چارەنوسی هەڵبژاردنی کوردستان

Draw Media

2023-06-08 20:55:46



هاوڕێ تۆفیق

کێشەکان چین؟

بەگوێرەی بریاری دادگای فیدراڵی ژمارە  (٢٣٣) لە بەرواری ٢٠٢٣/٥/٣٠ تایبەت بە رەتکردنەوەی درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی پەرلەمانی کوردستان. پەرلەمان تەمەنی یاسایی تەنها بۆ چوار ساڵەو هەموو ئەو قانون و بڕیارانەی کە لەماوەی تەواوبوونی یاسایی پەرلەماندا دەرچون هەڵوەشاوەن و پێچەوانەی دەستورن. بەوهۆیەوە بڕیاری کێشەداری درێژکردنەوەی ولایەتی ئەنجومەنی کۆمیسۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمیش هاوشێوەی قانون و بریارەکانی تر هەڵوەشاوەن.
ئاشکرایە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت سێ پێداویستی سەرەکی و بنچینەیی هەن کە پێویستە هەبن و پێیاندەوترێت کۆڵەکەی هەڵبژاردن. ئەوانیش (قانونی هەڵبژاردن، کۆمیسۆنی هەڵبژاردن، بودجەی دابینکراو لەلایەن حکومەتەوە). لە کوردستان لەو سێ پێویستیە، تەنها یەک دانەیان بەردەستە. ئەویش قانونی هەڵبژاردنی ژمارە (١) ساڵی ١٩٩٢ی هەموارکراو، باقیەکی تری، نە کۆمیسۆن رەوایی یاسایی ماوەو نەحکومەتیش هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ دابینکردنی بودجەی هەڵبژاردن و تەواوی پێداویستییە کارگێریی و دارایی و ئەمنییەکان دابینکردوە، ئەمە جگە لەو راستیەی کە خودی قانونی هەڵبژاردنی هەموارکراویش دڵخوازی گشتی هەموو لایەنەکان نیەو بەڵکو بەپێچەوانەوە سەرچاوەی دروستکردنی ناکۆکی سیاسییە.

کەواتە چۆن هەڵبژاردن لە کوردستان دەکرێت؟
یەکەم، بە ناچاری دەبێ کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراقی هەڵبژاردنی کوردستان بکات. بەڵام بۆ بێبەختی کورد، ئەنجومەنی کۆمیسیارانی عێراق، ئەویش تەمەنی یاسایی نزیکە لە تەواوبوون. ئاشکرایە بەگوێرەی قانونی ژمارە (٣١)ی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٩ بەگوێرەی مادەی (٧) بڕگەی یەکەم تەمەنی ئەنجومەنی کۆمیسیاران تەنها بۆ چوارساڵەو شایەنی درێژکردنەوە نیە.
بەو پێیەش تەمەنی یاسایی ئەندامانیان. تەنها نزیکەی حەوت مانگی یاسایی ماوە. کەواتە ئەمە کێشەیەکی ترەو دەچێتە سەر باقی کێشەکانی تر. بەگوێرەی مادەی (٣)ی قانونی کۆمیسۆن، ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە (نۆ ) ئەندام پێکهاتوە، بەگوێرەی بڕگەکانی (یەکەم و دووەم و سێیەم ) لە مادەی (٣)، پێنج لە ئەندامانیان داوەرن لە پۆلینی یەک و لەلایەن ئەنجومەنی داوەریی عێراقەوە کاندید دەکرێن. دوو ئەندامی تریان لەلەلایەن ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمەوە کاندید دەکرێن. دوو ئەندامەکەی تریشیان راوێژکاری یاسایین و لەلایەن ئەنجومەنی دەوڵەتەوە کاندید دەکرێن. لەلایەکی تر ئێستا لە عێراقدا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکرێ، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی عێراقی پێشینەی دارایی یەکەمی بۆ کۆمیسۆن دابینکردوە. کەواتە دوو کێشەی تر، جگە لە کێشەکانی کوردستان بۆ هەڵبژاردن هاتونەتە پێشەوە.
یەکەمیان، کۆمیسۆنی عێراق تەمەنی یاسایی تەواو دەبێ و پێویستە چارەسەر بکرێ، دووەمیان لە عێراق وابڕیارە مانگی یانزە هەڵبژاردنی پارێزگاکان بکەن. بۆیە هاوتەریب لەیەک کاتدا دوو هەڵبژاردن پێکەوە بۆ کۆمیسۆنی عێراق بۆیان قورسە. هەرچەندە لە رابردوو چەندینجار دوو هەڵبژاردن پێکەوە لە یەککاتدا کراون. بۆ نمونە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی هەرێم و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێکەوە لە یەک رۆژدا کراون و ئەم ئەزمونە تاقیکراوتەوە.

سیناریۆی چارەسەری پێشبینیکراو؛

١: بەگوێرەی قانونی کۆمیسۆنی عێراق بەهەمان شێوازی رابردوو (نۆ) ئەندامی تر لە ئەنجومەنی دادوەریی و ئەنجومەنی دەوڵەت کاندید بکرێن.
٢: ئەم ئەندامانەی ئێستای ئەنجومەنی کۆمیسیاران لەلایەن پەرلەمانەوە تەمەنی یاساییان بۆ درێژبکەنەوە .ئەویش لە رێگای هەمواری قانونیەوە ، بەڵام ئەم سینارۆیە لاوازترینە.
٣: بەشێوەی پشکپشکێنەی حزبیی لەسەر بنچینەی نەتەوەیی و تایفی پەرلەمانی عێراق (نۆ) ئەندامی تر دابنێ و هەمواری قانونی کۆمیسۆن بکرێ.
٤: دادگای فیدراڵی مافی دەستوریی هەیە هەندیک مادەی قانونی هەڵبژاردنی هەرێم رەتبکاتەوە .بەو پێیەی ناکۆکە لەگەڵ دادپەروەری هەڵبژاردن و دەستور.

سیناریۆی خراپ:
عێراق کێشەی سیاسی شاراوەی هەیەو کێشەی تەمەنی یاسایی کۆمیسۆنی عێراق بکەنە بەهانەو پاساو، هەتاوەکو هەڵبژاردنی پارێزگاکان نەکەن و هەڵبژاردنی کوردستانیش هەتاوەکو ساڵێکی تر دوابخرێ بەمەش پێگەی دەستوریی و قانونی هەرێم لاوازبکرێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand