وردەکاری رووداوەکەی ھوانە

Draw Media

2022-12-30 20:30:21



(درەو): 
پەلاماردانی کچێکی گەنج بەشێوەیەكی دڕندانەو قێزەون لەلایەن دەیان کوڕو مێردمنداڵەوە لەناوچەی (ھوانە)ی سلێمانی رایگشتی جوڵاندووە، ئەمە جارێکی تر کۆمەڵگای دابەشکردووەتەوە بەسەر دوو بۆچونی دژ بەیەکدا، بۆچونێک کە پشتیوانی ئازادی و کرانەوە دەکات و بۆچونێکی تر دژە بەو ئاراستەیە ، رووداوەکە بەپێی ئەو زانیارییە بەراییانەی دەست (درەو) کەوتوون، بەمشێوەیە:

ئێوارانی ھەینی ھوانە !
جارێکی تر رووداوی پەلاماردانی کچێک لەلایەن ژمارەیەکی زۆر گەنجەوە بە شێوەیەكی قێزەون  رایگشتی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وروژاند.
رووداوەکەی ئەمجارە لە ناوچەی (ھوانە)ی سلێمانی رویدا.
بەپێی ئەوە بەدواداچونەی بەراییانەی (درەو) کردویەتی، ئەو شوێنەی رووداوەکە تێیدا رویداوە ناو بازاڕی دروستکردنی تانکییەو پێی دەوترێت دوو سایدەکوی ھوانە.
چەند ساڵێکە ئەم شوێنە بووە بە گۆڕەپانی نمایشی ماتۆڕسوارو ئۆتۆمبیلەکان، گەنجەکان ئێوارانی رۆژانی ھەینی لەم شوێنە کۆدەبنەوەو نمایش دەکەن، ژمارەیەک خەڵکیش دەچن بۆ تەماشای نمایشەکان.

بۆچی ئەم ئێوارەیە تەقییەوە ؟
بەگوێرەی بەدواداچونەکانی (درەو)، یەکێک لە گەنجە بەشداربووەکانی ئەم نمایشانە بەناوی (ع- خانەقا) ماوەیەکە لەگەڵ خۆیدا ژمارەیەک کچی گەنج دەھێنێت بۆ نمایشەکان، کچەکان تەماشاکەر نین بەڵکو بەشدارن لە نمایشەکان، لە پشتی ماتۆڕسوارە کوڕەکانەوە سەردەکەون، ھەندێکیشیان رادەوەستن و ئۆتۆمبیلەکان لەکاتی نمایشدا بە دەوری ئەواندا دەسوڕێنەوە.
یەکێک لەوانەی کە ئاگاداری نمایشەکانی ئێوارانی ھەینی ناوچەی ھوانەیە بە (درەو) وت" ئەو کچەی ئێوارەی ئەمڕۆ ھێرشی کرایەسەر ناوی (ل- تارانی)یە، ئەمڕۆ بڕیار نەبوو کچەکان بەشداربن، بەڵام ل- تارانی ھات،دواتر لەلایەن بەشێك لە گەنجانەوە پەلاماردرا".
بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، ماوەیەک بووە لەناو گەنجە ماتۆڕ سوارەکاندا سەبارەت بە ھێنانی کچان بۆ ناو نمایشەکان ناڕەزایەتی دژی (ع- خانەقا) دروستبووە، داوایان لێکردووە چیتر کچەکان نەھێنێت، چونکە پێیانوابووە کچەکان وایانکردووە خەڵک سەرەنجیان لەسەر نمایشی ماتۆڕەکان نەمێنێت، (ع- خانەقا) دوای ناڕەزایەتییەکان ئێوارەی ئەمڕۆ کچەکانی لەگەڵ خۆیدا نەھێناوە بۆ ھوانە، بەڵام (ل- تاران)  ئەم جارەیان بەتەنیا چوەتە ناو نمایشەکەەوەو ھێرشی کراوەتەسەر.
ھێشتا نەزانراوە ئایا (ل- تارانی) بە ئاگایی و بەمەبەستەوە ئەمڕۆ چوەتە ناو نمایشکارانی ھوانە یاخود ئاگاداری وردەکاری ناکۆکی ناو ماتۆڕسوارەکان نەبووەو بووە بە قوربانی بێئاگایی خۆی.

پۆلیس چاوەڕێی سکاڵایە !
سەرباری ئەوەی دیمەنی پەلاماردانی ئەو کچە لەلایەن ژمارەیەکی زۆر کوڕەوە کاردانەوەو جۆرێک لە رایگشتی لەناو تۆڕە کۆمەڵاییەکان دروستکردووە، بەڵام تا ساتی بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییانە پۆلیس ھیچ بەیاننامەیەکی لەبارەی رووداوەکە بڵاونەکردوەتەوە.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێ" تائێستا کەس سکاڵای یاسایی لەسەر رووداوەکە تۆمار نەکردووە".

 

گرتە ڤیدیۆییەكان كۆن و نوێ 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand