مافی ھەڵەکردن

Draw Media

2022-07-24 08:08:45



مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

لە دونیای ئێمەدا پێداویستییەکی گەورە بە گۆڕانکاریی گەورە و ھەمەلایەنی زیاد لە بوارێکی ژیانی کۆمەڵایەتیی ھەیە. یەکێک لەو بوارانە بواری پەروەردەیە. مەسەلەى سەرەکیی ئەم بوارە ئەوە نییە ئایا چ میتۆدێکی پەروەردەیی بەکاربھێنین، پەروەردەی سویدی یان ئەڵمانی یان تورکیی یان ئێرانی، یان سعودیی یان ھەر شوێنێکی دیکە؟ بەڵکو ئەوەیە دەمانەێت چ جۆرە مرۆڤێک لەو کۆمەڵگایەدا دروستببێت. ئەو منداڵ و گەنجانەی لەناو سیستمی پەروەردەدا گەورەدەبن، ببن بە چ جۆرە مرۆڤێک و خاوەنی چ جۆرە توانا و ئەگەرێکی ئینسانیبن؟. بە بۆچوونی من سێ مەسەلە زۆر گرنگ و بنەڕەتین بکرێت لێرەدا گرنگیان پێبدەین. یەکەمیان پێداویستییە بە پەروەردەیەک مرۆڤێک دروستبکات بتوانێت بیربکاتەوە. بتوانێت بیر لە خۆی و لەو کۆمەڵگایە بکاتەوە کە تیایدا دەژیی، کێشە سەرەکیی و تەحەدا بنەڕەتییەکانی بناسێت. خۆی ببینێت وەک کەسێکی خاوەن توانای بیرکردنەوە و پێشنیار و ڕەخنەکردن، چ ڕەخنەکردنی خۆی و چ ڕەخنەکردنی ئەو ژینگەیەی تیایدادەژیی. ھەموو ئەمانەش بە مەبەستی دروستکردنی تاکەکەسێک بتوانێت ھەم مێشکی خۆی بە شێوەیەکی داھێنەرانە بەکاربھێنێت و ھەم بتوانێت سەربەخۆ و ئۆتۆنۆمانە، بیربکاتەوە. دووھەم خاڵ کە گرنگییەکی لە ڕادەبەدەری ھەیە ئەوەیە خوێندکار لەناو ئەم سیستمەدا پێویستە ئەو ھەستەی ھەبێت کە دەتوانێت دوای تەواوکردنی خوێندن بوونەوەرێکی سودبەخشی لێدروستدەبێت. واتە سیستمەکە وەک ھەوڵدانێک  بۆ دروستکردنی ئایندەیەکی باشتر ھەم بۆ خۆیان و ھەم بۆ کۆمەڵگاکەی ببینێت. 
خاڵی سێھەم کە گرنگییەکی لەڕادەبەدری ھەیە ئەوەیە، وەک  کۆندۆرسە لە سەردەمی شۆڕشی فەرەنسیدا دەڵێت، سیستمێکی پەروەردە دروستبکرێت بتوانێت ھاوڵاتییەک دروستبکات کە حوکمڕانیکردنی ئاسان نەبێت. ھاوڵاتییەکی ڕەخنەییبێت و مەسەلەی حوکمڕانیکردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، بکات بە مەسەلەیەکی زەحمەت و چەندان مەرجی جیاواز دابنێت بۆ ئەوەی وەک ھاوڵاتییەک لانیکەمی گوێڕایەڵی تێدابێت بەرامبەر بەو بڕیار و سیاسەتانەی جێبەجێدەکرێن. دروستکردنی ئەم جۆرە ھاوڵاتییەش تەواو ناکۆکە بە دروستکردنی ئەو جۆرە لە ھەواداری گوێڕایەڵ و سەرلەقێن، کە حوکمڕانان تەنھا بۆ بەڵێ گوتن و چەپڵەلێدان پێویستیان پێیانبێت. کەی ھاوڵاتییەک فێرکرا سەربەخۆ و ڕەخنەگرانە بیربکاتەوە، ئەودەم ناتوانێت و ناشیەوێت سەرلەقێن و چەپڵەکێدەر بێت. نایەوێت کەسایەتیی کورتبکرێتەوە بۆ بوونەوەرێکی بێماف و بێڕا و بێبچوون.

بێگومان گرێدانی ئەم شتانە بەیەکەوە بەبێ ئامادەگیی فیکری ڕەخنەیی خۆی، کارێکی مەحاڵە. لەمەشدا ئەوەی پێویستە گەڕانەوەیە  بۆ ئەدەبیات و فیکری ئینسانگەرایی، ھیومانیزم، و ئەو کەلەپورە ڕەخنەییەی لەم دیدگایەوە سەرچاوەدەگرێت. ئیشی پەروەردە لەم ئاستەدا ئەوەیە ھاریکایی مرۆڤ بکات مانایەک بە ژیانی خۆی و بە ژیانی ئەو کۆمەڵگایە ببەخشێت کە لە چوارچێوەیدا دەژیی. مانایەک خۆی توانای بەرھەمھێنان و بەرگریلێکردنی ھەبێت، نەک بەسەریدا بسەپێنرێت. ھاوکات ئیرادەی ژیانێکی پێکەوەیی لەناو کەسەکاندا دروستبکات، ژیانێکی ھێمن کە وەک چوارچێوەیەک بۆ بوون بە ھاوڵاتییەکی خاوەن مافو یەکسان، کاربکات. ئیشی ئەم جۆرە لە پەروەردە لە ئاستە کولتورییەکەدا ئەوەیە، ڕۆشنبیریی مافەکانی مرۆڤ، ڕۆشنبیریی ئازادیی و ڕۆشنبیریی ھاوڵاتیبوون لەناو منداڵاندا بچێنێت و لەم ڕێگایەوە بیانکات بە بوونەوەرێک بتوانن لەم سەردەمە ئاڵۆزە پڕ لە جیاوازییەدا بژین. 

بەڵام ئەوەی لای ئێمە ڕووئەدات، وردتر بدوێم ئەوەی لای ئێمە باڵادەستە، ڕوانینێکە بۆ پەروەردە کە دەیەوێت کەسانێک دروستبکات بە ئاسانی حوکمبکرێن، توانا ڕەخنەییەکانی ناویان سڕابێتەوە، یان سڕ و لاوازکرابێت. یاخود کرابن بە کەسانی بەرخۆری بێپرسیار، یان بە ھەواداری بێمەرجیی ئەم یان ئەو ھێز و گروپی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی یان بە دیندارێکی ترساو لە ئاگر و قەبر و عەزاب، ھتد.. ھەموو ئەم کارانەش سەر بە فەلسەفەیەکی پەروەردەییە کە مرۆڤی سەربەخۆ و بیرکەرەوە و بەزەحمەت حوکمڕانکراوی ناوێت، بەڵکو کەسێکی دەوێت گوێڕایەڵ بێت، ”مەحفوزات“ دروستیکردبێت، ”مەحفوزاتی“ زانست و شیعر و دین، بەبێ توانای پرسیارکردن لەوەی بە حازری دەخرێتە بەردەستی. ئەوەی ئەمجۆرە پەروەردەیە دروستیدەکات ”مرۆڤی مەحفوزات“ە نەک مرۆڤی بیرکەرەوە، کەسێک بیردۆزی لەبەرە، شیعری لەبەرە ئایەت و سورەتی لەبەرە، نەک بتوانێت بیر لە بیرۆدزەکان و شیعرەکان و ئایەتەکان بکاتەوە.

کە باس لە پەروەردەیەکی ڕەخنەیی و پرسیارکەر دەکرێت مانای ئەوە نییە ئیتر جۆرێک لە مرۆڤ دروستدەبێت کە ھەڵە ناکات. لەڕاستیدا یەکێک لە ئەرکەکانی ئەو جۆرە پەروەردەیە ئەوەیە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی ھەڵەکەر ببینێت، ھەڵەکردن وەک بەشێک لە ژیانی مرۆڤ ببینێت و وێنابکات. ھەڵەکردن وەک یەکێک لە مافەکانی مرۆڤ ببینێت.  

ئەگەر چی بەرگریکردن لە مافی ھەڵەکردن وەک بەرگریکردنێکی شیعری دەردەکەوێت، بەڵام  لە ڕاستیدا ئەم بەرگریکردنە کورتکراوە و پوختەی سەرجەمی ئەو داخوازیە گرنگانەیە، کە لە بەشێک لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا بەدەستھێنراوە. داخوازیی و خەبات بۆ ئازدیی بە گشتیی و بۆ ”ئازادیی ڕادەربڕین“، ”ئازادیی ویژدان“ و ”ئازادیی شێوەژیان“ بەتایبەتی. ئەم پرنسیپە گرنگانەی دونیای ھاوچەرخ لەسەر ئەو بنەمایە ئیش ناکەن کە تۆ لەمن بچیت، یان من لە تۆ بچم، لەسەر ئەوەش نا تۆ تەنھا ئەوکاتە ئازادبیت کە وەک من بیربکەیتەوە و بژیت، وەک من بدوێیت و ھەمان زمان و ھەمان وێنەکانی منت بۆ مرۆڤ و ئاسمان و زەوی ھەبێت. لە قووڵایی ئەو دەسکەوتە گەورانەی دونیای مۆدێرندا داننانێکی گرنگ ھەیە بەوەدا کە مرۆڤ بوونەوەرێکی ھەڵەکەرە، ناتوانێت بەردەوام بەوشێوەیە بژیی کە ئەوانیتر چاوەڕاوانن کە بژیی. ئەم ڕاستییە سادەیە وادەکات ھەڵەکردن لەم دیدگا تیوریەدا بگۆڕێت بۆ یەکێک لەو مافە سەرەکییانەی مرۆڤ لە دونیای ئەمڕۆدا پێویستیی پێیەتی.
ئەم شێوازە لە وێناکردن و تێگەیشتن لە ھەڵە پەیوەندیی بە جۆرێکی تایبەت لە ئیمانیی دینیی و نادینییەوە ھەیە، ئیمانێک ڕێزی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان دابنێت. ئاخر ئینسانی باوەڕدار بەر لە ھەمووشتێک باوەڕدارە بۆ خودی خۆی، نەک بۆ ئەوانیتر. باوەڕ ھەمیشە شتێکە پەیوەستە بەناوەوەی مرۆڤ. مرۆڤ لەبەردەمی خۆیدا باوەڕدارە، لە پەیوەندیدا بەخۆیەوە ئیمانی ھەیە، نەک لەبەردەم ئەوانیتر و لە پەیوەندیدا بەوانیترەوە. ئەم جۆرە ئیمانە، جا چ ئیمانی دینیی بێت یان نادینیی، ئیمانێکە بۆئەوەی ڕاستی خۆی بسەلمێنێت پێویستی بەوە نییە ڕقی لەکەسانیتر بێت، ھێرشیان بکاتە سەر، بەھەڵە و ناڕاستیان بزانێت. ئەم جۆرە ئیمانە پشت بە ڕق و بوغز و گرگنکردن نابەستێت بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی ئازادانە ئامادەبێت. 
ئەم جۆرە ئیمانە لەوەێوە دەستپێدەکات ھەموو مرۆڤێکی ڕاستگۆ، ھەموو مرۆڤێک کە باوەڕێکی ڕاستگۆیانەی بە شتێک ھەیە، پێویستە وەک دەسکەوتێکی ئینسانیی و وەک بەھا و نرخێکی بەرز بنرخێنرێت. چونکە لەپشتی ھەموو جۆرێک لە ڕاستگۆبوونەوە فەزیلەیەکی ئەخلاقیی گرنگ ھەیە، کە پێویستە شوێنی پێزانین و ڕێزلێنانبێت. ھاوکات ئەمجۆرە ڕوانینە وادەکات چاکەکاریی و فەزیلە قۆرخی ئەم یان ئەو کەس و ئەم یان باوەڕی دینیی و نادینیی نەبێت. وادەکات ھیچ کەسێک خۆی بە تاقە بوونەوەرێکی ڕاست و ئەوانیتر بەخوار و چەوت، نەزانێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand