د. یوسف محەمەد: رێگری ياسايى و دەستوری نیە بەغداد راستەوخۆ موچە بدات

Draw Media

2023-10-03 16:03:52




درەو:

د. یوسف محەمەد سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانتاری پێشوی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند: ناردنی راستەوخۆی موچە بۆ موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە دەستورییە، هیچ رێگرییەكی یاسایی و دەستوری نیە، بۆ ئەوەی بەغداد راستەوخۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدات.
چەند رۆژێك پێش ئێستا ژمارەیەك لە مامۆستا و فەرمانبەرانی هەرێم بە یاوەریی د. غالب محەمەد و یوسرا رەجەی پەرلەمانتارانی پێشوی عێراق سەردانی چەند پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیان كرد و داوایان كرد كە راستەوخۆ حكومەتی فیدڕاڵی عێراق موچەكانیان دابین بكات، دوێنێش 2/10/2023 فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ) لە پەرلەمانی عێراق جگە لە فراكسیۆنی پارتی، واژۆیان كۆكردەوە و داوا دەكەن موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ لە بەغدادەوە بدرێت، كۆكردنەوەی واژۆی فراكسیۆنە و پەرلەمانتاران لە كاتێكدایە كە فەرمانبەران و موچەخۆرانیش هەڵمەتێكی واژۆكۆكردنەوەیان راگەیاندووە بۆ ئەوەی راستەوخۆ موچەكانیان لە رێگەی بەغدادەوە بێت.
د. یوسف محەمەد ئاماژە بەوەش دەكات، رەسمكردنی سیاسەتی دارایی (كە پرسی موچەش ئەگرێتەوە) بە پێی مادەی (١١٠/ سێیەم)ی دەستور لە سەڵاحیاتە حەسرییەكانی دەسەڵاتە ئیتیحادییەكانە، لەبەر ئەوە رێگری دەستوری نیە، ھەروەھا ھەرێم ھیچ یاسایەکی تایبەتی نییە بۆ موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێم بەڵکو ھەر یاساکانی عێراق راستەوخۆ جێبەجێ ئەکات بە یاساکانی سەردەمی رژێمی پێشوش، وەک یاسای خزمەتی شارستانی ژمارە (٢٤)ی ساڵی ١٩٦٠ی ھەموار کراو، یاسای موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠٠٨ی ھەموار کراو و ھەروەھا یاساکانی خانەنشینیش. بۆیە لەبەر ئەوەی یاساكانیش بۆ موچە وەک یەکن، ئاسانترە وەك لەوەی ئەگەر یاساكان جیاواز بوونایە. ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی ھەرێم پێشێلی ئەو یاسا فیدڕاڵییانەیان کردوە لە پێنەدانی موچەی تەواوی موچەخۆران و خانەنشینان و، وەستاندنی نایاسایی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، ئەو داواکارییە بەھێزتر ئەکات کە راستەوخۆ موچە لە لایەن حکوموتی فیدڕاڵەوە بدرێت بە موچەخۆرانی ھەرێم.
تەنانەت یاسای بودجەی گشتیی عێراق ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ لە مادەی (١٣/ ھەشتەم/ أ و ب) رێی بە حکومەتی فیدڕاڵ داوە راستەوخۆ ئەرکی پارەدارکردنی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆران لە ئەستۆ بگرێ.
بە وتەی د. یوسف محەمەد رەنگە ئێستا خەرجكردنی موچە راستەوخۆ لە رێگەی بەغدادەوە ئاسانتر بێت چونکە پێشتر کاتێک چەند ھاوڕێیەکمان لە ھاوپەیمانیی ھیوا بەتایبەت ( د. رێبوار كەریم مەحمود) و هاوڕێیانمان لە لیژنەی دارایی لە ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ پێشیاری ئەوەیان کرد کە راستەوخۆ موچە لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە بدرێ، بەشێکی کوتلە سیاسییەکان و تەنانەت حکومەتی فیدڕاڵیش ئەوەیان رەد کردەوە و دەیانوت حكومەتی هەرێم نەوت دەفرۆشێت و پێویستە لە داهاتی نەوت موچە دابین بكات، ئێستا کە فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بە رەسمی راگیراوە، ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە موچەی موچەخۆرانی ھەرێمیش ھاوشێوەی ھەمو ناوچەکانی تری عێراق دابین بكات کە ئەمەش تەنھا رێکاری ئیداری و بانکیی پێویستە. ئیتر کاتییەتی موچە لە ململانێ سیاسییەکان جیابکرێتەوە.
 
حكومەتی عێراق لە ئێستادا سەرقاڵی دابەشكردنی موچەی مانگی (10)ی موچەخۆران و خانەنشینانە، حكومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا موچەی مانگی تەمووزی بەتەواوی دابەشنەكردووە.
حكومەتی عێراق بڕیاریداوە بۆ سێ مانگ (9،10،11) بڕی (700) ملیار دینار بە سێ وەجبە بنێرێت بۆ موچەخۆرانی هەرێم، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارەی هاوپەیمانان و داهاتی ناوخۆ بە شێوەیەكی سست موچەی موچەخۆران دابەش دەكات.
لە پاڵ هەوڵی پێدانی راستەوخۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، هەوڵێكی دیكە هەیە بۆ ئەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم جیابكرێتەوە لە ناكۆكی و ململانێكانی نێوان هەولێر و بەغداد و لە یاسای بودجەدا جێگای بكرێتەوەو بەردەوام بێت.
 
 
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand