کام ئیسلام و کام ئیمانداریی؟

Draw Media

2022-07-10 16:45:37



مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

٢-٢

ھەفتەی پێشو، لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینە و لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی دەنگۆی دەسکاریکردنی ”پەروەردەی ئیسلامیی“ لە قوتابخانەکانی ھەرێمدا، من بەرگریم لەوەکرد باشترە بۆ منداڵانی ئەم وڵاتە فێری پەروەردەیەکی دینیی کراوە بکرێن کە کورتنەبێتەوە بۆ گێڕانەوەی مێژوی ئەم یان ئەو دین بەتەنھا و ڕوانینێک بۆ دین گەشەپێبدات کە خودا لە موڵکایەتی ئەم یان ئەو دین بەتەنھا ڕزگاربکات و ئەو ناکۆکیی و ڕق و بوغز و جەنگ و کوشتن و بڕیارانە سنوورداربکات کە بەناوی دین و بەناوی خوداوە لەسەر زەوی ئەنجامئەدرێن. پەروەردەیەکی دینی مرۆڤەکان بکات بە ھاوسێ و ھاوڵاتیی و ھاوچارەنووسی یەکتریی، وێنەیەکی خودایان بۆ دروستبکات وەک خودایەکی بەخشندە و میھرەبان و لێبوردە، کە لە خەمی مرۆڤ و مرۆڤایەتیدایە وەک گشتێک، نەک خودای ئەم یان ئەو گروپی دینیی و سیاسیی بە تەنھا، یان خودایەک بەرگریی لەم دین یان لەو دین بە تەنھا، بکات. فرەقەیەک لە فرقەکان بکاتە فرقی ڕزگارکەر و ھەموو ئەوانیتر بۆ ھەتاھەتایە لە ئاگری جەھەنەمدا بسوتێنێت. ئەوەی پێویستە وێنەی خودایەکە دڵی مرۆڤی ئیماندار بداتەوە، چاوگ و سێنتەری خۆشەویستیی بێت بۆی، خودای لێوردن و دۆستایەتی و ئازادییەکانی مرۆڤ بێت، خودایەک بێت لە ساتەوەختە زەحمەت و کارەساتاویەکاندا لە تەنیشت مرۆڤەوە بێت و لەناوەوە ھاریکاریی ئیمانداران بکات و ھێز و وزەی ناوەکییان پێببەخشێت. ھاوکات خودایەک بێت مرۆڤ تووشی سادەیی و تەوازوع بکات. 
بەڵام ئەو کاردانەوانەی کە ڕوویاندا نیشانیداین کە بکەرە دینییە سەرەکییەکانی دونیای ئێمە ھێجگار لەو وێناکردنە ئینسانییەوە بۆ خودا و لەو تێگەیشتنە پلورال و ئینساندۆستەوە بۆ دین، دوورن. بۆ نموونە، کاک سەلاحەدین بەھادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوی ئیسلامی، دەسکاریکردنی وانەی ”پەروەردەی ئیسلامی“ بە ھەوڵدان بۆ ”دابڕانی کورد“ لە ئیسلام ناوبرد و بە زمانێکی ھەڕەشەئامێز باسی لەوەکرد کە ئەوان ئامادەن لە پێناوی ئیسلامدا ”گیانی خۆیان بەختبکەن“. ژمارەیەکی زۆریش لە کادر و چالاکەوانەکانی ئیسلامی سیاسیی لە وەڵامدانەوەی مندا، پێیان لەسەر ئەوەداگرت کە من بۆم نییە باسی دین بکەم، چونکە من مەلا یان خوێندەوارێکی دینیی نیم. ئەوانەی بۆیان ھەیە لەبارەی دینەوە بدوێن، تەنھا ئەوانن کە ئەندامی پارتێکی سیاسیی ئیسلامین، یان کەسانێکن خوێندەواری ڕشتە دینییەکان. ئەوان پێیانوایە تەنھا کەسانی دینیی دەتوانن پێمنابڵێن دین چییە و چۆن سەیربکرێت و لێکبدرێتەوە. لە دەرەوەی ئەواندا، کەسیتر بۆی نییە، قسە لەسەر دین بکات. بەبۆچونی من ئەم ڕوانینە بۆ دین و بۆ قسەکردن لەسەر دین، بەر لە ھەمووشتێک، نیشاندەری چۆنیەتی ئیشکردنی عەقڵیەتێکی دینیی قۆرخکارە، کە بنەمای دامەزراندنی دەسەڵاتێکی قۆرخکارترە. بە حوکمی ئەوەی دین لە دونیای ئێمەدا گۆڕاوە بۆ ھێزێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەھەندە جیاوازەکانی ژیانی تاکەکەسیی و دەستەجەمعیی، بۆیە ھەموو کەسێک مافی ئەوەی ھەیە لەبەرامبەر ئەو ئامادەگییە گشتیی و بەرفراوانەی دین لەناو ژیانیدا، قسەی لەسەر دین ھەبێت و بتوانێت دەربارەی دین بدوێت. لەمەش بترازێت قسەکردن لەسەر دین کورتناکرێتەوە تەنھا بۆ قسەکردنی پیاوانی دین لەسەر دین، یان بۆ قسەکردنی دینییانە لەسەر دین. کۆمەڵێک زانستی جیاواز ھەن کە قسەی زۆریان لەسەر دین و لەسەر شێوازەکانی دینداریی ھەیە کە وادەکەن تەنھا خوێندەوارە دینییەکان و چالاکەوانە سیاسییە دینییەکان خاوەنی قسەکردن لەسەر دین نەبن، بەڵکو ھەموو ئەوانەش قسەکەربن کە لەو بوارە زانستییانەدا کاردەکەن، لەوانەش: بوارەکانی کۆمەڵناسیی دین، دەرونناسیی دین، ئەنترۆپۆلۆژیای دین، فەلسەفەی دین، بواری لێکۆڵینەوە کولتورییەکان، ھتد...
ئەوەی من بەدرێژایی تەمەنی نووسینم لەسەر دین نووسیومە، نە دژی دینە و نە بەرگریکردنیشە لە دین. بەلای منەوە گرنگ نییە کەسێک دیندار یان بێدین بێت، ئەوەی بەلای منەوە گرنگە مرۆڤ ڕێزی مرۆڤبوونی کەسەکانی دەوروبەری بگرێت و وەک مرۆڤی یەکسان و خاوەن ماف سەیریان بکات. ئەوەی من دەنیوسم نە دژ بە دینە و نە دژ بە نادین، بەڵکو دژ بە دۆگما و چەقبەستنی عەقڵیی و بەستەڵەکی فیکرییە، دژ بە داخرانی بیرکردنەوە و فیکری مرۆڤە بەڕووی کۆمەڵێک کڵێشە و بۆچوون و ڕوانینی سەرپێییدا، کە زۆربەیجار تەواو مەترسیدار و ترسناکن. ئەوەی من دژایەتی دەکەم ئەو ڕوانینەیە بۆ دین کە لە بەرگریکردن لە پێگەیەکی سیاسییەوە سەرچاوەدەگرێت، نەک ڕوانینێک بۆ دین لە خەمی ژیانی گشتیی و لە خەمی دەوڵەمەندکردنی ژیان و بەھێزکردنی پێگەی پاراستنی کەرامەت و مامەڵەکردنی ئینساندا بێت، وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و جیاواز و یەکسان بەوانیتر. ئەم دژایەتیکردنەی دۆگما و داخرانی فیکریی، تەنھا لە بەرامبەر دین و فیکری دینیدا نییە، بەڵکو لەبەرامبەر ھەموو فۆرمەکانی فیکری نادینیی و دژەدینیشدایە. ئەوەی من بەرگریلێدەکەم ئازادیی عەقڵ و ئازادیی ئینسان و ئازادیی تواناکانی ئینسانە لە خوێندنەوە و ڕاڤەکردن و داھێناندا، نەک سنووردارکردنی بە ناوی دین یان نادینەوە. 
ئەو تێگەیشتنانەی ئەمڕۆکە  لە دونیای ئێمەدا بۆ دین ھەن، بەتایبەتی تێگەیشتنی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی و ھێزە سەلەفییە ڕێکخراو و ڕێکنەخراوەکان، تێگەیشتنی ڕەھا و داخراون، وێناکردنەکانیان بۆ دین بەردەوام دوولایانەن، لە لایەک ئیسلام ھەیە و لە لایەکیتر کوفر، لە لایەک بەرگریکردن لە ئیسلام ھەیە، وەک سەلاحەدین بەھادین دەڵێت، تەنانەت تا ئاستی گیانبەخشین و مردنیش، لەلایەکی ترەوە ھێرش بۆ لەنابردنی ئیسلام و سڕینەوەی ھەیە. لە سەرێکەوە دینداریی ڕەھا ھەیە و لەسەرێکی دیکەوە دژەدینیی ڕەھا. ئەم وێناکردنە ڕەھا و ھەڵانە، کە بەرھەمی بیرکردنەوەیەکی ھەڵە و بەگەڕخستنێکی ھەڵەی لۆژیکی ڕاڤەکردنە، بەدرێژایی مێژوو جگە لە جەنگ و پێکدادانی خوێناوی، جگە لە سوکایەتکردن بە کەسانی جیاواز، جگە لە ئیھانەکردنی ھەمەلایەنە بە ئینسان، شتێکی تری لێ سەوزنەبووە. 
بە بۆچونی من بۆ پەیوەندیکردن بە خوداوە، کەس پێویستی بە سەلاحەدین بەھادین و عەبدولەتیفی سەلەفی، یان بە یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵەی ئیسلامیی نییە. ئەسڵەن ڕزگارکردنی پەیوەندیکردن بە خوداوە لە ئەمر و نەھیەکانی ئەم بەڕێزانە و لەو لەشکرە لە کادری دینیی سیاسیی کە دروستیانکردوە، کە ژمارەیەکی زۆریان کەسانی جنێوفرۆشی عەیار بیست و چوارن، مەرجی سەرەکیی گەیشتنی ڕاستەقینەی مرۆڤی باوەڕداریی دونیای ئێمەیە، بە خوداکەی. ڕزگارکردنی پەیوەندیی ئینسانی ئێمە بە خوداکەیەوە لە سەرجەمی ئەو دەسەڵاتە دینییانەی ئەمڕۆکە لە کۆمەڵگای ئێمەدا دروستبوون، مەرجێکی گرنگیی دروستبوونی ئیمانداریی و دیندارییەکە کە نرخ بۆ ئیمان و نرخ بۆ دینداریی و نرخ بۆ ئینسان خۆیشی، بگەڕێنێتەوە. ڕزگارکردنی ئیمان لە بکەرە سیاسییە دینییە ئایدیۆلۆژییەکانی دونیای ئێمە و دونیای دراوسێکانمان، یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی لەدایکبوونی دیندارییەک بتوانێت بەشێکبێت لە دروستکردنی مرۆڤێکی دینداریی کراوە و ڕێزگر لە خۆی و مرۆڤ. پاراستنی ئیمانی مرۆڤە سادەکەن لەم بکەرە سیاسییە دینییە ڕێکخراو و تەقلیدیانە، ئەرکی یەکەمی ئیماندارێکە بیەوێت لەگەڵ خوداکەیدا بژی بەبێ مەرج، خودایەک ھەم ئەم خۆشیبوێت و ھەم ئەویش ئەمی خۆشبوێت.
ئیسلامی سیاسیی ئیسلامی دینداریی و ئیسلامی باوەڕی دینیی تاکەکەسە باوەڕدارەکان نییە، بەڵکو ئیسلامی ھێزێکی سیاسییە کە دەیەوێت دەسەڵاتدارا و حوکمڕان بێت. ئەوەی بەسەریدا پیادەدەبێت خواستە عەقڵیی و ویژدانیی و ڕۆحیەکانی دینداریی نییە، بەلکو خواستە سیاسییەکانی گەشەکردن و بەھێزبوونی سیاسییە. بە بۆچونی من وەک چۆن میلەتان مافی دیاریکردنی چارەنووسیی خۆیان ھەیە، ئاواش موسڵمانان و دیندارانی وڵاتی ئێمە مافی چارەی خۆنوسینی دینیی خۆیان ھەیە. مافی ئەوەیان ھەیە خۆیان مافی چارەنووسی دینیی خۆیان دەستنیشانبکات، نەک ئەوەوەی کۆمەڵێک چالاکەوانی سیاسیی و دینیی بۆیان دەستنیشانبکەن، کە لەپشتی چالاکییەکانیانەوە دنیایەک تەماحی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و شەخسیی ئامادەیە. ئەوەی دینداریی لە دونیای ئێمەدا پێویستیی پێیەتی ئەوەیە تاکەکەسیی موسڵمان ھەم تاکەکەس بێت و ھەم موسڵمان، نەک ئەوەی ئەم یان ئەو گوتاربێژ، یاخود ئەم یان ئەو موچەخۆری بواری موقەدەس، یان ئەم یان ئەو چالاکەوانی سیاسیی، پێیبڵێت دینداریی چییە و کامەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand