سەرۆکی حکومەتی هەرێم توشی سەرسوڕمانمان دەکات

Draw Media

2021-12-01 18:04:34



 

ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

لە پەراوێزی دیالۆگی مەنامەدا کە پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی لە بەحرێن سازیکردبوو، هەردوو ڕۆژنامەی ئەڵمانی، (فرانکفۆرتەر ئەلگەماینە تسایتونگ) و (دی ڤێلت) چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ مەسرور بارزانی سەبارەت بە پرسی کۆچی کوردان، سازکرد. بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستی ئەو رۆژنامەنووسانەدایە، لەنێوان 10.000 بۆ 15.000 کەس لەسەر سنوری بێلاڕوس و پۆلۆنیادا گیریان خواردووە. نزیکەی سەدا حەفتایان لە عێراقەوە هاتوون و لەو ژمارەیەش سێ لەسەر چواری هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن. سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە چاوپێکەوتنەکەیدا بەچەشنێک باس لە دیاردەی کۆچی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات، وەک ئەوەی دیاردەیەکی نامۆ بێت بە دۆخی سیاسیی و ئابووریی وڵاتەکەی، چونکە بە بیستنی ئەو هەواڵە لە میدیاکانەوە توشی سەرسامییەکی گەورە بووە. مەسرور بارزانی وەک سەرکردەیەکی بێئاگا لە دۆخی وڵاتەکەی خۆی قسەدەکات و دەڵێت، „ئێمە ئاگامان لێ نەبوو چی ڕوودەدات، توشی موفاجەئە بووین دوای ئەوەی بۆمان ڕوونبووەوە چەند کەس لە کوردستانی عێراقەوە بەرەو بێلاڕوس بەڕێکەوتوون“.

لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە کاتێک باپیری مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی نسکۆی شۆڕشی حەفتاوچواری کرد، پاشان لە جەنگی عێراق و ئێرانی ساڵانی هەشتاکانەوە، تاوەکو کۆتایی جەنگی عێراق و هاوپەیمانان لە سەرەتای نەوەدەکان و تادەگات بە کۆڕەوەکە، هاوڵاتیانی کوردستان بە شێوەیەکی سیستەماتیک ناچار بە کۆچ دەکرێن. هاونیشتیمانیانی کوردستان یان لە وڵاتی خۆیان پەناهەندەی ناوخۆیی بوون، یان لەدەرەوەی وڵاتەکەی خۆیان داوای پەناهەندەییان کردووە. شەڕی خوێناوی نێوان باوکی سەرۆکوەزیران و باوکی جێگرەکەی هەزاران پەناهەندەی ناوخۆیی بەرهەمهێنا و دەیان هەزار کەسیش وڵاتی خۆیان بەجێهێشت و ڕویان لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا کرد. کۆی ئەو شەپۆلی کۆچانەی سەدەی ڕابردوو و ئەم سەدەیە دەرئەنجامی جەنگ و تیرۆری دەوڵەتیی و وێرانکردنی ژینگەی کۆمەڵایەتیی و نادادیی و هەژاریی و نەبوونی خزمەتگوزاریی و داوەشانی سیستەمی پەروەردەیی و تەندروستیی بوون. کاتێک لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا دەیان هەزار دۆلار بۆ خوێندنی سەرۆکوەزیران لە دەزگا و زانکۆ تایبەتەکانی بریتانیا و ئەمریکا سەرفدەکرا، بە دەیان هەزار هاوڵاتیی مەدەنیی کوردستان لە جەنگی ناوخۆیی هەڵدەهاتن، بۆئەوەی ژیانی خۆیان و منداڵیان لەو جەهەنمە بپارێزن کە دوو حیزبە باڵادەستەکەی هەرێم بۆیانیان بەرهەمهێنابوو.

سەرۆکوەزیران لە درێژەی قسەکانیدا دەیەوێت ئەو وەهمە وەک حەقیقەت بۆ میدیای ئەڵمانیی نماییشبکات کە هەموو ئەوانەی هەرێمەکەی ئەویان بەجێهێشتووە لەبەر برسێتیی و نەداریی نەبووە، بەڵکو زیاتر وەک موغامەرەیەکی فەردیی و بڕیارێکی نامەفهوم نماییشی دەکات، ئەو دەڵێت، „خەڵکانێکی تێدابوو کە دۆخی ئابوورییان باش بووە، هەموویان ڤیزایان هەبوو و بە ڕەسمیی لە ڕێگای هێلە ئاسمانییەکانەوە سەفەریان کردووە.“ کاتێک مرۆڤ ئەم ڕستانە دەخوێنێتەوە، بەقووڵی توشی سەرسامیی دەبێت لە توانای شیکاریی سەرۆکوەزیرانی میللەتێک کە چەند بێئاگایە لە دۆخی ژیان و گوزەرانی میللەتەکەی خۆی و ژیانی خەڵکانی میللەتانی تری دونیاش. جیاوازیی نێوان هەڵهاتنی خەڵک لە دەوڵەتە ستەمگەرەکان و دەوڵەتە هەژارەکان لەگەڵ هەڵهاتنی خەڵک لە هەرێمی کوردستاندا ئەوەیە کە یەکێکیان بە نهێنی هەڵدێت و ئەوی تریان بە ئاشکرا، بەڵام هۆکارەکانی یەک سەرچاوەیان هەیە. بەپێی ئەو داتا نێودەوڵەتییانەی لەبەردەستتان هەموو کەسێک ئەوسا لە کوردستانی دەوڵەمەندەوە بێت یان لە ئەفریقای هەژارەوە لە ئەفغانستانەوە بێت یان لە سوریاوە، لەنێوان 7.000 بۆ 10.000 دۆلار سەرفدەکات تاوەکو دەگات بە ئەوروپا. گروپە قاچاچییەکانیش ساڵانە ملیاردەها دۆلار لەو پیشەسازیی بازرگانییکردنە بە ژیانی مرۆڤەکانەوە قازانجدەکەن. قاچاخچییەکان فرۆشیاری خەونی ئەوروپیین بۆ ئەوانەی ژیانیان لە وڵاتی خۆیاندا جەهەنمە.

ئەوەی لەو چاوپێکەوتنەدا تووشی سەرسامیی زیاترمان دەکات پێشنیارەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمە بۆ چارەسەری کێشەی پەنابەرانی کورد و عێراقیی. ئەو داوا لە ئەوروپییەکان دەکات یارمەتییان بدەن دژ بە باندە قاچاخچییەکان هەنگاوبنێن، تاوەکو خەڵکی وڵاتەکەمان هەڵنەخەڵەتێنن و لەپێناو گەیشتن بە ئەوروپاش ئەو رێگا پڕ لە مەترسییە نەگرنە بەر! ئەم باندانە بە بۆچوونی مەسرور بارزانیی „تەنها بۆ ئاساییشی ئێمە مەترسییدار نین، بەڵکو بۆ ئاساییشی ئەوروپاش“. ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە مێژووی کۆچ پێمان دەڵێت زۆرینەی ڕەهای کورد بە سەرکردە و خەڵکی ئاساییەوە بەشێوەی ڕەسمیی سەفەری نەکردووە، بەڵکو بەڕێگای قاچاخەوە بووە. مەسرور بارزانیی دەبایە بیزانیبایە کە لە پەڕینەوەى باپیری لە ڕوباری ئاراسەوە بۆ یەکێتیی سوڤێتی ئەوسا تا دەگاتە ڕەوەکە و جەنگی ناوخۆیی پارتی و یەکێتی، خەڵکی کوردستان بە قاچاخ سنورەکانیان بڕیوە. بێگومان چ قاچاخییکردن بە مرۆڤ و چ قاچاخییکردن بە سامانی وڵات مەترسییە بۆ سەر ژیانی ئینسانەکان و ئابووریی دەوڵەت. یەکێتی ئەوروپا ساڵانە ملیۆنەها یۆرۆ دەبەخشێت بە تورکیا بۆئەوەی سنوورەکانی ئەوروپای بۆ بپارێزێت و ئێستاش سەرۆکی هەرێم داوای یارمەتیی لە ئەوروپا دەکات بۆئەوەی کۆمەکیان بکات دیاردەی بەقاچاخبردنی خەڵک بنەبڕ بکەن وەک ئەوەی تاوانی قاچاخچییەکان بێت کە خەڵکی وڵاتی ئێمە هەڵدەخەڵەتێنن، بۆئەوەی بەرەو هەندەران هەڵبێن! ئەو بڕوای وایە وڵاتەکە پارەی زۆرە و پێویستی بە کۆمەکی دارایی نییە، بۆیە داوا لە ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا دەکات هەوڵی زیاتر بدەن بۆ رێگریی لە دیاردەی قاچاخ و کۆمەکی عێراق بکەن بۆ ریفۆرم و دژایەتیکردنی گەندەڵیی. دوباره مرۆڤ توشی سەرسامیی دەبێت کاتێک سەرۆکوەزیران قاچاخچییەکان بە مەترسیی بۆ سەر ئاساییشی کوردستان و ئەوروپا وێنادەکات، لەکاتێکدا ئەو هەرێمۆکەی کە خۆی سەرۆکایەتیی حکومەتەکەی دەکات پڕاوپڕە لە قاچاخچیی نەوت و گاز و بەنزین و ئەلکهول و دەرمان و ئۆرگانی جەستە و جگەرە و جگەر و هتد کە مەترسیی جیدین بۆ سەر ئابووریی و ئاساییشی کوردستان. 

 ئەمە یەکەمینجار نییە سەرۆکی حکومەتی هەرێم توشی سەرسوڕمانمان دەکات. مەسرور بارزانی وەک زۆرێکی تر لە سەرکردە سەرمەستەکانی تر بە سیاسەتی نیولیبراڵیزمی ئەمریکیی وادەزانێت هەموو دونیا ئەمریکایە و وەک خوێندنەکەی خۆی نرخی زانکۆ بە هەزاران دۆلارە، بۆیە لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکاندا سەرسامیی خۆی دەربڕی و گوتی: لە کوێی دونیادا خوێندن بە خۆڕاییە؟! بارزانی هاوشێوەی نائاگاییەکەی لە دۆخی وڵاتەکەی کە بۆچی هەزاران کەس کۆچدەکەن، لەوەش بێئاگایە چ لە ئەوروپا و چ لە عێراقیش دەستوورێک بوونی هەیە کە خوێندن وەک مافێکی گشتیی پێناسدەکات و دەوڵەت دەبێت بە خۆڕایی پێشکەشی هاوڵاتیانی بکات. ئەوەی لە سیاسەتی پەروەردەیی وڵاتاندا جیاوازە بڕی کۆمەکەکان و مۆدێلی کۆمەکەکانە لە قۆناغە جیاوازەکانی خوێندن و ژیانی شەخسیی و خێزانییدا.

دەبێت ئەو زانیارییە هەڵەیە بۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێم ڕاستبکەینەوە کە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بۆ سەیران و گەشت ناچن بۆ ئەوروپا، بەڵکو بۆ دۆزینەوەی ژیانێکی پارێزراو و کەرامەتدار و دادپەروەر موجازەفە بەژیانی خۆیانەوە دەکەن، بۆئەوەی بگەن بە دەوڵەتانێک کە یاسا تیایاندا سەرەوەرە و قاچاخچیی سیاسیی بەڕێوەی نابات. کەس بەدوای میللەتێکی تردا ناگەڕێت بۆئەوەی تیایدا بتوێتەوە، بەڵکو بەدوای وڵاتێک و حکومەتێکی یاساییدا دەگەڕێت کە تیایدا مافی تاکەکان و شوناسە کۆمەڵایەتیی و ئایینی و ئەتنیی و جێندەرییەکانی گروپە کۆمەڵایەتییەکان پارێزراو بن. ئەو کەسەی سەری خۆی هەڵدەگرێت و تاراوگە هەڵدەبژێرێت، خیانەت لە نیشتیمانەکەی ناکات، بەڵکو ئەو کوالیتی ژیانە بەنەفرەتدەکات کە حکومەت و خێزانە سیاسییەکانی وڵاتەکەی بۆیان بەرهەمهێناوە. 

کوردیش وەک عەرەب خەریکە ببێت بە گەلێکی بێ قەزییە. ئەم میللەتە ساڵانێکی زۆر خاوەن قەزیە بوو، خاوەن چیرۆکی سیاسیی و تراژیدیای ئینسانیی گەورە بوو، خاوەن خەون و ئیرادەی مانەوە بوو. لەسایەی دەسەڵاتی سوڵتانیی کوردییدا هەڵهاتوەکانمان پێویستیان بە چیرۆکی دروستکراوی نوێ و قەزیەیە، بۆئەوەی بەپێی یاساکانی ئەو وڵاتانە بتوانن مافی پەناهەندەیی وەربگرن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand