بەهۆی گومان لە ساختەكاری، دۆمینیكا پێدانی رەگەزنامەی لە هەرێمی كوردستان راگرت

Draw Media

2023-11-11 17:12:15



دەرەج میدیا- هەلا نیهاد نەسرەدین


"لەم سێ ساڵەی دواییدا کڕینی پاسپۆرتی دۆمینیکا کە دورگەیەکی بچوکەو ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە (72) هەزار کەس خواستێکی زۆری لەسەرە، هەموو ئەوانەی دەیانەوێت بە رێگەیەکی ئاسان بگەنە یەکێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەیانەوێت ئەم پاسپۆرتە بکڕن، سەرەڕای تێچووی زۆری بەدەستهێنانی پاسپۆرتی دەوڵەتاکانی کاریبی کە لانی کەم (110) هەزار دۆلارە".
دۆمینیکا، لە ساڵی (2022) پرۆگرامی پێدانی رەگەزنامەی لە رێگەی وەبەرهێنانی (CBI) لە هەرێمی کوردستان راگرت، گومانی هەبوو کە دۆکیومێنتەکانی خواستی رەگەزنامەی دۆمینیکا ساختەیە، هەروەها شێوازی "رێکلامکردنی نەشیاو" و بازرگانیکردن بە رەگەزنامەی دۆمینیکاوە لەلایەن هەندێک لە نوسینگەکانەوە هۆکارێکی تری راگرتنی پێدانی پاسپۆرتی دۆمەنیکا بوو.

کڕینی پاسپۆرتی بیانی لە عێراقدا شتێکی نوێ نییە بەڵکو دیاردەیەکی بڵاوە لە ناو خاوەن پێگەو پارەدارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، ئەم راپۆرتە هەندێک ناوی نوێی عێراقی ئاشکرا دەکات کە دۆمەنیکا بە پەناگەیەکی ئارام و سەقامگیر دەزانن، ئەمە لە کاتێکدایە عێراقییەکان لە قەیرانی یەک بە دوای یەکی ئەمنی و ئابووری و سیاسیدا ژیان دەگوزەرێنن، خاوەن سەروەتەکانی عێراق، دەوڵەتەکانی کاریبی بە پەناگەو دەرچەیەک دەزانن بۆ پارێزگاری لە ماڵ و سامانەکەیان و پاراستنی خۆیان لە لێپێچینەوەی تۆمەتی گەندەڵی.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکە بە ناونیشانی "پاسپۆرتەکانی کاریبی: کۆماری دۆمينیکا" کە پرۆژەکە تاوانە رێکخراوەکانی گەندەڵی (OCCRP) بە هاوبەشی پڕۆژەی چاودێری حکومەت (Government Accountability Project) کە رێکخراوێکی قازانج نەویستەو بارەگاکەی لە واشنتۆنە و ژمارەیەک لە سەکۆی رۆژنامەوانی زیاتر لە (20) وڵات لە ناویاندا پێگەی "دەرەج" کە پرۆژەکەی کڕینی (7700) پاسپۆرتی دۆمينیکی ئاشكرا دەکات کە خاوەنەکانیان بەبێ فیزا دەتوانن لە جیهاندا گەشت بکەن، پرۆژەکەی "دەرەج" سیاسی، بزنسمانە گومانلێکراوەکان، تاوانبار و ودەرچوو لە یاساکان لە خۆدەگرێت.


سودەکانی پاسپۆرتی دۆمينیکا:
یەکەم/ گەشتکردن بە وڵاتاندا:
هاوڵاتیانی دۆمەنیکا دەتوانن بۆ (144) وڵات بەبێ فیزا گەشت بکەن، لە ناویاندا بەریتانیا، ناوچەی شنگنی ئەوروپی، ئێرلەندا و هەندێک وڵاتی تر، هەروەها پاسپۆرتی دۆمينیکا دەتوانێت فیزای (10) ساڵی ئەمریکا بەدەستبهێنێت.
دووەم/ سیاسەتی باجی سەرنجراکێش:
بۆ وەبەرهێنەران، گرنگترین تایبەتمەندییەکانی رەگەزنامەی دۆمينیکا، سیاسەتە سەرنجڕاکێشەکانی باجە، هیچ باجێک لەسەر داهاتی بیانی، قازانجی سەرمایە، میرات، قازانجی پشک، یان دیاری دانانرێت، لێخۆشبوونی گەورە لە باج گومرگی هاوردە  لە تایبەتمەندییەکانی هەڵگرانی پاسپۆرتی دۆمينیکان.
سێهەم/ ئاسانکاری مامەڵەی خێزان بەبێ پێوستی نیشتەجێبوون:
نیشتەجێبوون پێویستناکات تا پارێزگاری لە رەگەزنامەکەت بکەیت، هەموو مامەڵەکە کەمتر لە (4) مانگی پێویستە، دەتوانرێت داواکاری رەگەزنامە بۆ خێزان و منداڵی (30) ساڵ بکرێت، هەروەها باوک و دایک و باپیر و داپیر کە تەمەنیان لە سەرو (65) ساڵەوەیە.

 

مستەفا غالب، پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندی عێراق:
لە ئەیلولی ساڵی (2020)، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق لە ژێر دروشمی "چاکسازی لە وڵاتدا" کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە پۆستە ئەمنی و داراییەکاندا کرد، لەو گۆڕانکارییانەدا مستەفا غالبی وەک پارێزگاری بانکی ناوەندی دەستنیشانکرد.
مستەفا غالب، ساڵی (2017) بۆ خۆیی و خێزان و منداڵەکانی رەگەزنامەی دۆمەنیکای بەدەستهێنابوو، بەپێی ماددەی (18)ی بڕگەی چوارەمی دەستووری عێراقی کاتێک وەک پارێزگاری بانکی ناوەندی دەستنیشانکرا، دەبوو وازی لە رەگەزنامە بیانیەکەی بهێنایە بەڵام ئەو پێشێلکاری دەستووری کرد و دەستبەرداری رەگەزنامەکەی نەبوو، ئەو تا (23) کانونی دووەمی ساڵی (2023) و لابردنی لەلایەن محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پارێزگاری بانکی ناوەندی بوو.
بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی لەلایەن لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە ئیمزا بۆ لابردنی پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆکرایەوە، هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەکە رایگەیاند، پارێزگاری بانکی ناوەندی شکستی هێناوەو توانای ئەوەی نییە رێگری بکات لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، هەرچەندە لە کاتی خۆیدا سەجاد سالم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند " کێشەکە لە خودی پارێزگاری بانکی ناوەندیدا نییە، بەڵکو کێشەی گەورە لە بە قاچاخبردنی دراو و سپیکردنەوەی پارەدایە، بەبێ راگرتنی ئەو دووانە و توندکردنەوەی چاودێری دارایی چارەسەری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بازاڕی ناوخۆیدا ناکرێت".
رەفیق ساڵحی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، "دورخستنەوەی مستەفا غالب، لە پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندی مانای ئەوە نییە لێپرسینەوەو و بەدواداچوونی یاسایی لەگەڵ نەکرێت، ئەو بەشدار بووە "لە برسیکردنی خەڵکی عێراقدا"، ئەحمەد جەبوری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی عەزم لە تویتێکدا رایگەیاند، "لەسەردەمی مستەفا غالبدا بانکی ناوەندی شاهیدی گەورەترین پرۆسەی بەقاچاخبردنی دراو و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بووە".

پاکتاوی سیاسی بەهێزترە لە دەستوور!
دەستووری عێراقی رێگا دەدات بە هاوڵاتیان کە خاوەنی دوو رەگەزنامە بن، بەڵام بە پێی ماددەی (18)ی دەستوور هەر هاوڵاتییەک پۆستێکی سیاسی یان ئەمنی وەربگرێت دەبێت دەستبەرداری رەگەزنامەی دووەمی ببێت، بەڵام مستەفا غالب، لە ساڵی (2017)وە بووەتە خاوەن رەگەزنامەی دۆمينیکاو دەستبەرداری ئەو رەگەزنامەیە نەبووە کاتێک بووەتە پارێزگاری بانکی ناوەندی، ئەمەش پێشێلکارییەکی روونی دەستوورە، بەڵام ئەم تەنها کەس نەبووە کە ئەو ماددەیەی دەستووری پێشێلکردووە، ئەو بەرپرسانە زۆربوون کە خاوەنی رەگەزنامەی دووەم بوون  و لە کاتی هەبوونی تۆمەتی گەندەڵی سودیان لەرەگەزنامەی دووەمیان وەرگرتووەو دەسەڵاتی دادوەری عێراق نەیتوانیوە بەدواداچوونی یاساییان بۆ بکات.
ئەوانەی کە خاوەنی دوو رەگەزنامەن و پۆستی باڵایان هەبووە لە عێراق: (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆکی پیشووی ئەنجومەنی وەزیران،خاوەنی رەگەزنامەی فەرەنسییە، (حەیدەر عەبادی) سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران خاوەن رەگەزنامەی بەریتانیە و چەند کەسی تریش جگە لەم دوانە، بەڵام (بەرهەم ساڵح) کاتێک بووە سەرۆک کۆماری عێراق دەستبەردای رەگەزنامە بەریتانییەکەی بوو.
حکومەتەکەی کازمی، سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەولەویەت بۆ یەکلاکەرەوە سیاسییەکانە نەک دەستوور، بەشێکی زۆر لە وەزیرەکانی کابینەکەی لە ناویشیاندا خودی کازمی دەستبەرداری رەگەزنامەی دووەمیان نەبوون کاتێک پۆستەکانیان وەرگرت کە بەپێی چاودێران رێککەوتنە سیاسییەکان لە دەستوور بەهێزتر بوو کە دەبوو بە پێی دەستوور دەسبەرداری رەگەزنامەی دووەمیان بن.
بەپێی یاسای رەگەزنامەی عێراقی ژمارە (26)ی ساڵی (2006) لە ماددەی نۆیەم بڕگەی چوارەم دەڵێت:
"بۆ هیچ عێراقییەک کە پۆستێکی سیادی یان باڵای ئەمنی هەبێت نابێت خاوەنی رەگەزنامەی دووەم بێت"
لە ماددەی دەیەم دەڵێت:
"یەکەم: هەر عێراقییەک کە بە رەگەزنامەی عێراقییەوە دەبێتە خاوەن رەگەزنامەیەکی بیانی رەگەزنامە عێراقییەکەی دەمێنێت مەگەر خۆی بە نوسراوێک دەستبەرداری رەگەزنامەی عێراقییەکەی ببێت".
"دووەم: دادگاکانی عێراق یاسای عێراقی بەسەر هەرکەسێکدا جێبەجێدەکات کە خاوەنی رەگەزنامەی عێراقی و رەگەزنامەی دەوڵەتێکی بیانییە".

کوڕەکانی  سیهاد بارزانی  (جامی، جودی، ئەدرینا و لامی)، کە (برازای مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان)ن لە ساڵی (2017) بوونە خاوەنی رەگەزنامەی دۆمينیکا،  (جودی بارزانی) بەڕێوەبەری بەشی بەدواداچوونی پڕۆژەکانی هەولێرە و ، ئەندزیارێکی تەلارسازییە، بەتێڕوانین لە پەڕە تەیبەتەکانیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا دەبینین هەموویان لە سەرەتای تەمەنیاندان، ئەمان لە هەرێمی کوردستان یان چالاکوانی سیاسین یاخود لە بواری سەربازیدان، ئەمەش پرسیارێک دەوروژێنێت کە بۆچی بەدەستهێنانی رەگەزنامەی دووەم بۆ ئەمان جێی بایەخ و گرنگە.
دیاردەی بەدەستهێنانی رەگەزنامەی دووەم لە هەرێمی کوردستان بەربڵاوە، چەندین نوسینگە لەم بوارەدا بەچالاکی کاردەکەن، بەپێی لێکۆڵینەوەی رۆژنامەنوس، (سەڵاح بابان)، نوسینگەکانی دابینکردنی رەگەزنامەی دووەم بەچەندین شێوە ئامڕازەکان بەکاردەهێنن بۆ رێکلامکردن، هەزارەها هاوڵاتی کوردی بەتایبەت تازە دەوڵەمەندەکان لە رێگەی وەبەرهێنان و کڕینی موڵک لەهەوڵی بەدەستهێنانی پاسپۆرتی دۆمەنیکا و وڵاتانی تردان، "لەم سێ ساڵەی دواییدا کڕینی پاسپۆرتی دۆمەنیکا کە دورگەیەکی بچوکەو ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە (72) هەزار کەس خواستێکی زۆری لەسەرە، هەموو ئەوانەی دەیانەوێت بە رێگەیەکی ئاسان بگەنە یەکێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەیانەوێت ئەم پاسپۆرتە بکڕن، سەرەڕای تێچووی زۆری بەدەستهێنانی پاسپۆرتی دەوڵەتاکانی کاریبی کە لانی کەم (110) هەزار دۆلارە".
دۆمەنیکا، لە ساڵی (2022) پرۆگرامی پێدانی رەگەزنامەی لە رێگەی وەبەرهێنانی (CBI) لە هەرێمی کوردستان راگرت، گومانی هەبوو کە دۆکیومێنتەکانی خواستی رەگەزنامەی دۆمينیکا ساختەیە، هەروەها شێوازی "رێکلامکردنی نەشیاو" و بازرگانیکردن بە رەگەزنامەی دۆمەنیکاوە لەلایەن هەندێک لە نوسینگەکانەوە هۆکارێکی تری راگرتنی پێدانی پاسپۆرتی دۆمينیکا بوو.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand