ھەڵمەتی ھەڵبژاردن و بەئەمنیکردنی واقیع

Draw Media

2021-09-19 12:12:38



مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

زۆربەی جار ”ھەڵمەتی ھەڵبژاردن“ ساتەوەختی بەخشینی مژدە و بەڵێندانە بە کۆمەڵگا، باسکردنی ئەو ڕێگایانەیە کە ھێزە سیاسییەکان دەیانکەنەوە بۆ ئەوەی بەسەریاندا کۆمەڵگا بپەڕێتەوە بۆ دۆخێک باشتر و خواستراوتر لەوەی ئەمڕۆکە ھەیە و لەئارادایە. ”ھەڵمەتی ھەڵبژاردن“ ئەو دۆخەیە تیایدا ھێزە سیاسییەکان لەڕێگای وشە و قسە و دەرکەوتن و خۆنمایشکردنەوە، ڕەھەندێکی ئایدندەیی بە ئامادەبوونیان لەناو واقیعدا دەبەخشن. کەسانێکیش قسەدەکەن کە بڕێکی باش لە کارکردنیان ”بەیۆتۆپیاکردنی واقیع“ و ”بەشیعریکردنی واقیع“ە. ھەموو ئەمانەش بەمانای بەڵێندان بە تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا و ئەوەی دروستکراوە، بەرەو ”ئایندە“یەکی باشتر و جوانتر و ئینسانیتر، لەسەر بنەمای گوتارێکی فیکریی عەقڵانیی و لەڕێگای بەرنامەیەکی سیاسیی قابیلی پیادەکردنەوە. ھەڵمەتی ھەڵبژاردن ساتەوەختی قسەکردنی ڕاستەوخۆی ھێزە سیاسییەکانە لەگەڵ کۆمەڵگادا، ساتی باسکردنی ئەو پرۆژە و پلان و ستراتیژانەیە کە بۆ باشترکردنی ئەو واقیعە ھەڵیانگرتوە.  بەڵام ئەوەی لەم ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق لە ھەرێمدا دەیبینین، لە بەشێکی گەورەیدا، ھەڵمەتی ”بە ئەمنیکردنی واقیع“ و ”بەگشتیکردن“ و ”بەموتڵەقکردنی ترسە لە کۆمەڵگادا“، ئامرایی سەرەکیی ئەم ستراتیژەش ھەڕەشەیە، ھەڕەشەی گەورە. 

لە چەند ڕۆژی ڕادوردودا پاڵەوانی بەرجەستەکردنی ئەم دۆخی ”بەئەمنیکردنی واقیع“ە، دیسانەوە یەکێک لە سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو.  قسەکانی ئەو بەرپرسەی پارتی بوو کە وەک ھەمیشە بەبێ ھیچ شەرمکردنێکی سیاسیی و ناسیایی ووتی: ئەگەر لە ھەڵبژاردندا ”پارتی ھێزی یەکەم نەبێت شەڕی ناوخۆ دروستدەبێتەوە“ یاخود، ”ئەگەر بمانەوێت شەڕ نەبێت لە ھەرێمی کوردستان دەبێت پارتی ھێزی یەکەم بێت“. بۆ ھەموو کەس ئاشکرایە قسەی ئەم بەرپرسەی پارتی ھەڕەشەیەکی ڕووت و بێدەرپێیە. 


بێگومان پارتی تاکە ھێزێک نییە پەنا بۆ ئەم زمانە ھەڕەشەئامێز و ئەم بێنرخکردنە ھەمەلایەنی کردەی ھەڵبژاردن لە ھەرێمدا ببات. یەکێتیش لەناو ھەمان گوتاری ھەڕەشەکردن و بێنرخکردنی ھەڵبژاردندایە. ھەمووان لەبیریانە چۆن چەندساڵێک لەمەوبەر، مەلا بەختیار، لەسەر ھەمان نەزمی  بەرپرسەکەی پارتی و بەھەمان تەڵاقدانی شەرمی سیاسیی و ناسیاسییەوە، ووتی ”یەکێتی لە ھەڵبژاردندا یەک کورسیش بھێنێت ھەر یەکێتییە“، مەبەستی لەمەش ئەوەبوو یەکێتی وەکچۆن پێش ھەڵبژاردن ھێزێکی دەسەڵاتدار و حوکمڕانە، دوای ھەڵبژاردنیش، بە یەک کورسیشەوە، ھەر حوکمڕان دەبێت و دەسەڵات بۆ براوەکانی ھەڵبژاردن بەجێناھێڵێت. ئەمەش تەنھا یەک مانای ھەیە:  ئەوەی بیەوێت لەدوای ھەڵبژاردنەوە دەسەڵات لە یەکێتی  ببسێنێتەوە، با ھەڵبژاردنیشی بردبێتەوە، ڕووبەڕووی ”تۆڵەی بەزەبری“ ئەم ھێزە دەبێتەوە.

چەمکی ”بەئەمنیکردن“ یەکێکە لە چەمکە گرنگەکانی ناو زانستە سیاسییەکان و بە شێوەیەکی گشتیش دوو ڕەھەندی ھەیە. یەکەمیان ڕەھەندێکی مادییە کە لە بوونی چەندان دەزگای سەربازیی و ئەمنیدا بەرجەستەیە، ئەمانە توانای تێکدانی ئەمن و ئاسیش و پەلاماردانی کۆمەڵگایان ھەیە. دووھەمیان ڕەھەندێکی زمانەوانییە، کە تیایدا  قسەکردن ڕۆڵی سەرەکیی لە بەئەمنیکردنی واقیعدا دەبینێت.قسەکانی پارتی و یەکێتی دەلالەت لە ئامادەگیی ھەردوو ڕەھەندە سەرەکییەکەی بەئەمنیکردنی واقیع دەکەن. ئەم دوو ھێزە چەندان بکەری سیاسیی و میدییایان ھەیە کە ئیشیان ”بەئەمنیکردن“ی واقیعە، بێنە سەرشاشە و جۆرێک لە ”زانیاریی“ ئاشکرابکەن، یاخود بەرھەمبھێنن، کە واقیع بەشێوەیەک نیشانبدەن و بە شێوەیەک دایبڕێژن لەگەڵ خواستی ئەو ھێزەدا کە بەناوییەوە قسەدەکەن، تەبابێت. 

بەڵام بۆچی پرۆسەی ”بەئەمنیکردنی واقیع“ و زمانی ھەڕەشەکردن دەبن بە بەشێکی گرنگ و سەرەکیی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن؟ چی وادەکات ھێزێکی سیاسیی پەنا بۆ ئەم سیاسەتی ھەڕەشەکردن و بۆ تاکتیکی ”بەئەمنیکردن“ی واقیع ببات؟ بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە پێویستە جارێکیتریش بۆ بۆچونەکانی فەیلەسوفی سیاسیی ئیتالی ئانتۆنیۆ گرامشی بگەڕێینەوە. 
گرامشی کاتێک باس لە ھێزە سیاسیەکان و فۆرمەکانی دەسەڵاتدارێتی  دەکات دووجۆری سەرەکیی لەیەکتری جیادەکاتەوە: ئەو ھێزانەی کە خاوەنی ”ھەیمەنە“ی سیاسین، بەرامبەر بەو ھێزانەی کە ئەو ”ھەیمەنە“یەیان نییە یان لەدەستداوە. چەمکی ھەیمەنە لای گرامشی مانای توانای سەرکردایەتیکردنێکی کولتوریی و فیکریی و ئەخلاقیی کۆمەڵگایە، تیایدا زمانی ھێزە خاوەن ھەیمەنەکان دەبێت بە زمانی زۆرینەی کۆمەڵگا و ئەو زۆرینەیە دەبێتە وەرگریی دید و دونیابینیی ئەو ھێزە خاوەن ھەیمەنەیە. بەڵام ئەو ھێزانەی کە ”ھەیمەنە“یان نییە، یان لەدەستداوە، بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتدا پەنا بۆ ”شەڕێکی دەستەویەخە“ لەگەڵ کۆمەڵگادا دەبەن، بەردەوام خەریکی ترساندن و ھەڕەشەکردن و درۆکردن و تەزویرکردنی واقیعن، سڵ لەبەرکارھێنانی بەردوامی توندوتیژیی ناکەنەوە. ئەم جۆرە ھێزانە لەڕووی بڕوا و متمانەپێکردنەوە ئیفلاسێکی تەواوەتییان کردوە و سەرجەمی قسە و بەڵێن و مژدەکانیان وەک ڕستێک لە درۆ و ھەوڵدانی ڕێکخراو بۆ خەڵەتاندن و سەرلێشێوان، مامەڵەدەکرێن.  ئەم ھێزانە لە ھێزی مژدەدەر و بەڵێندەرەی خاوەن متمانەوە، گۆڕاون بۆ ھێزێک درۆکردن سەرەتا و کۆتایی ئامادەگییانە لەناو جیھان و لەناو کۆمەڵگادا. 

ئەوەی لەم ساتەدا لە ھەرێمدا دەیبینین لە دەستدانی ھێزە سیاسییەکانە بۆ ھەر جۆرە ھەیمەنەیەکی فەرھەنگیی و ئەخلاقیی و ڕەمزیی، ئەوەی بۆیان ماوەتەوە زمانی ”بەئەمنیکردن“ و ”ھەڕەشەکردن“ و ترساندنە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand