گۆڕانكارییەكانی پرۆژە یاسای بودجە دەستورین؟

Draw Media

2023-06-08 11:13:14



درەو:
"پەرلەمان بۆی نیە گۆڕانكاری جەوهەری لە پرۆژە یاسای بودجەدا بكات، داڕشتنی یاسای بودجەو ووردەكاری جێبەجێكردنی، دەسەڵاتی تاقانەی حكومەتە، پاڵپشت بە مادەی 62 ی دەستور پەرلەمان تەنیا دەسەڵاتی گواستنەوەی تەرخانكراوە داراییەكانی هەیە لە بەشێكەوە بۆ بەشێكی تر،زیادكردنی ئەو بڕگانەی بارگرانی دارایی ناخەنە سەر شانی حكومەت، بۆیە تا ئێستا دادگای فیدراڵی چوارجار لە بەرژەوەندی حكومەت بڕگە زیادكراوەكانی یاسای بودجەی هەڵوەشاندووەتەوە"
لە ئێستادا پرۆژە یاسای بودجە لە ئەنجومەنی نوێنەرانەو كۆمەڵێك گۆڕانكاری لەو پرۆژەیەدا كراوە كە لەلایەن حكومەتەوە ئامادەكراوەو رەوانەی پەرلەمان كراوە، پێشوەختە حكومەت رایگەیاندووە  كە پاڵپشت بە دەستور تانە لەو بڕگانە دەدات كە ئەنجومەنی نوێنەران گۆڕانكاری تێدا كردووە.
تەیف سامی, وەزیری دارایی عێراق رۆژی (6)ی ئەم مانگە لەبەیاننامەكدا رایگەیاند: وەزارەتەكەی تانە لە یاسای بودجە دەدات, ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران گۆڕانكاری لەو بڕگانەدا كردبێت, كە حكومەت خستویەتیە ناو پڕۆژە یاساكەوە.
بەوتەی وەزیری دارایی" ئەو دەق و تەرخانكراوە داراییانەی حكومەت ئامادەیكردووە لە پرۆژە یاسای بودجەدا, بەپێی دیراسەو پێداویستی وەزارەت و پارێزگاكان بووە, رەنگدانەوەی دیدگای حكومەتە كە لە كارنامەكەیدا هاتووە, هەر گۆڕانكاریەكیش, بەربەست بۆ پرۆسەی ئەو خەرجیانە دروست دەكات كە حكومەت وێنای كردووە بۆ پڕكردنەوەی تەواوی پێداویستیەكان".
ئەو قسانەی وەزیری دارایی عێراق پاڵپشتە بە دەستوری عێراق تایبەت بە دەسەڵاتەكانی پەرلەمانی عێراق لە گۆڕانكاری لە یاسای بودجەدا.
بەگوێرەی مادەی (62)ی دەستوری عێراق:
بڕگەی یەكەم: ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی و ژمێرەی كۆتایی پێشكەشی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات بۆ پەسەندكردنی.
بڕگەی دووەم: ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت گواستنەوە لەنێوان دەروازەو بەشەكانی بودجەی گشتیدا بكات, لەگەڵ كەمكردنەوە لەكۆی بڕەكەیدا, لەكاتی پێویستیشدا دەتوانێت پێشنیاز بۆ ئەنجومەنی وەزیران بكات, بۆ زیادكردنی بڕی كۆی خەرجیەكان.
بەپێی ئەم مادە دەستورییە, ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەنها دەسەڵاتی گواستنەوەی تەرخانكراوی دارایی هەیە لەنێو بڕگەكانی بودجە, لەگەڵ كەمكردنەوەی بڕی خەرجییەكان, بەو واتایەی هەر دەستكاریكردنێك یاخود زیادكردنی دەق و بڕگەیەك كە لایەنی دارایی تیادابێت, لە پسۆِری و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی نوێنەراندا نیەو حكومەت دەتوانێت لەڕێی دادگاوە تانەی لێبدات و هەموارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران رەتبكاتەوە.
دادگای فیدراڵی عێراق لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا بەچەند بڕیارێكی جیاواز تەفسیری وردی ئەو دەقە دەستورییەی كردووەو, تەواوی دەسەڵاتە بنەڕەتیەكانی بۆ داڕشتنی یاسای بودجەو وردەكارییەكانی جێبەجێكردنی وەك دەسەڵاتە تاقانەكانی حكومەت دەستنیشانكردووە, لەو چوارچێوەیەشدا هەر بابەتێك لایەنی دارایی تیادابێت, پەرلەمانی عێراق بەبێ‌ رەزامەندی حكومەت, دەسەڵاتی نیە دەستكاری بكات.
ئەو گۆڕانكاریانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەنجامیداوە, دژی چەند بڕیارێكی پێشوتری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقە.  
لەسەردەمی كابینەكەی حەیدەر عەبادیدا، دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق كۆمەڵێك بڕگەی بۆ پڕۆژە یاسای بودجە زیادكرد, لەدوو ساڵی جیاوازدا, عەبادی تانەی لە پرۆژە یاسای بودجەداو دادگای فیدراڵی لەبەرژەوەندی حكومەت بڕیارەكەی یەكلاكردەوە.
دیاریترین ئەو بڕیاڕانەی تیایدا دادگای فیدڕاڵی  تانەكانی لە پڕۆژە یاسای بودجە لەبەرەژوەندی حكومەت یەكلاكردووەتەوە:  
1-بەگوێرەی بڕیاڕی ژمارە(25)ی ساڵی (2012)دادگای فیدڕاڵی, ئەنجومەنی نوێنەران بۆی نیە هەمواری جەوهەری لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی بكات, كە لەلایەن حكومەتەوە پێشكەش دەكرێت.
2-لەساڵی (2015)دا, دادگای فیدڕاڵی عێراق جەخیتكردووە لەوەی, پڕۆژە یاسای بودجە نابێت لەگەڵ كارنامەی حكومەتدا دژبێت كە پەرلەمان پەسەندی دەكات, ئەوەش دەستی حكومەت واڵادەكات لەوەی تانەبدات لەهەر دەستكاریەك, بەپێچەوانەی ئەو پرۆگرامەی بزانێت دایڕیشتووە.
3-بڕیاڕی ژمارەی (24)ی ساڵی (2016) دادگا فیدڕاڵی, جەختیكردووە لە نادەستوریبوونی كۆمەڵێك بڕگە لە یاسای بودجەی گشتی ساڵی (2016) ژمارە (1) بۆ ساڵی (2016), بەهۆی زیادكردنی هەندێك بڕگە بۆ یاسای بودجە, كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵیەوە رەوانەی پەرلەمان كراوە.
4-داگای فیدڕاڵی لە بڕیاری ژمارە (35)ساڵی (2021) جەختیكردووە, لە نادەستوریبوونی هەر دەقێك كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە زیادبكرێت بۆ پڕۆژە یاسای بودجە, لەو ساڵەدا بڕیاریداوە بە نادەستوریبوون و هەڵوەشاندنەوەی هەندێك لە بڕگەكانی یاسای بودجەی گشتی.

بەلەبەرچاوگرتنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی هەموو ئەو گۆڕانكاری و زیادكردنانەی كە لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا هاتووە، ئەگەر لە دادگای فیدراڵی تانەیان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵی لە ماوەی (30) رۆژدا لەدوای بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیدا دەتوانرێت تانە لە یاسای بودجە بدرێت لە دادگای فیدراڵی.
لە مادەی (22) لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵیدا هاتووە" دوای (30) لە بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیدا دەتوانرێت تانە لە یاسای بودجەی گشتی بدرێت.
بە پێی مادەی (19) لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵی ئەو كەس و لایەنانەی دەتوانن تانە بدەن بریتین لە " هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق، وەزارەتەكان، دەستە سەربەخۆكان، سەرۆك وەزیرانی هەرێم، پارێزگارەكان، ئەو لایەنانەی كە بوەزارەتەكانەوە نەبەستراونەتەوە"  ، دادگا هەڵیاندەوەشێنێتەوەو دەگەرێتەوە سەر راپۆرتی ئامادەكراوی حكومەت كە ئاراستەی پەرلەمانی كردووە.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵی لە ماوەی (30) رۆژدا لەدوای بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیدا دەتوانرێت تانە لە یاسای بودجە بدرێت لە دادگای فیدراڵی.
لە مادەی (22) لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵیدا هاتووە" دوای (30) لە بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیدا دەتوانرێت تانە لە یاسای بودجەی گشتی بدرێت.
بە پێی مادەی (19) لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵی ئەو كەس و لایەنانەی دەتوانن تانە بدەن بریتین لە " هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق، وەزارەتەكان، دەستە سەربەخۆكان، سەرۆك وەزیرانی هەرێم، پارێزگارەكان، ئەو لایەنانەی كە بوەزارەتەكانەوە نەبەستراونەتەوە" 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand