لە پێناوی قافیەدا

2022-09-18 15:02:35



دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)

زۆڵن … زۆر زۆڵ  
دڵیان کردین بە کەلاوە 
ئەقڵیشمان بە تەنەکەی خۆڵ 
**
ئەزانم بانگم نەکردوی 
بەڵام تۆ ئاوڕ بەرەوە  
نیوتن کە سەرخۆش ئەبێ  
سەرەولێژیەکانی ئەخلاق 
ئەتگەیەنن بە سەرەوە  
**  
ماچ دەستکەوتی ئازاکانە 
ترسنۆک هەر شيعر دەڵێ 
دیموکراسی 
کاتێک لای تانجی  پەسەندە  
کەروێشکەکان 
دەنگی بۆ بدەن بە بەڵێ 
** 
وڵات خۆی زبڵخانە بێ 
زۆر زەحمەتە 
بزانین کە چۆن بیڕێژین 
سەیوان کە مرد 
پێم بڵێ لە کوێ بینێژین؟ 
** 
بیانومان زۆرە بۆ مردن 
لە باکور ناوت ڕزگار بێ 
لە ڕۆژاڤا 
داڵی ئاسمان 
درۆنێکی بەیرەقدار بێ  
لە باشوور خوا وەکیلی یە 
لە ڕۆژهەڵات 
دوو سێ تاڵی زوڵفت دیار بێ

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand