%31ی كاندیدە دەرچوەكانی هەدەپە توركن و 23%ی كاندیدەكانی ئەكەپە كوردن

Draw Media

2018-06-27 10:56:47



 راپۆرتی / كاروخ عوسمان
لە هەڵبژاردنی 24ی حوزەیرانی 2018 ی پەرلەمانی توركیا لە لیستی پارتی دیموكراتی گەلاندا " هەدەپە"  لە كۆی 67 كاندیدی دەرچوو، تەنها 41 كاندیدی كوردن و 26 كاندیدی تری جگە لە كورد دەرچوون  كە 21 كاندیدیان بەرەگەز  توركن، لە لیستی ئاكەپەشدا لە كۆی 295 كاندیدی دەرچوو، 68 كاندیدی بەرەگەز  كورد لە نێو لیستەكەیدا دەرچوون. 
ئەم شێوزای تێكەڵیە لە كاندیدی پێكهاتەكان لە نێو لیستە جیاوازەكاندا خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، هەندێك ئەو كاندیدە كوردانەی ناو لیستی  ئاكەپە بە جاش و بەكرێگیرا لەقەڵەم دەدەن و لەبەرامبەریشدا دەوترێت ئەی ئەو كاندیدە توركانەی ناو لیستی  هەدەپەدا چی ناودەنرێت، هەرچۆنێك بێت هەڵبژاردنەكانی توركیا و بەرنامەی لیستەكان سنوری پێكهاتەكانی بڕیوە.


هاوپەیمانی پێشوەختی ئەكەپە و مەهەپە 
دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پێكنەهێنانی حكومەت هەڵبژاردن لە توركیا دووبارەكرایەوە و لە 1ی نۆڤەمبەری 2015 گەڕێكی تری هەڵبژاردن بەرێوەچوو كە تیایدا ئاكەپە ٣١٧ كورسی بەدەستھێنا بەرێژەی ( 57.6%) ی كورسییەكان، بەمەش توانی بەتەنھا حكومەت پێكبهێنێت چونكە بۆ پێكهێنانی حكومەتی پێویستی تەنھا بە ٢٧٦كورسی ھەبوو لە كۆی ٥٥٠ كورسی پەرلەمان، لەبەرامبەردا هەدەپە  توانی ٥٩ كورسی بەدەستبهێنێت بووە ئۆپۆزسیۆن. 
بەڵام لە هەڵبژاردنی 24 ی حوزەیرانی 2018 دا ‏ ئاكاپە ٢٩٥ كورسی لەكۆی ٦٠٠ كورسی بەدەستھێناوە بەرێژەی 49%) ی كورسییەكان،بەمەش 23 كورسی لەدەستدا لەچاو هەڵبژاردنی رابردوودا، كە دەبوو كورسییەكانی زیاد بوایە لەبەر ئەوەی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی لە 550 كورسییەوە بۆ 600 كورسی زیادكراوە، بۆیە ئێستا بەبێ هاوپەیمانی ناتوانێت حكومەت پێكبهێنێت هەربۆیە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن هاوپەیمانی  لەگەڵ مەهەپە گرێدا، ھەم بۆ لیستی پەرلەمانی و ھەمیش بۆ سەرۆكایەتی كۆمار.
 رەجەب تەیب  ئەردۆغان بۆ سەرۆكایەتی كۆمار ( ٢٦ملیۆن و ٣٢٥ ھەزار و ١٨٨) دەنگی بەدەستهێناوە، لیستی پارتەكەشی ( ٢١ملیۆن  و ٣٣٥ھەزار و ٥٨١) دەنگی بەدەستهێناوە، جیاوازی نێوانیان ( ٤ملیۆن  و ٩٨٩ھەزار و ٦٠٧ )دەنگە، كە دەگەڕێتەوە بۆ هاوپەیمانێتی لەگڵ مەهەپە ، واتا ئەگەر هاوپەیمانی نەكردایە ( ٥٠+١)ی دەنگەكان ی بۆ سەرۆكی كۆمار نەدەھێناو  دەكەوتە خولی دووەم و بەھیچ جۆرێكیش نەیدەتوانی حكومەت پێكبهێنێت، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ئەردۆغان، پێشبینی ئەو ئەنجامانەی كردبێت بۆیە لەگەڵ مەهەپە پێشوەخت هاوپەیمانێتی كرد، ھەرچەندە چاوەڕوان نەدەكرا جەماوەری مەھەپە دەنگ بەئەردۆغان بدەن، بەھۆی ئەو جیاوازییە زۆرەی لەئاستی تێڕوانیندا ھەیانە، بەڵام پێدەچێت ئەردۆغان بەڵێنی گەورەی بەو پارتە دابێت.


جیاوازی دەنگەكانی هەدەپە و دەیمرتاش 
لەبەرامبەردا سەڵاحەدین دەمیرتاش كاندیدی هەدەپە بۆ سەرۆكایەتی كۆمار، ( ٤ملیۆن و  ٢٠٥ھەزار و ٢٤٣ ) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لیستی هەدەپە, ( 5 ملیۆن و ٨٦٥ھەزار و ٩٧٧ ) دەنگی بەدەستهێناوە، جیاوازی نێوان دەنگی دەمیرتاش و هەدەپە  ( ١ ملیۆن و ٦٦٠ھەزار و ٧٣٤ )دەنگە، ئەو جیاوازیەش بۆ تێگەیشتنێكی نێوان جەهەپە و هەدەپە دەگەڕێتەوە، كە پێشتر ڕێككەوتنێكی رانەگەیەنراو هەبوو،  كە بەشێك لەدەنگی جەهەپە بدرێت بە هەدەپە، بۆئەوەی بەربەستی ١٠٪‏ تێپەڕێنێت، چونكە ئەگەر ھەدەپە ئەم بەربەستەی تێنەپەڕاندایە 95% دەنگی ھەدەپە بۆ لیستی حزبەكەی ئەردۆغان  دەچوو، لەبەرامبەردا جەهەپە ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ  هەدەپە كرد ،چونكە پێی وابوو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەچێتە خولی دووەم بۆیە لە ئەگەری خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمارداهەدەپە دەنگ بدات بە( موحەڕەم ئینجە) كاندیدی جەهەپە.
بەبەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو 1ی نۆڤەمبەری2015  ، كە 59 كورسی بەدەستهێنابوو هەدەپە ‏توانی ٦٧ كورسی بەدەستبهێنێت، كەواتە بەبەراورد بەھەڵبژاردنی  رابردوو  ٨ كورسی زیاد كردووە( ئەگەرچی بەپێی زیادبوونی كورسییەكانی پەرلەمان كە پێشتر 550 كورسی بوو زیادكرا بۆ 600 كورسی هەدەپە كورسیەكانی وەك خۆیەتی و زیادی نەكردووە) ،بەتایبەت لەسێ ناوچەی كوردنشیندا كورسی ڕابردووی ئاكەپەی بردووە، بەڵام نەئێستاو نەڕابردووش ھەدەپە لە ٦كورسی شاری ئەرزڕومی كوردیدا كورسی بەدەستنەهێناوە، ئەو كورسیە لەدەست چووەی  ئاكاپەش لەو پارێزگایە بۆ ئیی پارتی، پارتەكەی مەراڵ ئاكشینەر  ڕۆیشتووە.
لەلایەكی تر لە لەلیستی هەدەپەدا لەكۆی 67 كورسیە بەدەستهاتووەكەی ٤١ كورد دەرچوون، كە دەكاتە ٦٢٪‏، 26 كاندیدی لە پێكهاتەكانی تر دەرچوون  كە دەكاتە 38% و لە نێویشیاندا 21 كاندیدی لەرەگەزی توركن بەرێژەی 21%، بەڵام هەدەپە  لە ھەندێ ناوچەی تورك نشین (Türk Metropolü)یشدا كورسییەكانی زیادیكردووە.
لەبەرامبەردا لەلیستی دەرچووەكانی ئاكەپەدا ٦٨ كاندیدی بەڕەگەز كورد ھەیە، دەكاتە ٢٣٪‏، كەواتە ئەم لیستە تەنھا بەتوركەكانەوە پەیوەست نیە.

هەدەپە و دەنگی ناوچە كوردنشینەكان.
ھەدەپە لەوپەڕی ڕۆژھەڵاتی توركیا لە شارەكانی وان، ئاگری، ئیدر و ھەكاری، لەڕۆژئاواشی شاری شڕناخ و ماردین كە بەشاری بەرەنگاری دەوڵەت دەناسرێن كۆی كورسییەكانی بەدەستنەهێناوە.
لەمێترۆپۆلە كوردییەكان لیستی ئاكەپە بەڕێژەیەكی زۆر لە پێشەوەیە، بۆ نمونە:
-گازی ئانتاب لە كۆی ١٤كورسی هەدەپە یەك ١ كورسی  و ئاكەپە هەشت كورسیان بەدەستهێناوە.
-ئورفا، كە زێدی عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پەكەكەیەهەدەپە نیو ئەوەندە ی ئاكەپی ھێناوە واتا ٤ بەرامبەر بە ٨ لە كۆی ١٤ كورسی.
-لە شاری ئادیامان لە كۆی ٥كورسی هەدەپە یەك كورسی بەدەست نەھێناوە لەبەرامبەردا ئاكەپە چوار كورسی بەدەستھێناوە.
-لە ماڵاتیا  هەدەپە لە كۆی شەش كورسی سفرە و ئاكەپە چوار  كورسی ھێناوە.
-لەھاتای كە كورد پێی دەڵێت: (ئەسكەندەرونە) لە كۆی ١١كورسی تەنها یەك كورسی بەدەستھێناوە لەبەرامبەریشدا ئاكەپە پێنج كورسی ھێناوە، كورسیەكانی تریش ڕۆیشتوون بۆ لیستەكانی جەهەپە و مەهەپە و ئیی پارتی.
- لە شاری ئەلازیخی باكوری كوردستان كەزێدی سەڵاحەددین دەمیرتاشە،  ئەردۆغان زۆرینەی دەنگەكانی بە رێژەی 70.4%     بەدەستھێناوە و دەكاتە ٤كورسی لە كۆی ٥كورسی. كەچی دەمیرتاش دەنگەكانی لە شارەكەی خۆیدا 6.44%    ناكاتە یەك لەسەر چواری  كورسیەك.
لە شاری (ئامەد) كە بەپایتەختی باكوری كوردستان دەناسرێت لە كۆی ١٢ كورسی ، هەدەپە نۆ كورسی بەدەستهێناوە و ئاكەپەش سێ‌ كورسی.
 

ھۆكاری ئەم گرفتە چیە؟
گەلی كورد لەھەر چوارپارچەی كوردستان سۆزی بەلای ئاییندایە، جگە لە بەتورك كردن و  گۆڕانكاری دیموگرافیا لەدوای ٢٠٠٢ كۆمەڵگەی توركیا بەڕووی ئایین و پەرەسەندنی ئاستی ئابوریدا كێشكرا، كوردیش بەدەرنیە لەو پرسەدا، بەڵكو زیاتر لەگشت  نەتەوەكانی تر هۆگری بەئایین و ئابوری بووە، ڕاستە هەدەپە زەمینەی بۆ گشت چین و توێژ و ئایدیاكان لەباركردووە تاكو خۆیانی تێدا ببیننەوە، بەڵام بەئاشكرا بانگەشەی چەپ بوونی خۆی دەكات، ئەوەش لەناو بەشێكی زۆری كۆمەڵگەی كوردیدا رەتدەكرێتەوە لەو سیستمەشدا كە ھەدەپە پێی دەناسرێتەوە ئابوری دەكەوێتە دەستی دەوڵەت و باج و خەراج بەسەرشانی تاكەكانی كۆمەڵگە زیاد دەكەن، ھەرچەندە لە لیستەكەی ھەدەپەدا خەڵكی باوەڕمەند بە ئاین ھەیە، بەڵام فكری بنەڕەتی رۆڵدەگێڕێت لەناساندنی ئەجێندای حزب، بەو ھۆیەشەوە تەواوی دەنگی ناوچە كوردییەكان بەدەست ناھێنێت.
ئەگەر ھەدەپە لەھەڵبژاردنەكانی داھاتووداو بەتایبەت لەھەڵبژاردنە نێوخۆییەكان (Yerel Seçimler)  بخوازێت خۆی لەم تیۆرە  رزگاربكات و  ببێت بەھێزێكی نیشتمانی و ئامانجەكانی بەدەربن لەھێزی ئۆپۆزسیۆنی چەكداری، دەبێت گرنگی بە ئایین بدات، لەبەرئەوەی گشت نەتەوەكانی دراوسێی كورد سودمەندی فەلسەفەی ئاین بوون  پێویستە  كوردیش ئەمجارە واقعی كۆمەڵگە وەك خۆی بخوێنێتەوە و ھەوڵی سود لێوەرگرتنی بدات.
هەروەك چۆن  لە ساڵی ٢٠١٦ لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیستانبۆڵ كۆنگرەی ئایین و دیموكڕاسی بەسترا، بۆ زیاتر خوێندنەوەی واقعی كۆمەڵایەتی كەلتوری نێو كۆمەڵگەی توركیا ، كە ھەم كورد و ھەمیش توركەكان پێشوازیان لێكرد. نەدەبوو بەم حەجمە گەورەیە ئەم پرسە وەلا بنرێت...
هەدەپە دەنگی توركە كۆمۆنیستەكان و عەلەویە مەغدورەكانی ژێر دەستەڵاتی سوننەمەزھەب دەھێنێت ، بەڵام بەم ھۆیەشەوە دەنگی كورد لەدەست دەدات، ڕەنگە ئەگەر ئایین بە و قەبارە گەورەیە تەریك نەكرێت لە بەرنامەو بیركردنەوەی  هەدەپە دەنگی توركە ئایینزاو پەیڕەوكارە ئاینییەكان زیاتر بەدەست بێنێت لە توركە كۆمۆنیستەكان.
لەگەڵ ئەوەی لەم هەڵبژاردنی تەنانەت پێشتریشدا دەركەوت كە  هەدەپە بەتەنها تەعبیر لە كورد ناكات و نەتەوەیانە بیرناكەتەوە، بێشك ئەم  رێبازە لە داھاتوودا زوو یا درەنگ دەیگەیەنێتە ئەنجام و  رەنگە ئەم ئەزمونەی هەدەپە لە باكوری كوردستان ئەزمونێكی گرنگ بێت بۆ باشووری كوردستان و هێزەكانی باشووریش قۆناغێكی نوێ لە خەباتی پەرلەمانی لەسەر ئاستی عێراق بە فۆرمێكی نوێوە دەست پێبكەن، هەم كاندیدی پێكهاتەكانی دیكەیان هەبێت هەم هاوپەیمانێتی لەگەڵ هێزە عەرەبییەكانی عێراق پێكبهێنن پێش هەڵبژاردنەكان. 
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand