شەڕی دەزگا هەواڵگریەكانی كوردستان لەسەردەمی كۆرۆنادا
2020-03-19 21:22:52
راپۆرتی: درەو
لەناو قەیرانی دارایی و بارودۆخی ئاڵۆزی كۆرۆنادا شەڕو ململانێی نێوان هاوسەرۆكی یەكێتی و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگاتە ئاستی یەكتر تۆمەتباركردن و تەقینەوە، چەندین فایلی نهێنی سیخوری و گەندەڵی لەسەر یەكدی هەڵدەدەنەوە.
لە كاتێكدا شەقام و كوچەو كۆڵانەكان بۆ هاوڵاتیان قەدەغەكراوەو دەرگا بەروی زیاتر لە 5 ملیۆن هاوڵاتی كوردستاندا داخراوە، بەڵام دوو دەزگای هەواڵگری كە لەچوارچێوەی یەك دەزگای فەرمی هەرێمدا بەناوی (ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان)ەوە كاردەكەن، دەرگای ململانێی توند بەروی یەكدیدا دەكەنەوە.
دەزگای زانیاری كە راستەوخۆ لەلایەن (لاهور شێخ جەنگی) هاوسەرۆكی یەكێتیەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، ئاساییشی گشتی و دەزگای پاراستن راستەوخۆ لەلایەن (مەسرور بارزانی) سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە سەرپەرشتی دەكرێت،یەكتری بە سیخور و گەندەڵ و فاشیل تۆمەتبار دەكەن .
ئەم ملانێیانە لەسەر كەیسی دەستگیركردنی كەسێكە بەناوی ((رۆژگار رزگار) كە پاسەوانی وەزیری پێشوی دارایی هەرێمی كوردستان (رێباز حەملان) بووەو لە 11ی حوزەیرانی 2019 لە هەولێر دەستگیركراوە، بەپێی زانیاریەكانی (درەو) كەسوكاری ( رۆژگار رزگار كە پلەی مولازمی هەیەو پێشتر شۆفێری د. فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری پێشوی عێراق بووەو لە 2010 ەوە گواستراوەتەوە بۆ لیوای (3)ی كۆسرەت رەسوڵ)، لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەكێتی هەوڵی چڕیان هەبووە بۆ ئەوەی كەیسەكە یەكلابكرێتەوە بەڵام دوای ئەوەی بۆیان یەكلانەكرایەوە، بەرهەمی ئەو هەوڵانە تەنها یەك ئەنجامی هەبوو ئەویش دوای زیاتر لە 6 مانگ رێگە بە بینینی كوڕەكەیان دراوەو چەند جارێك لە زیندان بینویانە، دواتر كەسوكارەكەی كەیسەكەیان بۆ رایگشتی ئاشكراكرد.
ئەمڕۆ ئاساییشی گشتی هەولێر بەفەرمی كەیسەكەی بۆ رای گشتی ئاشكراكرد‌و لە رونكردنەوەیەكدا دەڵێت: (رۆژگار رزگار لە كاتی ئەركی فەرمی خۆیدا لە ژێر سەرپەرشتی و رێنمایی دەزگای زانیاری كاری سیخوریی ئەنجامداوە بۆ بەرژەوەندیی لایەنێكی بیانی لە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان.
بە دیاریكراوی تۆمەتباركردنی دەستگیركراوەكە بەوەی لەژێر سەرپەرشتی دەزگای زانیاری یەكێتیدا كاری سیخوری بۆ وڵاتێكی بیانی كردووە، دەزگای زانیاری یەكێتی توڕەكرد كە سەرۆكی ئەو دەزگایە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) مەبەست لەسیخوڕیكردنی بۆ وڵاتێكی بیانی لە رونكردنەوەكەی ئاساییشی هەولێردا ( ئیتڵاعاتی كۆماری ئیسلامی ئێران)ە، رەنگە ئەمە هۆكاری سەرەكی توڕەبونەكەی دەزگای زانیاریی بێت بەتایبەتیش لە كاتێكدا لە ساڵی 2014 و شەڕی دژ بە داعشدا ئەم دەزگایە پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا بۆ درووست بووەو تۆمەتباركردنی بەوەی كە لەگەڵ ئیتڵاعاتی كۆماری ئیسلامی ئێران كار دەكات، زیان بە ناوبانگی دەزگاكە لای كۆماری ئیسلامی ئێران دەگەیەنێت.
وەڵامێكی توند لەلایەن دەزگای زانیاریەوە
تەنها بە ناوهێنانی دەزگای زانیاری یەكێتی بەسەرپەرشتیكردنی كاری سیخوری، دەزگای زانیاری رونكردنەوەیەكی دوورودرێژی بڵاوكردۆتەوە كە دەستی بۆ چەندین كەیس بردووە كە پێشتر بڵاونەكراتەوە.
بەپێی زانیاریەكانی (درەو) ئەم وەڵامدانەوە توندەی دەزگای زانیاری یەكێتی بە رەزامەندی زۆرینەی رەهای سەركردایەتیە نوێیەكەی یەكێتی بووە، لاهور شێخ جەنگی لەدوای هەڵبژاردنیەوە وەكو هاوسەرۆكی یەكێتی نەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و نەلەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە بەفەرمی پیرۆزبایی لێنەكراوە، تەقینەوەی ناكۆكی لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ سەركردەكانی پارتی سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی دوای ریفراندۆم و روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، لەوكاتەوە تا ئێستا ئەو پەیوەدیانە بە گرژی و ئاڵۆزیدا تێدەپەڕن .
دەزگای زانیاری یەكێتی لە رونكردنەوەكەیدا تۆمەتەكانی ئاساییشی پارتی رەتدەكاتەوەو چەندین دۆسیەی هەستیاری تری ئاشكراكردووە لەوانە :
• (250 ملیۆن) دۆلار لەلایەن كۆمپانیایەكی روسیەوە بە بەرتیل دراوە بە یەكێك لە كوڕەكانی بنەماڵەی سەرۆكی حكومەت.
• ئەو شەوەی داعش لە هەولێر نزیك بوەوە سەرۆكی دەزگای زانیاری هاتە هەولێر و دڵنەوایی كاك مەسروری دایەوەو وتی " مەترسن ئێمە پارێزگاریتان لێ دەكەین"
• وەكچۆن خودی سەرۆكی حكومەت حكومتێكی فاشیل بەڕێوە دەبات دام‌و دەزگاكانیشی لە رابردوودا كە سەربە ئەوبون خەڵكانێكی فاشیل بەڕێوەی دەبەن كە هیچ هەشتێكی بەرپرسیارێتیان نیەو تاكە ئینتیمایەك هەیان بێت ئینتیمایە بۆ بنەماڵە.
چاوەڕێ دەكرێت كە دەزگای پاراستن و ئاساییشی گشتی پارتی لە وەڵامی راگەیانراوە توندەكەی دەزگای زانیاری‌دا دانپێدانانی دەستگیركراوەكە بڵاوبكاتەوە، ئەمەش دۆخێكی ئەمنی نوێیە كە رەنگە لەسەروەختی ترسی خەڵكە لە ڤایرۆسی كۆرۆناو قەیرانی دارایی، ترسێكی زیاتر بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان درووست بكات.
ئەم دۆخە نوێیە رەنگە سەرەتای بەریەككەوتنی نوێی نێوان پارتی و یەكێتی بێت بە پێچەوانەی ئەوەی چاوەڕەوان دەكرا كە لەدوای هەڵبژاردنی هاوسەرۆكانی یەكێتیەوە پەیوەندییەكان زیاتر بەرەو ئاسایی بونەوە بڕۆن، لەهەموو حاڵەتەكانیشدا رەنگە دەرگای گفتوگۆ‌و ئاشتی نێوان هەردوولا كراوە بێت و هاوشێوەی روداوەكانی پێشتر كە پەیوەندییەكانیان بە چەندین هەورازو نشێویدا تێپەڕیوە هێور بێتەوەو، بەتایبەت لەم بارودۆخەدا هەردولایان پێویستیان بەیەكدی هەیە.
دەقی ڕوونکردنەوەکەی ئاساییشی هەولێر:
روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی
(رۆژگار رزگار محمد )پاسەوانی وەزیری دارایی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە. لە کاتی ئەرکی فەرمی خۆیدا لە ژێر سەرپەرشتی و رێنمایی دەزگای زانیاری کاری سیخوریی ئەنجامداوە بۆ بەرژەوەندیی لایەنێکی بیانی لە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان، وەزارەتی دارایی و خودی وەزیری دارایی ئەو کات. دوای ئەوەی بەڵگەی سەلمێنەر کەوتنە بەردەست، بە فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا و دانی بە تەواوی کارە سیخورییەکانی دانا و تەواوی وردەکاری لە بەردەم دادوەری لێکۆلینەوەدایە.
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر
١٩\٣\٢٠٢٠
دەقی رونکردنەوەکەی دەزگای زانیاری:
له‌پێناو چه‌واشه‌كردنی رایگشتی و بۆ داپۆشینی شكسته‌كانی حكومه‌ت، ئه‌مڕۆ ١٩ی ٣ی ٢٠٢٠، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر له رونكردنه‌وه‌یه‌كدا، بڵاویكردۆته‌وه گوایه كه‌سێك به‌ناوی (رۆژگار رزگار محه‌مه‌د) له‌ژێر سه‌رپه‌ره‌شتی ده‌زگای زانیاری، كاری كردووه بۆ لایه‌نێكی بیانی!
ئێمه له‌م بوارانه‌دا، باش ده‌زانین كه یه‌كێتی و (ده‌زگای زانیاری)، بوختانی وا هه‌ڵناگرێت. ئه‌م كارانه ئه‌گه‌ر بكرێن، ئه‌وا له خودی نوسه‌رانی رونكردنه‌وه‌كه‌ی ئاسایش ده‌وه‌شێته‌وه. بۆیه نه ئاسایش و نه پاراستنی پارتی، به شایانی وه‌ڵامدانه‌وه نازانین، چونكه تازه هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانیش شاره‌زای گوفتار و كرداری نابه‌جێیانن. به‌ڵام كه‌سی یه‌كه‌می حكومه‌تی هه‌رێم به‌رپرسیارده‌كه‌ین له‌م په‌لاماره‌ی بۆ سه‌ر ناوبانگی ده‌زگاكه‌مان، ده‌ستی دراوه‌تێ. له‌به‌رئه‌وه‌ی ناوبراو تا ئێستا و به‌نایاسایی سه‌رپه‌رشتیاری ده‌زگاكانی ئاسایش و هه‌واڵگری هه‌رێمشه، به‌مافی ده‌زگاكه‌مانی ده‌زانین كه راسته‌وخۆ سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر ئه‌م و، هه‌ر كه‌سێكی تر تۆمار بكه‌ین كه بێ به‌ڵگه‌ی باوه‌ڕپێكراو، هه‌وڵی له‌كه‌داركردنی پیرۆزییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان بدات. بۆ رای گشتی خه‌ڵكی كوردستانیش چه‌ند خاڵێك راده‌گه‌یه‌نین:
١. ئێمه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ناوه‌ڕۆكی رونكردنه‌وه‌كه‌ی ئاسایشی هه‌ولێر له‌سه‌ر (ده‌زگای زانیاری) ره‌تده‌كه‌ینه‌وه. ئه‌و بابه‌ته‌ی ئاسایشی هه‌ولێر، درۆ و ده‌له‌سه و پیلان و شه‌ڕی سیاسییه و هیچ ئه‌سڵ و ئه‌ساسێكی نییه. ده‌زگای زانیاری نه ئه‌و كه‌سه ده‌ناسن و، نه به‌هیچ لایه‌نێكی تری ناوخۆیی یان بیانییان ناساندوه و، نه‌كاری له‌وجۆره‌شیان لێده‌وه‌شێته‌وه. ئه‌وه ئاسایشه‌كه‌ی هه‌ولێره كه له‌و كارانه شاره‌زایه. ئه‌وانن هه‌مو جارێك، له‌كاتی قه‌یرانێكدا، بابه‌تێك دروست ده‌كه‌ن، له ژێر ئه‌شكه‌نجه، سیناریۆ و دانپێدانانی جیاجیایان پێ به‌رهه‌م ده‌هێنن و، خه‌ڵكی بێ تاوان وه‌كو تاوانبار ده‌خه‌نه سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن. له‌مه‌شدا به دووری نازانین، بۆ سه‌رقاڵكردنی خه‌ڵك و بیربردنه‌وه‌ی قه‌یرانی حوكمڕانیی و هه‌وڵه نهێنییه‌كان بۆ پاشه‌كه‌وتكردنه‌وه‌ی مووچه، سیناریۆكانی سه‌رده‌شت عوسمان و قوربانییه‌كانی تر، دووباره بكه‌نه‌وه. روونكردنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی (رۆژگار رزگار)یش، كه پاش رونكردنه‌وه‌كه‌ی ئاسایش بڵاویان كردۆته‌وه، هه‌مان بۆچوون پشتڕاست ده‌كاته‌وه.
٢. ئاژاسی زانیاری، له‌چوارچێوه‌ی (ئاژانسی پاراستن و زانیاری \ زانیاری) هه‌رێمی كوردستان دا، ده‌زگایه‌كی فه‌رمی هه‌رێمی كوردستانه و سه‌ر به ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه، كه خودی مه‌سرور بارزانی ماوه‌یه‌ك راسته‌وخۆ سه‌رپه‌ره‌شتیاری بووه. بۆیه هه‌ر جوڵه‌یه‌ك كرابێت، دیاره (مه‌سرور بارزانی) ئاگاداری بووه. ئه‌گه‌ریش ئاگادار نه‌بووبێت، هه‌ڵبه‌ت ناوبراو، شایسته‌ی ئه‌و پۆسته نه‌بوه و نه‌یتوانیووه ئاگاداری كاروباری رۆژانه‌ی دامه‌زراوه‌كانی بێت.
٣. ئێمه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان ده‌كرد ئاسایشه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌م كاته‌دا، له‌جیاتی چه‌واشه‌كردن، به‌دواداچوونی كردبا بۆ ئه‌و (٢٥٠) ملیۆن دۆلاره‌ی كه قووتی میلله‌ته‌كه‌مانه و له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی وزه‌ی روسیاوه، به به‌رتیل دراوه به یه‌كێك له كوڕه‌كانی بنه‌ماڵه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت. له‌م دۆخه ناخۆشه‌دا، كه به‌ناوی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و هه‌ڕه‌شه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه له‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان، خه‌ریكه مووچه‌ی مووچه‌خۆرانمان ده‌خه‌نه ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌پۆلێكی تری بڕین و برسێتی، پێویستبوو ئاسایشی هه‌ولێر، ناوی ئه‌و كوڕه ئاشكرا بكات كه (٢٥٠) ملیۆن دۆلار به‌رتیلی وه‌رگرتوه تا غاز و نه‌وتی كوردستان و ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی سلێمانی، بۆ كۆمپانیایه‌كی بیانی هه‌ڕاج بكات. ناوی ئه‌و كه‌سه‌ی به‌رتیله‌كه‌ی وه‌رگرتوه، لای ئێمه پارێزراوه و، ئه‌گه‌ر بێده‌نگییمان لێ كردوه، بۆ ئه‌وه‌یه خه‌ڵكی كوردستان له‌مه‌زیاتر به هه‌واڵی ناخۆش نیگه‌ران نه‌كرێن، و ده‌رفه‌تێكیش بدرێت به ئاسایشی هه‌ولێر ناوه‌كه ئاشكرا بكات. له‌م كاتی قاتوقڕییه‌دا، له‌جیاتی تۆمه‌ت دروستكردن بۆ (ده‌زگای زانیاری)، ئه‌ركی ئاسایشی سه‌رۆكی حكومه‌ته به خه‌ڵكی كوردستان بڵێت ئه‌و (٢٥٠) ملیۆن دۆلاره لای كێیه.
٤. ئێمه له (ده‌زگای زانیاری)، له‌پێناو پاراستنی ژیانی خه‌ڵكی كوردستان، گوێمان به هه‌ڵوێست و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی ئاسایشی هه‌ولێر نه‌داوه و، هه‌ركات هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیمان له‌سه‌ر پایته‌ختی كوردستان د‌رك پێ كردبێت، ئاگادارمان كردوون. به‌ڵگه‌مان هه‌یه كه چه‌ندین جار زانیاری گرنگمان پێداون له‌سه‌ر بوونی كردوهی تیرۆریستی و ته‌قینه‌وه له هه‌ولێر، و هه‌موو جارێك به‌هۆی ئه‌و زانیارییانه، كه به‌شه‌ونخوونیی تێكۆشه‌رانی (ده‌زگای زانیاری) به‌ده‌ستهاتوون، هه‌ولێر و ئاسایشه‌كه‌ی پارێزراوه. به‌داخه‌وه، جارێكیش كه هۆشدارییه‌كه‌ی ئێمه‌یان له‌سه‌ر بوونی كرده‌وه‌یه‌ك به هه‌ند وه‌رنه‌گرت، كاره‌سات روویدا. وێڕای ئه‌م راستیانه، هیچ كات ئاسایشه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت، ماندونه‌بوونێكیشی لێ نه‌كردین.
٥. ده‌زگای زانیاری له مێژووی دره‌وشاوه‌ی خۆی دا، سه‌دان شه‌هید و قوربانیی داوه له‌پێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامیی خه‌ڵك و هه‌رێمی كوردستان. له‌بیری سه‌رۆكی حكومه‌تدا ماوه ئه‌و شه‌وه‌ی داعش له هه‌ولێر نزیك بۆوه، سه‌رۆكی ده‌زگای زانیاری هاته هه‌ولێر و دڵنه‌وایی كاك مه‌سروری دایه‌وه و وتی "مه‌ترسن ئێمه پارێزگاریتان لێ ده‌كه‌ین". وه‌ڵامی ئه‌و پارێزگارییه ئه‌وه نه‌بوو، ئێستا تۆمه‌تمان بۆ دروست بكه‌ن!
٦. بۆ ئاگاداریی خه‌ڵكی به‌شه‌ره‌فی كوردستان، هه‌موو كادر و كارمه‌ندانی (ده‌زگای زانیاری) و (ده‌زگای دژه تیرۆر)، له‌گه‌ڵ بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و به‌ڕه‌چاوكردنی پێویستییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌بواری ته‌ندروستی، له مانگی رابردۆوه، نیوه‌ی موچه‌ی خۆیان به‌خشیوه به كاری خێرخوازی بۆ بیناكردنی نه‌خۆشخانه و پێداویستییه‌كانی و، (رێكخراوی مام)، بێ جیاوازی له ناو هه‌رێمی كوردستان و كه‌ركوك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، سه‌رقاڵی دابینكردنی پێداویستییه‌كانن بۆ خه‌ڵكی كوردستان.
٧. دوای ئه‌م په‌لاماره ناوه‌خته، ئیتر ئێستا به روونی ده‌ركه‌وت، كه وه‌كچۆن خۆدی سه‌رۆكی حكومه‌ت، حكومه‌تێكی فاشیل به‌ڕێوه ده‌بات، داموده‌زگاكانیشی كه له‌رابردو سه‌ربه‌ئه‌و بوون، خه‌ڵكانێكی فاشیل به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن كه هیچ هه‌ستێكی به‌رپرسیارێتییان نییه و تاكه ئینتمایه‌ك كه هه‌یانبێت ته‌نها ئینتمایه بۆ بنه‌ماڵه، ئه‌وانه‌ش كه نه‌چوونه‌ته ژێر باری بنه‌ماڵه، له بواره‌كه‌ی خۆیاندا چه‌ند به‌زر و دڵسۆز و شاره‌زاش بووبن، دووریان خستونه‌ته‌وه، كه ئێمه به توندی ئه‌م رفتار و شێوازی كاركردنه ره‌تده‌كه‌ینه‌وه و قبوڵی ناكه‌ین.
وته‌بێژێك به‌ناوی ده‌زگای زانیاری
١٩ ی ٣ی ٢٠٢٠.