سوتاندنی قورئان له‌نێوان ئاسایش و ئازادیدا

Draw Media

2023-06-28 21:19:05



راپۆرت: درەو 
گەنجێكی عێراقی لەبەردەم مزگەوتی گەورەی شاری ستۆكهۆڵمدا قورئانی سوتاند، سەرۆك وەزیرانی سوید دەڵێ" كارەكەی یاسایی بوو، بەڵام گونجاو نەبوو"، بابەتەكە لەناو سویددا لەنێوان پرسی ئاسایش‌و ئازادی رادەربڕیندا گیری خواردووە. دەسەڵاتدارانی سوید ترسیان هەیە ئەم گەنجە عێراقییە هێندەی تر پرسی بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ پەكبخات، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

سوتاندنی قورئان لە جەژندا
هاوكات لەگەڵ یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا، كۆپییەك لە قورئان، لە خۆپیشاندانێكی بچوكدا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی شاری ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید، سوتێنرا. 
نزیكەی 200 كەس یەكێك لە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكەیان بینی كە لاپەڕەكانی قورئان دەدڕێنێت‌و دواتر پێڵاوەكانی پێ دەسڕێتەوە‌و پاشان لە گۆشتی بەرازی دەپێچێت‌و ئینجا دەیسوتێنێت.  
چەند كەسێك لە ئامادەبووان ناڕەزایەتییان دەربڕی، بە زمانی عەرەبی هاواریان كرد " الله أكبر"، پۆلیس پیاوێكی دەستگیركرد كە ویستی بەرد بهاوێژێت، یەكێكیش لە لایەنگرانی خۆپیشاندانەكە هاواری كرد" رێگەی پێبدەن با بیسوتێنێت".
دوای ئەوەی دادگای سوید رایگەیاند، پۆلیس بۆی نییە رێگری لەو خۆپیشاندانە بكات كە بەمدواییە داوای ئەنجامدانی كراوە، پۆلیسی سوید رێگای كردەوە بۆ بەڕێوەچوونی ئەو  خۆپیشاندانەی كە بڕیار بوو تێیدا كۆپییەك لە قورئانی بسوتێندرێت. 
پۆلیسی سوید رایگەیاند، بەگوێرەی یاساكانی ئێستای وڵات، سروشتی ئەو مەترسییانەی كە بەهۆی سوتاندنی قورئانەوە دروست دەبن، نابن بە پاساو بۆ رەتكردنەوەی پێدانی مۆڵەت بە خۆپیشاندانەكە. 
دادگای سوید لە حوكمی خۆیدا سەبارەت بەو مەترسییە ئەمنییانەی كە بەهۆی ناڕەزایەتییەكەوە دروست دەبن رایگەیاند، ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی رێگری لە مافێكی دەستوریی بكرێت بۆ سازدانی گردبوونەوە‌و خۆپیشاندانی ئازادانە. 
هاوكات لەگەڵ خۆپشاندانی ئەوانەی كە قورئانیان سوتاند، دژە خۆپیشاندانێكیش لە نزیك مزگەوتی گەورەی شاری ستۆكهۆڵم بەڕێوەچوو. 
ئەم كێشەیە پرسی داواكاری سویدی بۆ ئەندامبوونی لە پەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" توشی گرێ‌و گۆڵێكی نوێ كرد، داواكارییەك كە هێشتا توركیا وەكو ئەندامێكی رێكخراوی ناتۆ رەتیدەكاتەوە. 
كانونی دووەمی رابردوو چالاكوانێكی راستڕەوی توندڕەو لەبەردەم باڵیۆزخانەی توركیادا لە ستۆكهۆڵم، كۆپییەك لە قورئانی سوتاند، ئەم كارە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیای توڕە كرد. 

بۆچی پۆلیس قایل بوو؟
بڕیاری پۆلیسی سوید بۆ پێدانی مۆڵەت بە سازادانی ئەم خۆپیشاندانە كە تێیدا كۆپییەك لە قورئان سوتێنرا، دوای دوو هەفتە هات لە رەتكردنەوەی بڕیاری پۆلیسی سوید بۆ رێگریكردن لە سازدانی خۆپیشاندانەكە، لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی سویدەوە. 
ئەوكات پۆلیسی سوید باسی لە بوونی مەترسی ئەمنیی دەكرد، بەتایبەتیش كە سوتاندنی قورئان لەبەردەم باڵیۆزخانەی توركیا لە مانگی كانونی دووەمدا، شەپۆلێك خۆپیشاندانی بەدوای خۆیدا هێنا‌و چەند هەفتەیەك بەردەوام بوو، پاشان سەریكێشا بۆ ئەوەی بانگەواز بكرێت بۆ بایكۆتكردنی كاڵای سویدی‌و سەرباری ئەمەش هەوڵەكانی سویدی بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ پەكخست. 
ئەوكات پۆلیسی سوید رایگەیاند، خۆپیشاندانەكەی كانونی دووەم وایكردووە سوید ببێت بە "ئەولەویەتی هێرشەكان". 
بەدیاریكراوی توركیا ناڕەزایەتی نیشاندا لەوەی پۆلیسی سوید رێگری لە خۆپیشاندانەكە نەكردووە، ئەمە لەكاتێكدا بوو كە ئەنكەرە بەربەستی سەرەكی بوو لەبەردەم ئەندامبوونی سویدا لە رێكخراوی "ناتۆ"، ئەمەش بەبەهانەی ئەوەی سوید هەڵمەتی ئەمنیی لەدژی ئەو گروپە كوردییانە ئەنجام نادات كە توركیا وەكو "تیرۆریست" ناویان دەبات. 
لەدوای ئەم ناڕەزایەتییەی توركیاوە، پۆلیسی سوید دوو داواكاری بۆ سازدانی خۆپیشاندان رەتكردەوە كە بڕیاربوو تێیاندا قورئان بسوتێندردێت، یەكەمیان كەسێك داوای مۆڵەتی كردبوو، دووەمیشیان لەلایەن رێكخراوێكەوە داوای مۆڵەتی بۆ كرابوو، بۆ ئەوەی لە شوباتی ئەمساڵدا لەبەردەم هەردوو باڵیۆزخانەی توركیا‌و عێراق لە ستۆكهۆڵم ئەنجام بدرێن. 
لە ناوەڕاستی حوزەیراندا، دادگا تێهەڵچوونەوەی سوید رایگەیاند، پۆلیس لە رێگریكردن لە سازدانی ئەو دوو خۆپیشاندانەدا بە هەڵەداچووە، ئاماژەی بەوەكرد" كێشەی ئاسایش‌و سیستم" كە پۆلیس باسی لێوەكردووە "بەشێوەیەكی روون‌و ئاشكرا وابەستە نەبووە بەو رووداوە پلان بۆداڕێژكراوە یاخود شوێنەكەیەوە". 

عێراقییەك داوای خۆپیشاندانەكەی كردووە
ئەو كەسەی كە داوای مۆڵەتی بۆ سازدانی خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆ كردووە كە قورئانی تێدا سوتێنرا، هەمان ئەو كەسە بووە كە پێشتر داوای كردووەو پۆلیس داواكەی رەتكردوەتەوە، ئەمەش كەسێكی عێراقییە. 
سەلوان مۆمیكا كە تەمەنی 37 ساڵە، نوسراوێكی كردووە‌و تێیدا دەڵێ" دەمەوێت لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵمدا خۆپیشاندان بكەم، دەمەوێت لەبارەی قورئانەوە گوزارشت لە بیروبۆچوونی خۆم بكەم.. كۆپییەكی قورئان دەدڕێنم‌و دەیسوتێنم"، ئاژانسی فرانس پرێس دەقی داواكارییەكەی سەلوانی بینیوە‌و بڵاویكردوەتەوە. 
سەلوان مۆمیكا كە لەعێراقەوە هەڵاتووە بۆ سوید، مانگی نیسانی رابردوو، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی "ئەفتۆنبلادیت" دەڵێ:" ئامانجی من ئەوە نییە رێگری بكەم لەوەی سوید بچێتە ناو رێكخراوی ناتۆوە، بەر لە سازدانی خۆپیشاندانەكە بیرم لەوە كردوەتەوە كە سوید چاوەڕوانی ئەوەیە بچێتە ناو پەیمانی ناتۆوە".
ئەم كوڕە عێراقییە بە رۆژنامەكەی وتووە:" نامەوێت ئازاری ئەم وڵاتە بدەم كە پێشوازی لێكردووم‌و شكۆی منی پاراستووە". 
پۆلیسی سوید ئەمڕۆ رایگەیاند، داوای كردووە رێوشوێن بگیرێتە بەر بۆ پاراستنی سیستم لە وڵاتدا، بۆیە چەندین ئۆتۆمبیلی پۆلیسی ئەمڕۆ بینران كە لە بەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵمدا راوەستابوون. 
پێشتر پۆلیسی سوید رێگەی بە (راسمۆس پالودان) دابوو لە مانگی كانونی دووەمدا خۆپیشاندان رێكبخات، ئەم پیاوە چالاكوانێكی سویدی بەڕەگەز دانیماركییە‌و تۆمەتبار كراوە بە رەگەزپەرەستیی. 
ساڵی رابردوو پالودان بووە هۆی دروستبوونی چەندین ناڕەزایەتیی‌و كێشمەكێش لە سوید، ئەمەش دوای ئەوەی بە سەرتاسەری سویدا گەڕانی كردو بەشێوەیەكی ئاشكرا قورئانی دەسوتاند. 
سیاسەتمەدارانی سویدی رەخنەیان گرت لە سوتاندی قورئان، بەڵام هاوكاتیش بە توندی پشتیوانیان كرد لە ئازادی رادەربڕین.

"یاسایی بوو، بەڵام گونجاو نەبوو"
ئۆڵف كریسترسۆن سەرۆك وەزیران سوید ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" نازانم ئەم خۆپیشاندانە تا چەند كاریگەریی لەسەر پرۆسەی بەئەندامبوونی سوید دەبێت لە رێكخراوی ناتۆ.. ئەم خۆپیشاندانە یاسایی بوو، بەڵام گونجاو نەبوو، ئەم بابەتە لای پۆلیسە بۆ ئەوەی بڕیار بدات لەبارەی ئەو خۆپیشاندانانەوە كە تێیاندا قورئان دەسوتێندرێت".
"پێموایە ئێمە لە ساتێكدا دەژین كە دەبێت تێیدا مرۆڤ لەسەرخۆبێت‌و بیر لەوە بكاتەوە چ باشترە بۆ بەرژەوەندی سوید لە ئاستی دورمەودادا" سەرۆك وەزیرانی سوید وای وت. 

توركیا ئیدانەی كرد
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە تویتێكدا ئیدانەی سوتاندنی قورئانی كرد لە سوید‌و بە كارێكی "ناپەسەند" ناوی هێنا. 
هاكان فیدران نوسی" ئیدانەی ئەو كارە ناپەسەندە دەكەین كە دژ بە قورئانی پیرۆز كراوە لە سوید لە یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا. رێگەدان بەم كارانە لەدژی ئیسلام بەبەهانەی ئازادی رادەربڕینەوە كارێكە كە جێگای قبوڵكردن نییە، چاوپۆشیكردن لەم كارە قێزەونانە، بەواتای بەشداربوونە تێیاندا".
كۆتاییەكانی كانوونی دووەم دوای سوتاندنی كۆپییەك لە قورئان لەلایەن (راسمۆس پالودان)ەوە لەبەردەم باڵیۆزخانەی توركیا، توركیا دانوستانەكانی خۆی لەبارەی ئەندامبوون لە ناتۆ  لەگەڵ سوید راگرت.
ئەوكات تەنیا توركیا نیگەرانی دەرنەبڕی، ژمارەیەك وڵاتی عەرەبیش ئیدانەی سوتاندنی قورئانیان كرد لە سوید، لەوانە سعودیە‌و ئوردن‌و كوەیت.
ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش ئیدانەی سوتاندنی قورئانی كرد لە سوید، بە كارێكی "زیانبەخش‌و بێڕێزیكردن" ناویهێنا. 
پۆلیسی سوید ئەو پیاوە عێراقییەی كە قورئانەكەی سوتاند، تۆمەتبار كردووە بەوەی هاندانی كردووە دژی گروپێكی رەگەزیی یان نەتەوەیی، سەرباری ئەمەش بڕیاری قەدەغەكردنی ئاگركردنەوەی پێشێل كردووە كە لە ناوەڕاستی تەموزەوە لە ستۆكهۆڵم كەوتوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

دەكرا بگوازێتەوە بۆ شوێنێكی تر !
مەحمود خەلەفی ئیمامی مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵم رایگەیاند، توشی بێئومێدی بوون كاتێك گوێبستی لێدوانی پۆلیس بوون سەبارەت بە رێكخستنی خۆپیشاندانەكە لە رۆژی جەژنی قورباندا.
خەلەفی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكرد" مزگەوتەكەی پێشنیازی ئەوەی بۆ پۆلیس كردووە كە لانی كەم خۆپیشاندانەكە بگوازێتەوە بۆ شوێنێكی تر، ئەمەش كارێك بووە كە دەكرا بەپێی یاسا ئەنجام بدرایە، بەڵام بڕیاریاندا وا نەكەن". 
بەگوێرەی قسەی ئیمامی مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵم، ساڵانە لە جەژنەكاندا نزیكەی 10 هەزار نوێژخوێن روو لە مزگەوتەكە دەكەن. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand