوەرگرتن لە پێگەكەی وەكو سەرۆكی پەرلەمان‌و سەرۆكی حزبی تەقەدومیش، ئیمزای لەسەر نوسراوێكی دەستلەكاركێشانەوەی پێشتری (لەیس دلێمی)ی كرد‌و لەئەندامێتی پەرلەمان دوریخستەوە. 
لەیس لە دادگای فیدراڵی سكاڵای كرد، رەتیكردەوە دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش كردبێت، دەركەوت بەر لە كاندیدكردنی، حەلبوسی ئەم پیاوەی ناچاركردووە دەستلەكاركێشانەوە بنوسێت، بۆئەوەی ئەگەر رۆژێك پابەند نەبووە بە بڕیاری حزبەكەیەوە، لە ئەندامێتی پەرلەمان لابدرێت، لەیس دلێمی ئەم كارەی بۆ حەلبوسی كردبوو لەپێناو كاندیدكردنیدا بۆ پەرلەمان. 
دادگای فیدراڵی هەم بڕیاری خۆی لەبارەی لادانی حەلبوسی لە ئەندامێتیی پەرلەمان‌و دواجاریش لە سەرۆكایەتی پەرلەمان بڵاوكردەوە، هەم ئەو بنەمایانەشی خستەڕوو كە لە بڕیارەكەیدا بۆ لادانی حەلبوسی پشتی پێبەستووە. 
"سەرۆكی هەر حزبێك كاندیدەكانی ناچار بكات بەوەی داوای دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش بكەن‌و ئەو نوسراوە لای خۆیان بپارێزن‌و هەركاتێك بیانەوێت بەكاری بهێنن، پێچەوانەی بنەماكانی دەستورو حوكمی ماددەكانی (5-6-14-16-17-20-39-50)ی دەستورە‌و لادانێكی گەورەی پرۆسەی دیموكراتیی" ئەمە یەكێك لەو بنەمایانەیە كە دادگای فیدراڵی لە بڕیارەكەیدا دژی حەلبوسی پشتی پێبەستووە. 
لە هەرێمی كوردستان لەماوەی رابردوودا چەند حاڵەتێكی پڕكردنەوەی نوسراوی دەستلەكاركێشانەوە بە كاندیدەكان لەلایەن حزبە سیاسییەكانەوە تۆماركراوە، لە دیارترین نمونەش لادانی (فەرهاد سەنگاوی) پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتیی، لەسەر بنەمای نوسراوێك كە پێشوەختەو بەر لە هەڵبژاردن بۆ دەستلەكاركێشانەوە نوسیبووی، سەرباری ئەمە لە چەند حزبێكی تر ئەم شێوازی دەستلەكاركێشانەوە پێشوەختە بە كاندیدەكان هەبووە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand