ئۆپۆزسیۆنی توركیا یاداشتی لێگەیشتنی سیاسەتی هاوبەش ڕادەیەگەنن

Draw Media

2023-01-30 19:50:55



درەو:
مێزگردی شەش قۆڵی"هاوپەیمانی ئومە"ی توركیا, یاداشتی لێكگەیشتن لەبارەی"سیاسەتی هاوبەش" ئاشكرادەكات و, ڕۆژی (13)شوبات كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ڕادەگەیەنێت.  
🔹یاداشتی لێكگەیشتن سەبارەت بە سیاسەتی هاوبەش
ڕۆژی دووشەمە"هاوپەیمانی ئومە"ی توركی, یاداشتی لێكگەیشتنی لەبارەی"سیاسەتە هاوبەشەكانی" ڕاگەیاندو, تیایدا پلانی ئۆپۆزسیۆنی دوای سەركەوتن لەهەڵبژاردنەكان ڕونكردەوە.
یاریدەدەرانی سەرۆكی شەش پارتەكە, بە ئامادەبونی سەركردەكانی "هاوپەیمانی ئومە" یاداشتەكەیان خوێندەوە, یاداشتەكە (9) ناونیشانی سەرەكی و (75) ناونیشانی لاوەكی لەخۆدەگرێت, تیایدا پرسەكانی پەیوەست بەیاساو دادوەری, بەڕێوەبردنی وڵات و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و شەفافیەت و, ئابوری و داهێنان و, گۆڕانكاری بەرەو تەكنەلۆجیای ژمارەیی و, سیاسەتەكانی دەرەوەو بەرگری و ئاسایش و كۆچ خراوەتەڕوو. 
دیارترین ئەو خاڵانەكەی یاداشتی لێگەیشتن لەبارەی سیاسەتی هاوبەش لەخۆی گرتووە:
🔹ویلایەتی سەرۆك كۆمارو دەسەڵاتەكانی
- ماوەی ویلایەتی سەرۆكی بە (7) ساڵ دیاریكردووە, لەگەڵ لەكارخستنی لەپارتەكەی و نەگەڕانەوە بۆ ئەنجامدانی كاری سیاسی دوای تەواوبونی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی.
-سەندنەوەی "مافی ڤیتۆ" لەسەرۆك لەسەر یاساكان.
 -سەرۆك دەسەڵاتی ئەوەی دەبێت یاساكان بگێڕێتەوە بۆ پەرلەمان بۆ ئەنجامدانەوەی گفتوگۆكردن لەبارەیانەوە.
-هەڵوەشاندنەوەی دەركردنی مەرسوم لەڕێیەوە.
-هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی دۆخی لەناكاو لەوڵات, لەگەڵ كەمكردنەوەی ماوەكەی لەشەش مانگەوە بۆ دوومانگ.
-پێكهێنانی دوو ئەنجومەنی جیا كە ئەوانیش, ئەنجومەنی دادوەری و ئەنجومەنی داواكارانی گشتییە. 
🔹یاسای دادپەروەری و دادوەری
بەڵگەنامەكەی شەش پارتەكە دەڵێت:دەگوێزرێینەوە بۆ سیستمی پەرلەمانیی لەپێناو سیستمێكی بەهێزی لیبراڵی دیموكراسی دادپەروەر, تیایدا دەسەڵاتەكان جیاكراونەتەوە لەگەڵ دەستەیەكی یاسادانانی چالاك و دەسەڵاتێكی جێبەجێكردنی سەقامگیرو شەفاف و ملكەچی لێپرسینەوە, لەگەڵ دەسەڵاتێكی دادوەریی سەربەخۆو بێلایەن.
ئاماژەیان بەوەشكردووە, دوای سەركەوتن لەهەڵبژاردن, دەستبەجێ‌ دەستدەكەن بەگۆڕانكاری دەستوریی و یاسایی پێویست, بەوشێوەیەی هاوتەریبی سیستمێكی پەرلەمانیی بەهێزدەبێت.
🔹كەمكردنەوەی ڕێژەی پێویستی هەڵبژاردن  
-"هاوپەیمانی ئومە"بەڵێندەدات ڕێژەی پێویستی هەڵبژارددن بۆ چونە ناو پەرلەمان بۆ (3%) كەمبكاتەوەو.
- پابەندبون بەوەرگرتنی ڕێگەپێدانی پەرلەمان لەبارەی كردنەوەی دۆسییەی پەیوەست بە قەدەغەكردنی پارتەسیاسییەكان. 
🔹قەلاچۆكردنی گەندەڵی و چەسپاندنی شەفافیەت
-پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە كە سەربە پەرلەمانبێت.
- لەگەڵ گێڕانەوەی ئەو داهاتانەی كە لەڕێی گەندەڵییەوە بەدەستهاتوون و بەقاچاغ براون بۆ دەرەوەو, دامەزراندنی نوسینگەیەكی تایبەت بە گێڕانەوەیان.
- پابەندبوون بە ڕێساكانی كاری دارایی "FATF" و لابردنی توركیا لە "لیستی خۆڵەمێشی".
-كاردەكات لەسەر قەدەغەكردنی لیستی"پەناگەی باج", كە وەك ئامرازێك بۆ سپیكردنەوەی پارە بەكاردێت.
-داڕشتنی یاسای "ئەخلاقیاتی سیاسی" لەگەڵ دامەزراندنی لیژنەیەكی تایبەت بۆ ئەو بوارە لەپەرلەمان.
🔹بەڕێوەبردنی گشتی

-هەڵوەشاندنەوەی سندوقی سامانی سیادی توركیا كە لەساڵی 2016دا دامەزراوە.
- هەڵوەشاندنەوەی پۆستی "یاریدەدەرانی وەزیرەكان" و گۆڕینی بە" بریكاری وەزارەتەكان".
-هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەن و دامەزراوەكانی سەربە سەرۆكایەتی و, گواستنەوەی ئەرك و دەسەڵاتەكانی بۆ وەزارەتەكان و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان.
-جیاكردنەوەی گەنجینە لەوەزارەتی دارایی و دامەزراندنی وەزارەتێكی تایبەت بۆی.
-ئەنجامدانی هەندێك گۆڕانكاری لەوەزارەتەكان و پێكهێنانی وەزارەتی نوێ‌ لەنمونەی, وەزارەتی زانستی و داهێنان و, وەزارەتی شارستانی و, ڕوبەڕوبونەوەی كارەساتە سروشتییەكان, لەگەڵ زامنكردنی سەربەخۆیی كارگێڕی و دارایی بۆ دامەزراوە ڕێكخراوییەكان و چاودێرییەكان و پاراستنی لەدەستوەردانی جێبەجێكردن. 
🔹ئابوری و داهات و كار

-ڕزگاركردنی توركیا لە"بۆسەی داهاتی مامناوەند", بەرەوپێشبردنی توركیا بۆ پێگەیەكی بەهێز لەڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی داهاتیان بەرزە, لەڕێی ستراتیجی گەشەپێدانی بەردەوام و گشتگیر.
-كاركردن بۆ كەمكردنەوەی هەوڵئاوسان و بەرزكردنەوەی داهاتی تاك بۆ دوو هێندە لەماوەی پێنج ساڵدا.
-گێڕانەوەی هەژموونی لیرەی توركی و سەقامگیری.
-هەڵوەشاندنەوەی لیژنەی سەقامگیری دارایی, كە كاریگەری لەسەر سەربەخۆیی بانكی مەركەزی كردووە.
-كەمكردنەوەی ژمارەی ئەو فرۆكانەی سەرۆكایەتی توركیا بەكاریدەهێنێت.
🔹سیاسەتی دەرەوە
-كاركردن بۆ تەواوكردنی پرۆسەی چونە ناو یەكێتی ئەوروپا, لەچوارچێوەی گفتوگۆ و یەكسانی لەگەڵ وڵاتان و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان.
-پابەندبوون بە ڕێككەوتنە ئەوروپییەكان بۆ مافی مرۆڤ و, جێبەجێكردنی بڕیارەكانی.
-بەردەوامیدان بە بەشدارییەكانی توركیا لەناتۆ, بەوشێوەیەی هاوتەریبی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانە. 
-ڕێز لەسەربەخۆیی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێت, لەگەڵ جەختكردن لەسەروەری و یەكێتی خاكی و, دەستوەرنەدان لەكاروباری ناوخۆ و پشتیوانی نەكردنی هیچ لایەنێك.  


ڕۆژی (13)ی شوبات كاندیدی سەرۆكایەتی ڕادەیەگەنن
كەمال قلیچدار ئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری, لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاندووە:مێزگردی شەش قۆڵی ڕۆژی (13)ی شوبات كاندیدەكەی بۆ سەرۆكایەتی ڕادەگەیەنێت, ئاماژەی بەوەشكردووە: مێزگردی شەش قۆڵی كۆبونەوەكانی لە (12و13) شوبات بەمیوانداری تەمەل كارمولا ئۆغلۆ سەرۆكی پارتی (سەعادە) ئەنجامدەدات.
لەوەڵامی پرسیارێكیشدا لەبارەی ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی دیاریكردنی دوو كاندید, قلیچدار ئۆغلۆ ڕایگەیاند: تاوتوێی ئەوە دەكەن, بەڵام چەندین جار جەختیان كردووەتەوە لەسەر "كاندیدێكی هاوبەش".
سەبارەت بەو ڕەخانەشی لێیان دەگیرێت لەبارەی ڕانەگەیاندنی كاندیدەكەیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار, وتویەتی: ئەوان بەوریاییەوە هەنگاو دەنێن و بەئیرادەیەكی هاوبەش حوكمی وڵات دەكەن. 
ناكۆكی لەبارەی كاندیدی " گەلی كۆماری"و"باش"
نوسەر (كبورا بار) لەڕاپۆرتێكدا لەڕۆژنامەی "خەبەر تورك" نوسیویەتی: پارتەكانی مێزگردی شەش قۆڵی تائێستا لەسەر كاندیدێك ڕێكنەكەوتوون, ئاماژەی بەوەشكردووە: لەكاتێكدا میدیاكانی نزیك لە"پارتی گەلی كۆماری" باس لەكاندیدكردنی قڵیچدار ئۆغلۆ دەكەن,"پارتی باش" جەخت دەكات كە تاێستا سازان نەكراوەو, فەرمانگەكانی ناو "پارتی باش" بەڕاشكاوی باسی ئەوەیان كردووە كە قڵیچدار ئۆغلۆ بەرامبەر بە ئەردۆغان جێی مەترسییە, بۆیە نایانەوێت كاندیدی بكەن.

سەرچاوە: عربی 21

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand