خواوەند و مشایەخەکان نەبون بە مێژوو، لە نوێبونەوەدان 

Draw Media

2020-05-21 14:53:12



پەیمان عزەدین 

 هەموو ئاین و بیروباوەڕە جیاوازەکان پڕن لە  پیرۆزی  ، پیرۆزیەکان بە پێی قۆناغەکانی گەشەکردنی مرۆڤایەتی و ئاینەکان ، گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە . ئەوەی لە ئایین یا بیروباوەڕێکدا پیرۆز بووە و شایستەی پەرستن بووە .لە یەکێکی تردا مایەی گاڵتەجاڕی و بە کەم سەیرکردن بووە .
لە زۆر سەرەتاکاندا و لە بەشێک لە ئاینەکاندا ،چەندین خواوەندی سەیر و سەمەرە ، دەسەڵاتی گەورەیان هەبوەو ئەو دەسەڵاتانەش لای باوەڕمەندانیان جێی پێزانین و پەرستن بووە ، کە تا ئێستاش بونیان هەیە ،لە کاتێکدا کە بە تێپەڕبونی کات و گەشەکردنی بیری ئاینیی ،ئەو چەشنە لە پەرستن بووە کوفر و سومبولی دواکەوتویی و نەزانینی ئینسان .
لەگەڵ سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلامدا ، بت پەرستی گۆڕا ، بتەکان شکێنران ، خوایەکی تەنیا بووە جێی سوپاسگوزاری و پەرستن ، بەڵام تەنانەت ئەم ئاینە فراوان ونوێیەش ، نەیتوانی پەرستن کاڵ بکاتەوە ، هاوشانی خوا ،هەر گروپ و کۆمەڵەیەی چەند کەسێکی پیرۆزیان بۆ خۆیان دروستکردەوە ، بتەکان لە کۆمەڵێ پەیکەری بێ ڕۆحەوە بونە کۆمەڵێک کەسایەتی ئاینی.
ڕەنگە نزیکترین نمونە لێمانەوە ،ئەو دەیان شێخ و مشایەخە بێت کە لە کۆمەڵگای کوردیدا ئەیانبینین ، بە دڵنیاییەوە لە ناو زۆر لە نەتەوە جیاوازەکانی تریشدا هەن .
هیچ گومان نیە لەوەی کە ئەو شێخانە و لە ژیانی خۆیاندا کەسانی زانا و دانا بون بەبەراورد بە دەوروبەرەکەیان ، هەر بە نمونە هەیانبوە خاوەنی ڕۆژژمێری خۆی بوە بۆ دەستنیشانکردنی وەرزەکانی ساڵ و کاتی پەڵە دان و چەندین زانیاری تر، هەروەک چۆن گومان نیە  لە هەوڵەکانیان بۆ قسەی چاک و کرداری چاک لەناو کۆمەڵگاکەیاندا ، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە نایانکاتە ئەفسانە و بەرزیانناکاتەوە بۆ پیرۆزی و پەرستن ، کە ئەمە بە ئاسانی و ئاشکرا ئەبینرێ ، نەوە و باوەڕمەندانی ئەو شەخسانە ،بە ر لە خوا داوای پاراستن و ڕزق و ڕۆزی لەوان ئەکەن ، داوای مناڵ و تایبەتتر مناڵی کوڕ لەوان ئەکەن ، نەخۆشەکانیان ئەبەنە مەرقەدەکانیان بۆ چاکبونەوە، دەیان ئەفسانەی جۆراوجۆریان بۆ ڕێکخراوە.
تا ئێرە ڕەنگە ئاسایی بێت ، بیرکردنەوەی کورتی خەڵک و نزمی ئاستی هۆشیاری  و ترس لە ژیان و مردن و هەمو بابەتە ڕوحیەکانی تر هۆکارن لە پشت مانەوەی مەرقەدی مشایەخان و پاڕانەوە لێیان و پیرۆزکردنیان ، بەڵام کاتێک چەمکی پیرۆزی و پەرستن ئەپەڕێتەوە ناو سیاسەت و فیکر ، کاتێک سەرکردەیەکی سیاسی یا بیرمەندێک ،هەمان مامەڵەی خواوەند و مشایەخی لەگەڵ ئەکرێ ، کاتێک پیرۆزکردن و پەرستنەکان  تەنیا لەناودا جیاوازیان ئەمێنێ ، لەوێدا ئیتر مەودایەک بۆ بیرکردنەوە و گەشەکردن و تێپەڕاندنی کۆیلایەتی نامێنێ .
لەکۆی ئەو کۆمەڵگایانەی پەرستن بەشێک بوە لە بیروباوەڕ و هەڵسوکەوتەکانیان ، ئەم چەمکە چۆتە ناو سیاسەت و ئیدارە وتەنانەت هونەریشیانەوە ، بۆیە ئەبینین هیچ حیزبێکی سیاسی ناتوانێت دوای مردنی سەرۆکەکەی درێژە بە فیکری سیاسی و پلانی کاری بدات، هەموو بۆ مانەوەیان پێویستیان بە پیرۆزیەک و مەرقەدێکە .
ئەوەی مەرقەدی سەرۆک حیزبەکان لە مەرقەدی ئیمام و مشایەخەکان جیائەکاتەوە ،پەڕۆی سەوزە ،ئەگەر نا لە ناوەڕۆکدا هەمان مانای هەیە .
بە دڵنیاییەوە کەس ناتوانێ خەتی ڕاست و چەپ بەسەرخەبات و ڕابردو وقوربانیدانی ئەو سەرکردانەدا بێنێ ، بەڵام نە مەرقەد و نە مەولود و نە زیکر و تەهلیلە هەڵە و کە متەرخەمیەکانیان ناسڕێتەوە .
پیرۆزی و پەرستن ، ئەو دوو دەردە کوشندەیەن کە تا خۆمانی لێ ڕزگار نەکەین ، ناتوانین ڕاستی ببینین و بۆمان ناکرێ لە بازنەی داخراوی مشایەخی خۆمان بڕۆینە دەرەوە ، تا دێ ژمارە وجۆری بتەکان زیاد دەکەین و بە دڵی خۆمان دەسەڵاتیان بۆ دروست ئەکەین.   
جا ئەگەر لەناو تێگەیشتنی ئاینیدا ،پپرۆزکردنی شەخس بیدعەیەکی شەرعی بێ ، ئەوا بە دڵنیاییەوە پیرۆزیەکانی ناو حیزبیش بیدعەی سیاسین ، کە ئامانج لێیان بەردەوامیدانە بە گێلکردن و یاریکردنە لەسەر وەتەری هەست و سۆزی پەیڕەوکەرانیان. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand