پرسیارێكی بەرهەم ساڵح  نزیكەی 3 ملیار دۆلار زیان لە هەرێم دەدات

Draw Media

2022-05-16 09:47:47




راپۆرت: درەو 
پرسیارێكی بەرهەم ساڵح لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بڕی نزیكەی (3 ملیار) دۆلاری پشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژە یاسای پاڵپشتی ئاسایشی خۆراكدا بڕی، ئەمە گورزێكی سیاسی تری بەرهەم ساڵح بوو لە پارتی، كە بەهۆی پارتییەوە دارایی حكومەتی هەرێمیش زیانی بەركەوت، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

گورزێكی دارایی لە حكومەتی هەرێم
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كە بەرزترین دەسەڵاتی یاساییە‌و تانە لە بڕیارەكانی نادرێت، دوێنێ گورزێكی تری لە هاوپەیمانی سێقۆڵیی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) وەشاند. 
دادگا پرۆژە یاسای (پاڵپشتی خێرا بۆ ئاسایشی خۆراك‌و گەشەپێدان) رەتكردەوە، ئەم پرۆژە یاسایە حكومەتی كاربەڕێكەری مستەفا كازمی پێشكەشی پەرلەمانی كردبوو، ماوەی نزیكەی دوو مانگ بوو خرابووە بەردەم پەرلەمان، هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) پاڵپشتی دەكرد.
پرۆژە یاسایەكە لەبری یاسای بودجە بوو بۆ حكومەتی مستەفا كازمی، حكومەتێك كە ماوەی (7) مانگە بەشێوەی كاربەڕێكەر بەڕێوەدەچێت‌و رەنگە بەهۆی پێكنەهێنانی كابینەی نوێ حكومەتەوە تەمەنی لەمە زیاتریش درێژببێتەوە. 
ئەم پرۆژە یاسایە كە دادگای فیدراڵی هەڵیوەشاندەوە، بڕی (35 ترلیۆن) دینار واتە نزیكەی (20 ملیار) دۆلاری بۆ حكومەتی كازمی تەرخان كردبوو، بۆئەوەی لە نەبوونی یاسای بودجەدا بەم پارەیە كاروباری وڵات بەڕێوەببات، بەڵام دوێنێ دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نوسراوێكدا كە سەرۆك كۆمار بەرهەم ساڵح لەبارەی لێكدانەوەی دەستەواژەی (حكومەتی كاربەڕێكەری رۆژانە) ئاڕاستەی كردبوو، قسەی خۆی كردو وتی" حكومەتی كاربەڕێكەر بۆی نییە پرۆژە یاسا پێشكەش بكات". 
بەرهەم ساڵح كە بارودۆخی سیاسی دوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری 2021 بەناچاری كردویەتی بە هاوپەیمانی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، رۆڵی هەبوو لەوەی ئەمجارەش لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە له‌سه‌ر بنه‌مای داواكاری ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری شیعه‌، گورزێكی تر لە پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بەهۆی پارتیشەوە لە بودجەی حكومەتی هەرێم بدرێت، چونكە بەپێی ئەوەی باسدەكرێت، لە كۆی نزیكەی (20 ملیار) دۆلارەكەی پرۆژە یاسای ئاسایشی خۆراك، بڕی نزیكەی (3 ملیار) دۆلاری بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبوو، ئەمە چوارچێوەیەكی یاسایی باش بوو بۆ حكومەتی مەسرور بارزانی لە حاڵی نەبوونی یاسای بودجەی گشتی عێراق‌و ناكۆكییەكان لەبارەی ناردن یاخود نەناردنی (200 ملیار) دۆلارەكەی بەغداد، سود لەو بڕە پارەیە وەربگرێت.  

چوارچێوەی هەماهەنگی دژ بوون
ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی، عامری، خەزعەلی، فالح  فەیاز، عەبادی، حەكیم) بوو، چونكە ئەوان بەدیاریكراویش مالیكی دژی پرۆژە یاساكە بوون، دەیانوت پرۆژە یاساكە بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتییە‌و بەدیلێكی (نەگونجاو)ە بۆ پرۆژە یاسای بودجە. 
مالیكی كە خۆی لە بنەڕەتەوە لەگەڵ حكومەتی كازمی ناكۆك بوو، لەبارەی پرۆژە یاسای ئاسایشی خۆراكەوە رایگەیاند، بەهۆی لێكەوتەكانی جەنگی روسیاو ئۆكرانیاوە جیهان روبەڕووی قەیرانی مادە خۆراكییە بنەڕەتییەكان بوەتەوە، عێراق لەو وڵاتانەیە كە بەهۆی كەمبونەوەی بەرهەمی كشتوكاڵییەوە كاریگەریی ئەم بارودۆخەی كەوتوەتەسەر، بەڵام ئەم داواكارییە رەوایە نابێت ببێتە هۆی سەرپێچی یاسایی‌و دەستوریی".
بە بڕوای مالیكی، حكومەتی كاربەڕێكەری مستەفا كازمی لەبری ئەوەی بەپێچەوانەی دەستورەوە پرۆژە یاسا پێشكەشی پەرلەمان بكات بۆ چارەسەری قەیرانی خۆراك، دەبوو هاوشێوەی حكومەتەكانی پێشتری بكردایە، چونكە بەوتەی ئەو حكومەتەكانی پێشتر كە سەركەوتوو نەبوون لە تێپەڕاندنی یاسای بودجە، پەنایان بۆ رێگەچارەیەكی یاسایی‌و دەستوری بردووە كە وەرگرتنی سولفەیە لە وەزارەتی دارایی، واتە بە قسەی مالیكی دەبێت كازمی پەنا بۆ وەرگرتنی سولفە ببات لە وەزارەتی دارایی بەمەبەستی دابینكردنی خەرجی ماددە خۆراكییەكان. 

چارەنوسی پرۆسەی سیاسی
چارەنوسی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەنادیاری ماوەتەوە، ئاسۆی پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت بەهۆی دابەشبوونی ماڵی شیعە بەسەر دوو بەرەی ناكۆكدا، هێشتا نادیارە.
ناكۆكی (سەدر)‌و لایەنەكانی (چوارچێوەی هەماهەنگیی) نەك تەنیا ماڵی شیعە، مالیكی كورد‌و سوننە‌و تەنانەت پەرلەمانتارانی سەربەخۆشی دابەشكردووە بەسەر دوو بەرەی ناكۆكدا. 
هەردوو بەرەكە (سەدر)‌و (چوارچێوەی هەماهەنگیی) هیچ یەكێكیان بە تەنیا‌و بەبێ ئەوەی تر ناتوانێت كوتلەی گەورەی پەرلەمان پێكهبێنێت‌و لەم رێگەشەوە پۆستی سەرۆك كۆمار پڕ بكاتەوە‌و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەستپێبكات. دوای (7) مانگ مشتومڕو راكێشانی دادگای فیدراڵی بۆ ناو ناكۆكییە سیاسییەكان، هەردوو بەرەكە ئێستا گرەوی سیاسی خۆیان داوەتە دەست پەرلەمانتارانی سەربەخۆ‌و داوا لە سەربەخۆكان دەكەن حكومەت پێكبهێنن، سەربەخۆكانیش كە ژمارەیان نزیكەی (40) پەرلەمانتارە، لەناو خۆیاندا دابەشبوون بەسەر جەمسەرە ناكۆكەكانی ناو ماڵی شیعەدا. 
سەدر داوای "حكومەتی زۆرینە"‌و چوارچێوەی هەماهەنگیش هێشتا لەسەر قسەی خۆی "حكومەتی تەوافوقی" سورە، هەردوو جەمسەرەكە دەستپێشخەریی خۆیان بۆ چارەسەری "بنبەستی سیاسی" خستوەتەڕوو، بە هەندێك جیاوازییەوە هەردوولا جڵەوی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانیان لە پێكهاتەی شیعە داوەتە دەست پەرلەمانتارانی سەربەخۆی پێكهاتەی شیعە، سەربەخۆكانیش دوێنێ دەستپێشخەری خۆیان راگەیاند‌و داوای پێكهێنانی كوتلەی گەورەی پەرلەمان لە هەردوو جەمسەرە ناكۆكەكە دەكەن، لەم حاڵەتەدا ئامادەییان نیشانداوە كاندیدێكی سەربەخۆ بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران پێشكەش بكەن. 
لەكاتێكدا سەربەخۆكان دەستپێشخەریی خۆیان راگەیاند، سەدر لە هەنگاوێكی كتوپڕدا‌و لە تویتێكدا رایگەیاند، بۆ ماوەی (30) رۆژ دەبێت بە ئۆپۆزسیۆن، ئەمجارەیان نەك هەر لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی وەكو نەیاری سیاسی، بەڵكو دەرفەتی بە هاوپەیمانەكانیشی (بارزانی‌و حەلبوسی) داوە لەم ماوەیەدا هەوڵی پێكهێنانی حكومەت بدەن.      
سەدر كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقە، ئەمە جاری سێیەمە هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەگرێت، جاری یەكەم لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵدا بوو، وەكو خۆی وتی لەو مانگەدا دەرفەتی دایە لایەنەكانی چوارچێوە بۆ ئەوەی حكومەت دروست بكەن، دەرفەتی دووەمیشی ئەو دەستپێشخەرییە بوو كە بەمدواییە كردی‌و دەرفەتی پێكهێنانی حكومەتی دایەدەست سەربەخۆكان، دەرفەتی سێیەمیشی كە دوێنێ رایگەیاند، بۆ هاوپەیمانەكانی (بارزانی‌و حەلبوسی)یە. 
لە هەرسێ دەرفەتەكەیدا، سەدر خۆی لە دەرەوەی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت داناوە‌و ئۆپۆزسیۆنبوونی هەڵبژاردووە، ئەمەیە وایكردووە عێراق لە بنبەستی سیاسی دەرنەچێت. 
دوای حەوت مانگ ناكۆكی ناو ماڵی شیعە‌و دواكەوتنی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە عێراق، وا دەردەكەوێت لە بنەڕەتەوە كێشە گەورەكە پەیوەندی بە ناكۆكی تایبەتی نێوان سەدرو مالیكییەوە هەبێت، ئەم ناكۆكییە ئێستا بەجۆرێك گەورە بووە كە دەرفەتی دەستوەردانی زیاتری بۆ وڵاتانی ناوچەكە كردوەتەوە.  
سەدر سەرباری ئەوەی داوای حكومەتی "زۆرینە" دەكات، بەڵام لە حەوت مانگی رابردوودا دەرفەتی بۆ بەشداریكردنی زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان  لە حكومەت كردوەتەوە جگە لە (نوری مالیكی)، مالیكی كە براوەی یەكەمی ناو دۆڕاوەكان بوو لە دواین هەڵبژاردندا، لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە سەركەوتوو بوو لەوەی جڵەوی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە سەدرو هاوپەیمانەكانی بسەنێتەوە. 
بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، عێراقی توشی بنبەستی سیاسی كرد، دیاریكردنی دوو لەسەر سێی وەكو نیساب بۆ دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، یەك لەسەر سێی پەكخەری لەناو پەرلەمانی عێراقدا كارا كرد، تەواوبوونی نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان پێویستی بە ئامادەبوونی 220 پەرلەمانتار هەیە لە كۆی 329 پەرلەمانتار، چوارچێوەی هەماهەنگی بە سەرۆكایەتی مالیكی 110 كورسی پەرلەمانی كۆكردەوە‌و بە یەك لەسەر سێی پەكخەر، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری پەكخست. 
بەگوێرەی دەستوری عێراق، پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە دەستپێدەكات، مالیكی‌و هاوپەیمانەكانی لە پۆستی سەرۆك كۆمارەوە هەنگاوەكانی سەدریان بۆ پێكهێنانی حكومەت راگرت. 
پۆستی سەرۆك كۆمار بەپێی نەریتی دوای روخانی رژێمی سەددام پشكی كوردە، ناكۆكی پارتی‌و یەكێتی لەسەر ئەم پۆستە، كوردی دابەشكرد بەسەر دوو جەمسەرە ناكۆكەكەی ناو ماڵی شیعەدا، پارتی لەبەرەی سەدرو یەكێتیش لە بەرەی مالیكی‌و هاوپەیمانەكانی.
رێككەوتنی پارتی لەگەڵ سەدر رێككەوتنێكی نوسراوە كە زامنی پۆستی سەرۆك كۆمار دەكات بۆ پارتی، بەڵام یەكێتی رێككەوتنی زارەكی لەگەڵ مالیكی‌و هاوپەیمانەكانی هەیە‌و هیچ زەمانەتێكی بۆ سەرخستنی كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار وەرنەگرتووە.
سەرباری ئەوەی ناكۆكی ناو ماڵی شیعە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری راگرتووە، بەڵام مالیكی دەڵێ بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتییەوە پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلانابێتەوە. 
بنبەستی سیاسی لە عێراق رەهەندی ناوچەیشی وەرگرتووە، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و هاوپەیمانەكانیان لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، سەدرو هاوپەیمانەكانیشی بەوە تۆمەتبار دەكرێن پرۆژەی توركیا‌و ئیماراتی عەرەبین. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand