میزان موراجەعه‌ بە مەرجی ناردنی 700 ملیارەكە

Draw Media

2023-10-26 10:06:47



(درەو): 
تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ناردنی داهات‌و خەرجی سێ مانگی تری هەرێمی كوردستانی كردوە بە مەرج بۆ ناردنی (700 ملیار) دینارەكە، وەزارەتی دارایی هەرێم بەپەلە خەریكی ئامادەكردنی راپۆرتە، دەیەوێت تا یەكشەممە راپۆرتەكە تەواو بكات، بۆ ئەوەی خاتوو تەیف لە هەفتەی داهاتوودا یەكەم گوژمەی 700 ملیار دیناری دووه‌می قەرزەكەی بۆ بنێرێت. 
تەیف سامی وەزیری دارایی حكومەتی فیدراڵ لە دوا كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا رایگەیاندووە، تا حكومەتی هەرێمی كوردستان "میزان المراجعە" واتا داهات‌و خەرجی، بۆ هەر سێ مانگی (7-8-9) رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق نەكات، ئامادە نییە (700 ملیار) دیناری قەرزەكە بۆ هەرێم بنێرێت. 
رۆژی 18ی ئەم مانگە، وەفدی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی چووە بەردەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، داهات‌و  خەرجی حكومەتی هەرێمی لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ خستەڕوو. 
وەزیری دارایی عێراق داوای داهات‌و خەرجی سێ مانگی دواتر دەكات، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئێستا وەزارەتی دارایی هەرێم سەرقاڵی ئامادەكردنی میزان مراجعەی ئەو سێ مانگەی ترەو دەیەوێت تا رۆژی یەكشەممە تەواوی بكات‌و ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراقی بكات، بۆ ئەوەی لە هەفتەی داهاتوودا بەغداد دەستبكات بە ناردنی گوژمەی یەكەمی (700 ملیار) دیناری قەرزەكە. 
حكومەتی هەرێم تا رۆژی 8ی ئەم مانگە پرۆسەی دابەشكردنی موچەی مانگی تەموزی فەرمانبەرانی درێژكردەوە، ئەمڕۆ 26ی تشرینی یەكەمە هێشتا فەرمانبەران موچەی مانگی ئابیان وەرنەگرتووە، لە سنوری سلێمانی هێشتا ساڵی نوێی خوێندن دەستی پێنەكردووەو مامۆستایان بەهۆی دواكەوتنی موچەكانیانەوە بایكۆتی پرۆسەی خوێندنیان كردووە. 
بەپێی راپۆرتی وەفدی حكومەتی هەرێم، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا تێكڕای داهاتی هەرێمی كوردستان بڕەكەی (7 ترلیۆن‌و 918 ملیار) دینار بووە، ئەمە لەكاتێكدایە تێكڕای خەرجی ئەو شەش مانگە بریتی بووە لە (8 ترلیۆن‌و 395 ملیار) دینار بووە. 
رۆژی 17ی ئەیلولی ئەمساڵ، دوای سەردانێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا تا ئەوكاتەی ناكۆكی نێوان هەرێم‌و بەغداد لەبارەی یاسای بودجە یەكلادەبێتەوە، بڕی (2 ترلیۆن‌و 100 ملیار) دینار بە قەرز بۆ هەرێم بنێرێت بەمەبەستی دابینكردنی خەرجی موچەی فەرمانبەران، ئەم پارەیە بە سێ مانگ بۆ هەرێم خەرج دەكرێت‌و هەر مانگێك بڕی (700 ملیار) دینار، قەرزەكە بۆ مانگەكانی (ئەیلول‌و تشرینی یەكەم‌و تشرینی دووەم)، بەڵام حكومەتی هەرێم بەهۆی ئەوەی لە دابەشكردنی موچە دواكەوتبوو، لە وەرگرتنی یەكەم بڕە پارەدا، موچەی مانگی (تەموز)ی پێ دابەشكرد. 
ئەم (2 ترلیۆن‌و 100 ملیار) دینارەی كە بەغداد بە قەرز بۆ هەرێمی دەنێرێت، بەپێی بڕیارەكەی لە شایستە داراییەكانی هەرێم بۆ ساڵی 2023 دەبڕدرێت، ئەگەر شایستەكانی هەرێم لەم ساڵەدا بەشی پێدانەوەی قەرزەكەی نەكرد، ئەوە لە شایستەكانی 2024 دەبڕدرێت، واتا حكومەتی هەرێم بۆ وەرگرتنی ئەم قەرزە، شایستەی ساڵی دارایی داهاتووی خۆشی خستوەتە رەهنەوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand