کاریگەری زیادکردنی باج و رسومات لەسەر قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستان

Draw Media

2023-08-17 18:38:14




بڵند دلێر شاوەیس

یەکێک لەو بابەتانەی کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان ھاوڵاتی و دەسەڵات و ئایندەی ھەر قەوارەیەکی سیاسی ھەیە باج و رسوماتە.
زیادکردنی باج و رسومات لەلایەن حکومەتەوە بەبێ ڕەچاوکردنی یاسا بەرکارەکان و زیادبوونی داھاتی تاک و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی بە ھاوڵاتیان نەرێنی کار دەکاتە سەر پەیوەندی نێوان دەسەڵات و ھاوڵاتی و نەمانی متمانە بە حکومەت و لاوازی ھەستی نیشتمان پەروەری و ئینتیما ، تا ئاستی ڕوخانی حکومەتەکان.
ھەر لەو بارەیەشەوە زانا و فەیلەسوفی مەزن (ابن خلدون) دەڵێت ئەگەر باج و رسومات زیادبوو دەوڵەت ڕوو لە ھەرەس ھێنان دەکات و بەرەو کۆتایی دەچێت ، (اذا كثرت الجباية اشرفت الدولة على النهاية).
یاسادانەری عێراقی بنەمای یاسایی بوونی باج و رسوماتی پەیڕەو کردووە (مبدأ قانونية الضرائب)، لە دەستوردا باج و رسومات لە پسپۆڕیەتی دەسەڵاتی یاسادانانە ، ھەروەک لە (مادە ٢٨، اولا) لە دەستوری عێراقی ھەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥ز ھاتووە : باج و رسومات نا سەپێنرێت و ھەموار ناکرێت و وەرناگیرێت و لێخۆشبوونی بۆ ناکرێت ، بەیاسا نەبێت (لاتفرض الضرائب والرسوم ولاتعدل ولاتجبى ، ولايعفى منها ، الا بقانون)، ئەمەش بۆ پاراستنی ھاوڵاتی و خەزێنەی گشتی پێەکەوە.
بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستان حکومەت باری سەرشانی ھاوڵاتی گران کردووە، جێی نیگەرانییە سەرەڕای گەندەڵی و قۆرخکاری کە لەسەرجەم کەرتەکاندا تەشەنەی سەندووە، لە ژێر ناوی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی سیستەمی باج و داھات حکومەتی ھەرێم زیادکردنی باج و رسوماتی وەک ستراتیژ وەرگرتووە بە پێچەوانەی یاسا و پێشێلکردنی ڕوونی دەستوری ھەمیشەیی عێراق بەشێوەیەک :
١- داھاتی باج لە ساڵی (٢٠١٢ بۆ ٢٠٢١) بە ڕێژەی (٦٢١%) زیادی کردووە.
٢- بە (٤١٧) ڕێگا  باج و رسومات و کرێ و سزا لە ھاوڵاتی وەردەگیرێت.  
٣- زیادکردنی بەگۆترەی باج ، بەدەر لە یاسا و پێچەوانەی دەستور بەتایبەت باجی خانوبەرە و دەرامەت (ضريبة العقار والدخل).
٤- زیادکردنی رسوماتی خزمەتگوزارییە حکومییەکان، بەتایبەت خزمەتگوزاری بەناو دیجیتاڵی (الکترونی) کە پێشێلکردنی زەقی دەستورە.
٥- زیادکردنی پارەی کارەبا و گرفتەکانی بەناو پێوەری زیرەک و پێوەری ئاو.
ئەمانە و چەندین ڕێگای نا دەستوری و نا یاسایی و نادادپەروەرانە بونەتە پرسێکی جەماوەری و ڕای گشتی لە ھەرێمی کوردستان وروژاندووە.
دابڕان لە نێوان دەسەڵاتی سیاسی و جەماوەر بە ڕوونی بەدی دەکرێت ، بۆشایی نێوان ھاوڵاتی و حکومەت ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت، ئینتیما بۆ قەوارەی ھەرێم لاواز بووە، تا ئەو ڕادەیەی ھاوڵاتی پێی وایە گەڕانەوە بۆ بەغدا چارەسەری گرفتەکانی دەکات .
بەشێکی بەرپرسیاریەتییەکە دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی ھەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری و ھەندێکجاریش بەھەند وەرنەگرتنی بڕیارەکانی دادگا .
بەردەوامبوون لە خراپ بەڕێوەبردن و حوکمڕانی نادروست بە دڵنیاییەوە لە داھاتودا دەرھاویشتەی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە کە ئێستا سەرەتاکانی دەرکەوتون، جوڵەی بازاڕی وەستاندووە کار و بازرگانی سست کردووە، بازرگان و سەرمایەداران لەترسی باج و رسوماتی نایاسایی و گۆترە خۆیان بە دوور دەگرن لە بەگەڕخستنی سەرمایە و ھەوڵی بردنە دەرەوەی سەرمایەکانیان دەدەن بۆ دەرەوەی ھەرێم و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی و وڵاتانی بیانی، ئەمە جگە لەوەی نرخی شت ومەک گران بووە و موچە نییە و کەمترین خزمەتگوزاری گشتی بەدی ناکرێت و نرخی سوتەمەنی گرانە و ھاوڵاتیان لە دۆخێکدان حکومەت بە بارگرانی دەزانن، تا ئەو ڕادەیەی بەداخەوە گەڕانەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی ھاوشێوەی کەرکوک و ناوچەکانی مادەی ١٤٠ بە ئاوات دەخوازن .

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand