ئەحمەد چەلەبی: بانكی هەولێر نزیكەی 8 ملیار دۆلاری ئاودیو كردووە

Draw Media

2023-02-01 08:12:32



(درەو): 
لەماوەی ساڵانی 2012 بۆ 2015 زیاتر لە (12 ملیار) دۆلار لە عێراقەوە ئاودیوی دەرەوە كراوە، لەم پارەیە بڕی نزیكەی (8 ملیار) دۆلاریان لەرێگەی (بانكی هەولێر)ەوە بووە. 
عەلی فازل ئەو رۆژنامەنوسە عێراقییەی كە لە ئەمریكا نیشتەجێیە‌و ساڵی رابردوو تۆمارە دەنگییەكەی نوری مالیكی بڵاوكردەوە، ئێستا تۆمارێكی دەنگی نوێی ئاشكراكردووە كە هی (ئەحمەد چەلەبی)ی سەرۆكی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە. 
مێژووی تۆمارەكە بۆ ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە، واتە بۆ ماوەیەكی كەم بەر لە مردنی ئەحمەد چەلەبی. 
یە‌و چەلەبی ئەم قسانەی بە ماوەیەكی كەم بەر لە مردنی كردووە‌و قسەكانی لەدانیشتنێكدا بووە لەگەڵ هەریەكە لە (عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی‌و لیوا حسێن شەمەری بەڕێوەبەری روبەڕووبونەوەی تاوانی رێكخراو لەوەزارەتی ناوخۆی عێراق.
عەلی عەلاق كە دەوترێت نزیكە لە نوری مالیكییەوە، ماوەی ساڵانی 2014 بۆ 2020 بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی بوو، هەفتەی رابردوو محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران دوای دورخستنەوەی مستەفا غالب (كە دەوترێت نزیك بووە لە سەدرییەكانەوە) بەهۆی قەیرانی نرخی دۆلارەوە، جارێكی تر عەلی عەلاقی كردەوە بە پارێزگاری بانكی ناوەندیی. 
لەم تۆمارە دەنگییەدا، چەلەبی باس لەوە دەكات چەندین ساڵە كێشە لە بابەتی مەزادی دۆلاردا هەیە، چەلەبی ناوی ئەو بانك‌و كۆمپانیایانە ئاشكرا دەكات كە كاری حەواڵەی دۆلاریان كردووە‌و لە كاری شتنەوەی پارەدا تێوەگلاون، بەپێی قسەی لەماوەی ساڵانی 2012 بۆ 2015 زیاتر لە (12 ملیار) دۆلار لە عێراقەوە ئاودیوی دەرەوە كراوە. 

ئەوەی جێگەی سەرەنجە، لەناو ئەو بانك‌و كۆمپانیایانەی كە لە كاری ئاودیوكردنی دۆلاردا تێوەگلاون، چەلەبی باس لە بانكی هەولێر دەكات‌و دەڵێ:
•    زیاتر لە 12 ملیار دۆلار ئاودیوی دەرەوەی عێراق كراوە. 
•    تەنیا بانكی هەولێر بڕی (7ملیارو 923 ملیۆن) دۆلاری ناردوەتە دەرەوە. 
•    بانكی هەولێر بڕی (ملیارێك‌و 712 ملیۆن‌و 500 هەزار) دۆلاری ناردووە بۆ كۆمپانیای (الراوی).
•    بۆ نمونە بانكی هەولێر لە رۆژی 31ی ئایاردا بڕی (52 ملیۆن) دۆلاری لەبانكی ناوەندیی كڕیوە.
هەر لەم تۆمارەدا‌و لە بەشی دووەمدا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی روبەڕووبونەوەی تاوانی رێكخراو بە بەڵگەوە باس لە تێوەگلانی میلیشیاكان دەكات لە پرۆسەی سپیكردنەوەی پارەو ئاودیوكردنی دۆلاردا. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand