د.نەرمین مەعروف: بودجە گرفتی دواكەوتنی موچە چارەسەر دەكات

Draw Media

2023-06-17 11:07:07



 (درەو):
"لەدوای جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراق، گرفتی دواكەوتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نامێنێت و فاكتەرێك دەبێت بۆ سەقامگیری بەهای دینار لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، ئاماژەكان بۆ دروستبوونی سەقامگیری سیاسییی دەچن لە عێراقدا و لە ئەنجامدا سەقامگیری ئابووری لێدەكەوێتەوە" ئەمە وتەی د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی داراییە لە پەرلەمانی عێراقە.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق كە پسپۆڕی دارایی و ئابوری لە لێداونێكی تایبەتدا بۆ (درەو) باس لە كاریگەرییەكانی جێبەجێكردنی یاسای بودجە دەكات لەسەر بازاڕو موچەو دۆخی ژیانی هاوڵاتیان.
سەبارەت بە كاتی جێبەجێكردنی بودجە رایگەیاند د. نەرمین مەعروف دەڵیت: دوای پەسەندكردنی بودجە لە لایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە لە رۆژنامەی وەقائعی عێراقی بڵاودەكرێتەوە و دواتر وەزارەتی دارایی رێنمایی بۆ جێبەجێكردنی دەردەكات و دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بە پێی وتەی د. نەرمین مەعروف  جێبەجێكردنی یاسای بودجە گرفتی موچەی موچەخۆرانی هەرێم چارەسەر دەكات " لەگەڵ جێبەجێكردنی بودجەدا گرفتی دواكەوتنی مووچەی موچەخۆرانی هەرێم نامێنێت، سەرەڕای مووچە پێویستە شایستە داراییەكانی تری هەرێم پاكتاو بكرێت بدرێت بە هەرێم،لە سەرەتای ساڵی 2023 تا 25 ی ئازاری ئەمساڵ دەبێت حكومەتی هەرێم (50٪) داهاتی دەروازە سنوورییەكان لەگەڵ حكومەتی ناوەندا پاكتاو بكات، لە دوای 25ی ئازار هەموو بەرپرسیارێتییەكی نەوتی هەرێم لە ئەستۆی عێراقە، واتە لەو بەروارە بە دواوە نەوتی هەرێم بفرۆشرێت یان نەفرۆشرێت بەرپرسیارێتی حكومەتی عێراقە و پێویستە پابەندییەكانی بەرامبەر هەرێم جێبەجێبكات، بڕی (400) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە ئەگەر هەناردەش نەكرێت دەبێت رادەستی حكومەتی ناوەند بكرێت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی و لە بەرامبەر ئەوەدا مووچەو شایستە داراییەكانی تری هەرێم بنێردرێت.
جێبەجێكردنی یاسای بودجەو خستنە بازاڕی پارەیەكی زۆر، سەرەڕای بوژانەوەی بازاڕ سەقامگیری لە بازاڕیش درووست دەكات، بە وتەی د. نەرمین مەعروف، ئەو لە لێدوانەكەیدا بۆ (درەو) ئەوەی خستەڕوو" بودجە هۆكاری بووژانەوەی بازاڕ دەبێت، ساڵی پار عێراق بودجەی نەبووە، یاسای ئاسایشی خۆراك سنورداربووە، هەرێمی كوردستان لە ساڵی (2014) وە یاسای بودجەی نەبووە، لە ماوەی ئەم دە ساڵەی رابردوشدا هەمیشە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد گرژی و ئاڵۆزی تێدا بووە، ئەمانەش هۆكار بوون بۆ ناسەقامگیری ئابووری، حكومەتی نوێی عێراق حكومەتێكی بنكە فراوانەو زۆربەی هێزە سیاسییەكانی عێراق و كوردستان تێیدا بەشدارن، پێش ناردنی بودجە رێككەوتنی سیاسی هەبووە، لەسەر ئەو رێككەوتنەش ئەم حكومەتە پێكهاتووە، لە بواری گەندەڵیشدا ئەم حكومەتە لە هەوڵی سنورداركردنی گەندەڵیدایە و بەگژا چوونەوەی گەندەڵی بەشێكە لە كارنامەی ئەم حكومەتە، بە یەكێك لە ئەولەویاتەكانی خۆ دەزانێت، هەموو ئەمانە ئاماژەی باشن و هۆكاری دروستبوونی سەقامگیری سیاسییە و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی سەقامگیری ئابووری، بودجە عێراق بودجەیەكی گەورەیە، گەورەترینە لە مێژووی عێراق، ساڵانە (200) ترلیۆن دینار دەخرێتە بازاڕەوە، هەلی كار دروستدەكات، چەندین پرۆژەی تێدایە كە دەرفەت بە گەشەی كەرتی تایبەت دەدات".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە خۆی پسپۆڕی بواری داراییە پێی وایە"دوای جێبەجێكردنی فاكتەرێك دەبێت بۆ سەقامگیری بەهای دینار، پاشان ئەو گوژمە پارانەی عێراق لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوتەوە دەستی دەكەوێت كە بە دۆلارەو دەبێت وەزارەتی دارایی لە رێگەی بانكی ناوەندییەوە دەیكاتەوە بە دینار كاریگەری دەبێت، هەروەها بڕی (200) ترلیۆن دیناری بودجە ئەگەر دابەشی بكەیتەوە بەسەر سێكتەرە ئابورییەكاندا، دەبێت بانكی ناوەندی مانگانە زیاتر لە (10) ترلیۆن دینار بداتە حكومەت بۆ خەرجی ئەمەش پێویستە دۆلاری بەدەستهاتوو كە لای وەزارەتی داراییە لە لایەن بانكی ناوەندییەوە بكرێتەوە بە دینار، گرنگە بازرگانەكان لە رێگەی پۆرتاڵە ئەلەكترۆنییەكانەوە كاربكەن تا دینار بچێتەوە دەستی بانكی ناوەندی، هەرچەندە بانكی ناوەندی دڵنیایی دەدات كە كێشەی نەبوونی دینار دروستنابێت، ئەگەر بانكی ناوەندی بتوانێت خواستی بازاڕ تێر بكات و سنورێك بۆ بازاڕی رەش دابنرێت بەهای دینار جێگیر دەبێت، بەڵام ئەمە بە یەك رۆژ ناكرێت و چەند مانگێكی دەوێت".

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand