بەرپرسێكی توركیا:  هەر قەرەبوویەك بە عێراق بدرێت دەبێت هەرێم پارەكەی بدات

Draw Media

2023-03-29 09:59:15




(درەو): 
سایتی (میدڵ ئیست ئای) بەریتانیا راپۆرتێكی لەبارەی بڕیارەكەی دادگای پاریس سەبارەت بە هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە، لەم راپۆرتەدا بەرپرسێكی توركیا قسەی كردووە كە ئاگاداری رێككەوتنی ساڵی 2013ی نێوان حكومەتی هەرێم‌و توركیایە، ئەم بەرپرسە دەڵێ" بڕیاری دادگا هەرچییەك بێت هیچ بڕە پارەیەك لە گیرفانی ئەنكەرە دەرناچێت، چونكە بەپێی رێككەوتنی هەرێم‌و توركیا، دەبێت هەرێم قەرەبووەكان بداتەوە". 
سایتی (Middle east eye) بەریتانی لەراپۆرتێكدا لە ژێر ناوی "لەڕاستیدا عێراق لە دۆسیەی ناوبژیوانی نەوتی توركیادا براوە نییە" دەڵێ" كاتێك دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی رۆژی پێنجشەممە بڕیاریدا توركیا بە بازرگانیكردنی ڕاستەوخۆی نەوت لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق لە ساڵی 2013ەوە، گرێبەستی پێشێلكردووەو داوای لە ئەنقەرە كرد 1.4 ملیار دۆلار بدات، بەغدا زۆر خێرا سەركەوتنی راگەیاند".
راپۆرتەكە باسلەوە دەكات" پێدەچێت ئەنكەرە تەنها چەند سەد ملیۆن دۆلارێك بە عێراق بدات، كە دەكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رێككەوتنێكی نهێنی ئەم بڕە پارەیە بۆ توركیا قەرەبوو بكاتەوە".
"وەزارەتی نەوتی عێراق بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو دەستخۆشی لە دادگاكە كرد، بەرپرسانی عێراقیش بە خێرایی  قسەكانیان بۆ میدیا ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتییەكان گواستەوە. توركیا بەرەبەیانی رۆژی شەممە پەمپكردنی نەوتی خاوی عێراقی لەڕێگەی جەیهانەوە راگرت كە (0,5%)ی تێكڕای نەوتی هەناردەكراو لەسەر ئاستی جیهان پێدەهێنێت".
سایتە بەریتانییەكە لەزاری سەرچاوە توركی‌و رۆژئاواییەكانی نزیك لە دۆسیەكەی دادگای پاریس نوسیویەتی" بەغداد لە بازنەی گشتی حوكمی دادگا كەمدەكاتەوە‌و سەبارەت بە بۆری نێوان عێراق‌و توركیا (ITP) كە لە ساڵی 1973دا ئیمزاكراوەو نەوتی عێراق لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردە دەكات". 
سەرچاوەیەكی رۆژئاوایی بە سایتە بەریتانییەكەی وتووە" ئەوان دەتوانن بۆ ئەو شتانەی كە دەیانەوێت ئاهەنگ بگێڕن، بەڵام بەدڵنیایی پارێزەرەكانی ئەوان بەهۆی شكستهێنانیانەوە دوردەخەمەوە.. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەكەن لە پێنج پۆلدا گرێبەست پێشێلكراوە: عەمباركردن- گواستنەوە- بەكارهێنانی تایبەت-داواكاری دەستڕاگەیشتن‌و باركردن، ئەوان تەنیا لە (باركردن)دا توانیان سكاڵاكەیان ببەنەوە".
وەكو ئاڵنگارییەك یاسایی تەماشای دۆسیەی دادگاكە دەكرێت كە لەگەڵ ململانێی بازرگانی‌و سیاسەتی نیشتمانی‌و نێودەوڵەتیدا بەریەكتر دەكەون، عێراق دەڵێ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی ئەوەی نییە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەرێگەی بۆرییەكانەوە نەوت بفرۆشێت وەكو ئەوەی لە ساڵی 2013دا هەولێرو ئەنكەرە رێككەوتنیان لەسەر كردووە. 
بەغداد لە ساڵی 2014دا سكاڵایەتی یاسایی دژی توركیا بەرزكردەوە‌و داوای (33 ملیار) دۆلار قەرەبووی داهات‌و زیانەكانی لێكرد، بەپێی قسەی سەرچاوەكان مانگی رابردوو عێراق داوای (58 ملیار)  دۆلار قەرەبووی سەرجەم فرۆشی نەوت تاوەكو 2022 لە ئەنكەرە كردووە، بەڵام لە كۆتایدا دادگا تەنیا بڕی (ملیارێك‌و 400 ملیۆن) دۆلار قەرەبووی داوە بە عێراق بۆ ماوەی ساڵانی 2014 بۆ 2018. 

"هیچ لایەكیان سەركەوتوو نەبوون" 
سەرچاوەكان دەڵێن، دادگا بڕیاریداوە حكومەتی هەرێم دامەزراوەیەكی سەربە حكومەتی عێراقە، بۆیە بەگوێرەی رێككەوتنی بۆری نێوان عێراق‌و توركیا، هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی یاساییە. 
سەرچاوەیەكی خۆرئاوایی بە (Middle east eye) رایگەیاند" بۆیە توركیا هەڵە نەبووە كە بە رێنمایی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەستاوە بە گواستنەوە‌و عەمباركردنی نەوت، هەروەك داوای عێراق بۆ قەرەبووی زیانەكان بەگوێرەی بەكارهێنانی تایبەت رەتكرایەوە‌و داوای قەرەبووی تەواوەتی داهاتی نەوت‌و زیانەكانیان كرد". 
ئەو سەرچاوانە باسیان  لەوەكرد، دادگا بڕیاریداوە بەوەی توركیا تەنیا لە باركردنی تانكەرەكانی نەوتدا گرێبەستی پێشێلكردووە، كە گواستراونەتەوە بۆ بەندەری جەیهان بەگوێرەی رێنمایی حكومەتی هەرێم، چونكە هەمواری رێككەوتنی بۆری نێوان عێراق‌و توركیا لە ساڵی 2010 ئەوەی رونكردوەتەوە كە وەزارەتی نەوتی عێراق‌و دامەزراوەی "سۆمۆ" تاكە دەسەڵاتی شەرعین كە دەتوانن فەرمانی باركردنی نەوت دەربكەن. 
بەگوێرەی قسەی سایتە بەریتانییەكە، لەرێگەی ئەم پێشێلكارییەەوە، دادگا هەستاوە بە هەڵسەنگاندنی ئەوەی ئایا ئەنكەرە بۆ گواستنەوەی نەوتەكە پارەی زیاتری لە عێراق وەرگرتووە‌و بەشێوەی نایاسایی داشكاندنی لە نرخی نەوتدا بۆ كراوە؟ دادگاكە بڕیاریداوە بەوەی دەبێت حكومەتی عێراق رێژەی 50%ی زیانی داهات بەهۆی كەمی نرخی نەوتەوە لەئەستۆ بگرێت، چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەكو دەزگایەكی سەربە حكومەتی عێراق سودی لە فرۆشتنی نەوت وەرگرتووە‌و بۆ خەرجییەكانی دەوڵەت بەكاریهێناوە. 
سەرچاوەیەكی خۆرئاوایی تر بە سایتە بەریتانییەكەی رایگەیاندووە" پرسێكی تر كە بەغداد نایەوێت باسی بكات داواكارییەكانی توركیایە لەبارەی  كەمی توانای بۆرییەكە‌و پێدانەدانی گرێی گواستنەوە كە بۆ دەیان ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە.. بەهۆی ئەمانەوە دادگا بڕی نزیكەی 600 ملیۆن دۆلاری بە توركیا بەخشیوە". 
سەرچاوەكە دەڵێ" لەبەرامبەردا سكاڵاكانی توركیا قورسایی زیاتریان دەبێت، ئەمەش كاتێك كە رێژەی سودی ئەمریكی حیسابی بۆ دەكرێت‌و زیاد دەكرێت بۆ كۆی گشتی، چونكە ئەمانە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەكان كە ئەوكات رێژەكان زیاتر بوون".
"سكاڵاكانی عێراق كە تەنها بۆ ساڵانی 2014  تا 2018 دەگەڕێتەوە  هەمان زیادەی نرخیان نابێت لە رێژەی سودەكەدا، لە كۆتاییدا تەنها چەند سەد ملیۆن دۆلارێكیان دەستدەكەوێت.. ئەوە سەركەوتنێكی كونە. تەنانەت دادگاش لە بڕیارەكەیدا هاوڕایە كە هیچ كام لە لایەنەكان ناتوانرێت بە براوە ئەژماربكرێت".
سەرچاوەیەكی ئاگاداری توركیا لە رێككەوتنی ساڵی 2013ی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و توركیا بە (Middle east eye)ی وتووە" لە كۆتایدا هیچ پارەیەك  لە گیرفانی ئەنكەرە دەرناچێت، چونكە رێككەوتنەكە بڕگەیەك لەبارەی قەرەبوكردنەوە لەخۆدەگرێت‌و هەر قەرەبوویەك هەبێت دەبێت حكومەتی هەرێم بیدات". 
"بەڵام بەرپرسانی توركیا پێشبینی دەكەن لە كاتی خۆیدا رێككەوتن لەنێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان بكرێت‌و هەناردەكردنی نەوت دەستپێبكاتەوە". 
 

دەقی راپۆرتەكەی سایتی (میدڵ ئیست ئای) بەریتانیا

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand