چیمان پێویستە بۆئەوەی یەکتری لەناونەبەین؟

Draw Media

2023-10-22 11:26:39



مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)


ئەوەی ئەم جەنگەی ئیسرائیل و فەلەستینییەکان و پەیوەندیی کورد بەو وڵاتانەوە تیایدا دەژین و ئەوەیش کە پەیوەندیی دیندار و بێدین و بوون و ئامادەگیی دینە جیاوازەکان لەگەڵ یەکدا و ئەوەیش کە پەیوەندیی مەزهەب و ئایدیۆلۆژیا جیاوازەکان بەیەکەوە نیشانیئەدەن، کارەساتێکی ئینسانیی و ئەخلاقیی گەورەیە.
هەر هەموویان پێویستییەکی حەیاتیی گەورەیان بە دەسکاریکردن و سەرلەنوێ دارشتنەوە هەیە. جۆری تازەی  پێکەوەبوون و دراوسێبوون و هاوسنووربوون پێویستە، کە جەوهەرەکەی ئەوەبێت هەموومان مرۆڤین و هەموومان مافی ژیان و مافی رێزگرتن و مافی پاراستنی کەرامتمان، هەیە، بەبێ گوێدانە پاشخانی دینیی و ئەتنیی و نەتەوەیی.

ئەوەی پێویستمانە جۆرێکە لە فەلسەفەی سیاسیی گەر نەشتوانێت بمانکات بە دۆست و هاوپەیمانی یەکتری، ڕێ لەوەبگرێت ببین بە دوژمنی یەکتریی. فەلسەفەیەکی سیاسیی لەودیوی دابەشکردنی سادەی مرۆڤەکانەوە بۆ دۆست و دوژمن، کاربکات. هاوکات دیدگایەکیشمان بۆ سیاسەەت پێویستە دووری بخاتەوە لە وێناکردنی سیاسەت وەک چالاکیی فیڵ و درۆ و دزیی و جەردەییکردنی بەردەوام، وەک تینویەتییەکی بیمارانە بۆ دەسەڵات، وەک حەزێکی پاسۆلۆژی بۆ حوکمکردنی ئەوانیتر لە دیدێکی دەسەڵاتگەرانەوە، یان وەک توانای قۆرخکردنی هەمووشەوەکانی دەسەڵات و لەوێشەوە قۆرخکردنی هەموو ژیان. ئەوەی پێویستە وێناکردنی سیاسەتە وەک کردەی پێکەوەیی و هاوبەشی مرۆڤەکان بۆ رێکخستنی ژیانی گشتیی خۆیان، وەک یەکێک لە چالاکییە هەرە سەرەکیی و هەرە بنەرەتیی و هەرە بەرپرسیارەکانی مرۆڤ بۆ دروستکردنی جیهانێکی هاوبەش مرۆڤەکان تیایدا وەک بوونەوەری یەکسان و هاریکار بەیەک بژین. دیدگایەک بۆ سیاسەت لانیکەم رێگربێت لەوەی ببین بە دوژمن و بە ناحەزی، یەکتری.

لەگەڵ ئەم فەلسەفە سیاسیەدا فەلەسەفەیەکی ئەخلاقیش پێویستە  کە جیاوازيیە  دینیی و کولتوریی و ئەخلاقییەکانمان نەسڕێتەوە و نەخوازێت بەسەر هەموواندا هەمان دین و هەمان کولتور و هەمان  ئەخلاق بسەپێنێت. رێزی پلوارلبوونی بوونی مرۆڤەکان بگرێت و هەوڵی ئەوەنەدات ھەمووان بکات بە کۆپی دینیی و کولتوریی و ئەخلاقیی یەکتری. یەکجۆر بیرکردنەوە، یەکجۆر تێروانین،  یەکجۆر مۆدێلی ژیان، یەکجۆر زمانی سەپێنراو، یەکجۆر کەسایەتی، یەکجۆر وێناکردن، یەکجۆر شوناس، تا بە سەپاندنی یەکجۆر جلوبەرگ و یەکجۆر دەموچاو و یەکجۆر جوڵە و چەمانەوە و شێوازی رۆیشتن، دەگات، بەسەر هەموواندا بسەپێنێت. بە کورتییەکەی فەلسەفەیەکی ئەخلاقیمان پێویستە رێزی جیاوازیەکان بگرێت و لە بەرگریکردن لە هەقیقەتێکی موتڵەقەوە دەستپێنەکات بۆئەوەی لە هەنگاوی دواتردا بەسەر هەمووانیدا بسەپێنێت.  

لە رووی ئەخلاقییەوە پێویستمان بە دیدگا و سیستمێکی ئەخلاقیی مەدەنیانە هەیە کە لەسەر دوژمنایەتیکردنی ئەخلاقیی کەسانیتری لە خۆمان جیاواز، کارنەکات. جا ئەو کەسانە کەسانی دینیی جیاواز یان کەسانی نادینیی جیاواز بن. وەک ئێمە دەژین یان جیاواز لە ئێمە. سیستمێکی ئەخلاقییمان پێویستە بە گژ ھیچ شێوازێک لە شێوازە جیاوازەکانی مرۆڤبووندا نەچێتەوە، نەفی پێکەوەبوون و لێبوردن و قبووڵکردنی جیاوازییەکان نەکات، لەسەر ئیھانەکردن و سڕینەوە و پەکخستنی ژیانی گشتیی مرۆڤەکان بەیەکەوە کارنەکات، ژیانی هیچ کەس و گروپێکیش لەسەر جیاوازبوون لە ژیانی زۆرینە، پەلامار نەدات.

ئەوەی فەلسەفەیەکی ئەخلاقیی لەم شێوەیە ئاراستەدەکات رێزگرتنی مرۆڤ و بەرپرسیاریبوونە بەرامبەر بە «کەسانیتر»، بە تایبەتی ئەوانەیتر کە وەک ئێمە نین و لە ئێمە جیاوازن. فەلسەفەیەکی ئەخلاقیی مرۆڤ  وەک بوونەوەرێکی عەقڵانیی و سەربەخۆ و خاوەن ماف ببینێت، نەک وەک خاوەنی ئەم یان ئەو دین، یان هەبوون یان نەبوونی دین، یان هەڵگری ئەم یان ئەو کولتور. ئەم خواستە لە ئاستە مێژوویەکەیدا مانای پێکەوەبوونی مرۆڤەکان لەگەڵیەکدا لەسەر بنەمای ھاوڵاتیبوون. هاوڵایبوون وەک چەمکێکی سیاسیی دیاریکراو کە کۆمەڵگاکان لە گەشەی خۆیاندا دایدەهێنن و دەیخەنە شوێنی شێوازە تەقلیدییەکانی تری وێناکردنی مرۆڤەکان. بنەمای ئەخلاقیی وێناکردنی مرۆڤ وەک هاوڵاتیی، گریمانکردنی هەبوون «پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی»ە کە  موقەدەسی ژمارە یەکی ئەم پەیمانە، خودی ژیان خۆیەتی، ژیانێک رێزلێگیرا و دەوڵەمەندکراو بە ماف و ئازادیی و بەرپرسیاریەت.
مرۆڤ بۆئەوەی ببێت بە مرۆڤ پێویستی بە ئەوانیترە، پێویستی بە کەسانیترە ژیانیان لەگەڵدا بەشبکات، بەڵام ئەوانیتر نەک وەک پرۆژەی کردنیان بەژێردەستەی خود خۆی، یان سەپاندپنی کۆپییەک لە کۆپیەکانیی خود بەسەریاندا، نەک کردنیشیان بە کەسانێک کەمتر لە خود خۆی، بەڵکو وەک بوونەوەری سەربەخۆی خاوەن عەقڵ و خاوەن ماف و خاوەن ھەڵبژاردن و ئیرادەی سەربەخۆ. مرۆڤبوونی مرۆڤ کاتێک شێوە تەندروست و کامڵەکەی وەردەگرێت کە لە پێداویستیی بە ئەوانیترەوە دەستپێبکات، لە دابەشکردنی ژیانەوە لەگەڵ کەسانیتردا سەرچاوەبگرێت. مرۆڤبوونی مرۆڤ چەندە پێویستیی بە ئازادیی شەخسیی ھەیە، هێندەش پێویستیی بە بوون و گەشەدان بە پەیوەندییەکی ئینسانیی ھەیە لەگەڵ کەسانیتری لە خۆی نەچوودا، لەگەڵ خەڵکانێکدا بتوانێت بەیەکەوە و لەگەڵیاندا ژیانێکی ھاوبەش دوستبکەن. ئەمەش ناکۆکە بە ھەموو ئەو دید و روانین و تێگەیشتنانەی لەسەر دروستکردنی جیاوازیی نایەکسان لە نێوان مرۆڤەکاندا کاردەکات، یاخود خراپتر رق و بوغز و خراپەکاریی بەرامبەر بەیەک بەرهەمبهێنێت، کەسانیتر بە «بێکەرامەتتر» و «کەم نرختر» و «کەم مرۆڤتر» بزانێت، مرۆڤەکان لەسەر بنەمای دین و نادین بەسەر گروپ و کەمپ و ئۆردوگای دژەبەیەکدا دابەشبکات، بیانکات بە دوژمنی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دینیی و نادینیی یەکتریی، توانای پێکەوەژیانیان لێبسێنێتەوە، ئاگری شەڕ و ئاژاوەیەکی بێکۆتایی لە نێوانیاندا خۆشبکات.

بوونی مرۆڤ بە بەردەوامی بوونیەتی لەگەڵ ئەوانیتردا، بوونیەتی بە پێکەوەیی، بە دەستەجەمعی، ھەنگاوی یەکەمی هەر دیدگایەکی سیاسیی و ئەخلاقیی تەندروست بریتییە لە داننان بەم راستییە سادەیەدا. ھەنگاوی دووھەم وێناکردنی ئەم گشتە ھاوبەشەیە وەک گشتێک کە لە کەسانی ئازاد و خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت پێکهاتووە. ئینجا وێناکردنی ئازادیی وەک ژێرخانی سیاسیی و ئەخلاقیی و ئینسانیی ئەم پێکەوەبوونە دەستەجەمعییە. چونکە ببەێ ئازادیی ئەم بوونە پێکەوەییە دەتوانێت ببێت بە زیندان،بە  قەفەزێکی داخراو، بە شوێنێک کەسانێک هەرجارە و بەناوی شتێکەوە ئازادیی و سەربەخۆیی مرۆڤەکان وێرانبکەن و بەناوی شتێکەوە قەفەزی دینیی و نادینیی، قەفەزیی ئایدیۆلۆژیی جیاواز، قەفەزی ئەخلاقیی داخراویان بۆ دروستبکەن.

تەنھا دابینکردنی ئازادیی دەتوانێت ئەو دۆخە ئینسانییە دروستبکات کە تیایدا مرۆڤەکان هەم بەیەکتر یەکسان بن هەم ڕکابەری یەکتربن، هەم بەیەکەوە بن و هەم جیاواز و شەخسی و تەنهاش بن. ئەو یاسای ئەخلاقییەی لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا سەروەرە، پێداگرتنە لەسەر ئەو راستییەی کە کۆی ئەو کەسانەی بەیەکەوە دەژین ھەموویان مرۆڤن، مرۆڤی ئازاد و یەکسان. سەرجەمی جەمی جیاوازەکانی نێوانیشیان دوای ئەم داننانە بە مرڤبوونی یەکسانیان و بە ئازادییان لەگەڵ یەکتریدا، دروستدەبێت. سەرجەمی ئەو پرنسیپانەش تەنها دوای ئەم دانپیانانە، دەتوانڕەت مانادارتر و قووڵتر و دەوڵەمەندتر بکرێت.

بەبۆچوونی من، داننان بە مافی جیاوازبوون، دوای داننان بە مافی یەکسانبوون و ئازادبوونەوە دێت. تەنها دوای داننان بە ئازادیی و یەکسانبوونی یەکتریدا دەتوانرێت مانای نوێ بە ژیانی پێکەوەیی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتریدا ببەخشرێت. جیاوازیی لێرەدا، جیاوازیی نایەکسان و هەرەمیانەی نێوان میلەل و نەحەلی دینیی نییە، ئەو جیاوازییە نییە کە دیندار لە بێدین و ھەڵگری ئەم دین لە ھەڵگری ئەودین، هەژار لە دەولَەمەند، خەڵکی ئەم شوێن لەویتریان، بە گەورەتر و مافدارتر و ئینسانتر دەزانێت، داننان بە جیاوازییدا بەهیچ شێوەیەک مانای ریزکردنی ھەرەمی کەسەکان و گروپەکان نییە، بەڵکو مانای کرانەوەیەکی ئینسانییە بەرووی ئەویتری لەخود نەچوو، دستنەبردنە بۆ ھونەرەکانی ژیانی، بۆ بەها و بیروباوەر و کولتور و شوناسەکانی.

ئەوەی پەیوەندیی نێوان فەلەستینیی و ئیسرائیلیەکان، پەیوەندیی نيَوان کورد و نەتەوە سەردەستەکان، پەیوەندیی نێوان دیندارەکان و بێدینەکان، پەیوەندیی شیعە لەگەڵ سونە، پەیوەندیی گروپە سونییەکان لەگەڵ یەکدا، پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات لەو ناوچەیەدا پێویستی پێیەتی دەسکاریکردنێکی ریشەیی دیدگای سیاسیی و دیدگای ئەخلاقیی باڵادەستە لەناوچەکەدا. بەبێ ئەم دەسکاریکردنە لەناو ئەو بازانە ترسناکەی لەمرۆڤخستندا دەسوڕێینەوە، کە ئەو هەموو خوێن و کوشتنەی لەم ناوچەیدا دروستکردوە و دروستدەکات.
ئەوەی هێزە باڵادەستەکانی ناوچەکە، بە ئیسلامیی و نائیسلامییەوە، دەیانەوێت ئەنجامیبدەن سەپاندنی شوناسێکی پۆلیسییە بەسەر هەمووماندا، شوناسێک تیایدا گەشە بەو وەهم و خورافەتە ئەدرێت کە گوایە ڕوون و ئاشکرایە ئێمە کێین و چین و چۆن بژین؟  ئێساش ئەم یان ئەو بانگخوازی هاتۆتەسەر، لە پشتی میکرۆفۆنێک و کۆمەڵێک کتێبی کۆنەوە بە هەمووان دەڵێن ئێمە کێین و پێویستە لەسەرمان چۆن بژین. پێماندەڵێن کێمان دەچین بۆ بەهەشت و کێشمان بۆ جەهەنەم، کام وەلی ئەمری سیاسیی بپەرستین و کێش بە دوژمن و دۆزەخیی بزانین.
یەک شت وەک راستی رەها لەم ناوچەیەدا ئامادەبێت ئەم ڕاستییەیە: بەبێ دەسکاریکردنی ئەم دۆخە ئێمە لە جەنگەوە بۆ جەنگ و لە کارەساتەوە بۆ کارەسات دەڕۆین.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand