كوردێكی دانیشتووی غەزە رووداوەكان بۆ (درەو) دەگێڕێتەوە

Draw Media

2023-11-02 18:53:32





چاوپێكەوتنی: درەو  
 "ژمارەیەكی زۆری خێزانی كورد لە غەزە دەژین، وەك هاوڵاتیانی دیكەی غەزە لە دۆخێكی سەختداین، دۆخی ژیانمان لەسەرو هێزو توانای مرۆڤەوەیە، هیچ مرۆڤێكی سەر زەوی ناتوانێت بەرگەی ئەم نەهامەتیانە بگرێت، ئاو و كارەباو سوتەمەنیمان نییە، خۆراكمان نەماوە، تەنها لە چاخی سەرەتاییدا مرۆڤ بەم جۆرە ژیاوە، ئەمڕۆ بە منداڵەكانم وت ئیتر بە ئاوو خورما خۆتان تێر بكەن، بۆردومانی غەزە ژیانی وەستاندووە، ناتوانین لە ماڵەكانمان بێینە دەرەوە، بە تۆن موشەك بەسەرماندا دەبارێت، خەڵكی فەلەستین كوردیان خۆش دەوێت، بە برای خۆیانی دەزانن" ئەمە وتەی (ئیبراهیم كوردییە)، هاوڵاتیەكی كوردی دانیشتووی غەزەیە، زیاتر لە سەدەیەكە باوو باپیرانی لە عێراقەوە چوونەتە فەلەستین.
(درەو) پێشتر دیداری كوردێكی دانیشتووی ئیسرائیلی بڵاوكردەوە، دوای چەندین هەوڵ توانی كوردێكی دانیشتووی غەزە بدوێنێت و باس لە دۆخ و ژیانی ئێستایان بكات.
(ئیبراهیم كوردی) هاوڵاتییەكی كوردی خانەنشینی دانیشتووی غەزەیە وەك خۆی دەڵێت "زیاتر لە سەدەیەكە باوو باپیرانی لە عێراقەوە هاتوونەتە فەلەستین و ئێستا وەك هاوڵاتیەكی فەلەستینی لەگەڵ چەندین خێزانی تری كوردی لەوێ دەژین.
ئیبراهیم كوردی كە لەغەزە كارمەندی وەزارەتی وزە بووە لە فەلەستین تا ئە كاتەی خانەنشینبووە، دەڵێت" ژمارەیەكی زۆر لە خێزانی كورد لە غەزە نیشتەجێن، ئێمە كوردین بەڵام ئێستا دانیشتویی فەلەستینین، لێرە لە دایك بوین و لەگەڵ خەڵكی ئێرەدا لە رێگەی هاوسەرگیری و منداڵەوە تێكەڵبوین و زیاتر لە سەدەیەكە لەسەر ئەم خاكە دەژین"
ئیبراهیم كوردی كە لە ئێستادا لەگەڵ خانەوادەكەی (كوڕو كچ و براو كەسە نزیكەكانی) لە شوقەیەكدا كۆبوونەوەتەوەو پێكەوە دەژین دەڵێت" بەردەوام بۆمب بەسەرماندا دەبارێت، لە چاوەڕوانی مەرگداین، ئەمە قەدەرێكەو فەرمانی خوایەو تاقی دەكرێینەوە، بەڵام دڵنیاین خۆشی و سەركەوتن لە دوای هەموو ئەم تەنگانەو ناخۆشییە دێت، ئێمە لە غەزە نیشتەجێین ئامادەنین چۆڵی بكەین، لە ساڵی (1948)ەوە ئاوارە كراین جارێكی تر نامانەوێت ئاوارەببینەوەو غەزە جێناهێڵین".
(درەو) ئەو دیدارە كورتەی بە ماوەیەكی دوورودرێژ تۆماركرد، بەهۆی خراپی هێڵی ئینتەرنێت و پچڕانی بەردەوامی پەیوەندییەكە، ئەو سەبارەت بە تەلەفۆن و پەیوەندییان بە لەگەڵ دەوروبەرو كەسە نزیكەكانیان دەڵێت" بەهۆی نەبوونی كارەباوە گرفتێكی گەورە روبەڕوومان دەبێتەوە ئەویش شەحن كردنەوەی تەلەفۆنەكانمانە، بەهۆی نەبوونی كارەباوە ناچارین جێگەیەك پەیدا بكەین بە سود بینین لە وزەی خۆر توانیومانە كارەبا دابین بكەین، خەڵك بۆ شەحن كردنەوەی ئامێری تەلەفۆنەكانیان سەرەڕای ترسی زۆر لە بۆردومان و موشەك ئەو رێگە پڕ ترسە دەبڕن تا ئامێری تەلەفۆنەكانیان پڕ شەحن بێت"
 
نەبوونی ئاوی خواردنەوە یەكێكی دیكەیە لە كێشەو نەهامەتییەكان كە بۆ هاوڵاتیانی غەزە درووست وبوە (ئیبراهیم كوردی) دەڵێت" تەنانەت بۆ پەیداكردنی ئاوی خواردنەوە زەحمەت و ماندوبوونی زۆری دەوێت، چونكە بۆری ئاوی خواردنەوە نەماوە، خەڵكی پشت بە ئاوی بیرەكان دەبەستن، بەشێك لەو بیرانەش كە هەیە تەنها رێگایە بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە ئەمەش بە ئاسانی پەیدا نابێت".
بۆردوومان و شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس ژیانی لە غەزە سەختكردووە "ئیبراهیم كوردی" وتی، بۆردومانی غەزە ژیانی وەستاندووە، ناتوانین لە ماڵەكانمان بێینە دەرەوە، بە تۆن موشەك بەسەر غەزەدا دەبارێت، زۆرینەی خزم و كەس و خێزانەكان لە شوێنێكدا كۆدەبنەوە كە زیاتر پارێزراو بێت، ئێستا من لە شوقەیەكدا دەژیم لە نهۆمەكانی خوارەوەی باڵەخانەكەم، بۆیە خێزان و منداڵەكانی خۆم، ماڵی براكەم، خێزان و منداڵی كوڕەكانم و كچەكانم هەمو لەو شوقەیەدا دەژین، نە ئاو نە كارەبا نە هیچ خزمەتگوزارییەك نییە، ئەگەركەمێك دارو تەختەمان دەستبكەوێت بۆ پێداویستی خۆمان دەیسوتێنین، ئێمە لە قۆناغێكی زۆر سەختداین، بەڵام دڵنیاین لەوەی ئەمە ویستی خوایە چۆن كۆتایی پێبێت ئێمە سەردەكەوین، مادام خوامان لەگەڵە ئیتر هیچ شتێك چەندە قورس و گرانیش بێت بێهیوامان ناكات"
(درەو) سەبارەت بە هەڵوێستی خەڵكی غەزە بەرامبەر كردەوە سەربازییەكەی حەماس پرسیاری كرد كە ئایا خەڵك لە كردەوە سەربازییەكانی حەماس نیگەران نین كە بووە هۆی ئەم دۆخە سەختەی سەر هاوڵاتیانی غەزە، ئایا خەڵك نیگەران نین لە گروچەكانی غەزە (ئیبراهیم كوردی) وتی، خەڵكی غەزە خۆیان فیدای هێزەكانی بەرگری دەكەن، ئێمە زەویمان داگیركراوە، ئەوان ستەمكارن خۆ ناكرێت دابنیشین و چاوەڕێ بكەین دەبێت هەنگاو بۆ رزگاری بنێین"
(درەو) سەبارەت بە كورد و هەرێمی كوردستان پرسیاری لە ئیبراهیم كوردی كرد،  ئەو زۆر بەخێرایی و بێ ئەوەی چاوەڕوانی ئەوە بكات پرسیارەكەمان تەواو بكەین وتی، "خەڵكی فەلەستین كوردیان خۆش دەوێت، هەموو مییلەتێكی ستەملێكراو دەبێت یەكترمان خۆشبوێت، ئەوەی لە میدیاكان دەوترێت بەشێكی راست نییە، من هیچ كات جگە لە خۆشەویستییان بۆ كورد لە خەڵكی فەلەستین هیچی ترم نەبیستووە، فەلەستینییەكان كوردەكان بە برای خۆیان دەزانن، حكومەتەكان هەرچۆن بن كاریگەری لەسەر رای خەڵك دروستناكات، خەڵكی ئێرە كوردیان خۆشدەوێت.
(درەو) پرسیاری زۆری مابوو لە ئیبراهیم كوردی بكات، بەڵام خراپی و پچڕانی بەردەوامی هێڵی پەیوەندیكردن، كۆتایی بە دیدارەكە هێنا.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand