شایستەی دارایی مانگی ئازار ٢٠٢١ ی کۆمپانیا نەوتییەکان

Draw Media

2021-05-28 07:24:57



درەو:

راپۆرتی: ڕێکخراوت ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت

كۆمپانیای نەوتیەكان پارەی مانگی ئازاری 2021یان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، کۆی ئەوپارەیەی لە (5) کێڵگە لە کۆی ( ٩) کێڵگەی وەبەرهێنی نەوتی هەڕێم کە  لەلایەن (8) کۆمپانیاوە وەرگیراوە لە مانگی ئازاری ٢٠٢١ دا  بریتی بووە لە  (١٣٢ ملیۆن و ١٠٠ هەزار ) دۆلار ، هەروەها بڕی ( ٢٣ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار )دۆلاریش هەردوو کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی و دی ئێن ئۆ بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتودا وەری بگرن  وەکو شایستەی دواخراوی کێڵگەی تاوکی.  لەگەڵ وەرگرتینی ئەو شایستەدا کۆی  پارەی وەرگیراو دەبێت بە ( ١٥٦ ملیۆن )دۆلار.

 

شایستەکان بەم شێوەیەی خوارەوە وەرگیراوە:
 

١  کێڵگەی تاوکی ( تاوکی – پیشخاپور)

هەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی DNO نەرویجی وکۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی تورکی لە کێڵگەی تاوکی خاوەن پشکن. شایستە دارایی ئەو دوو کۆمپانیایە لەو کێڵگەیە بۆ مانگی ئازار بریتی بووە لە ٨١,١ ملیۆن دۆلار لەم بڕە ٢٣ ملیۆن و ٩٠٠ ملیۆنی شایستەی دواخرو وەرنەگیراوە بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا وەربگیرێت. تەنها پشکی کۆمپانیا نەرویجییەکە (دی ئێن ئۆ) ٥٥ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلارە، لەو بڕە ٤٢,٩ ملیۆن دۆلار پشکی فرۆش ی نەوت و شایستەی  مانگی ئازاری کۆمپانیاکە بووە. کۆی شایستەی گەنێڵ ئەنێرجی لە کێڵگەکە بریتی یە لە ٢٥,٣ ملیۆن دۆلار لەم بڕە   ١٤,٣ ملیۆن دۆلار شایستەی فرۆشی نەوتی ئازاری کۆمپانیاکە بووە و وەرگیراوە،  هەروەها دی ئێن ئۆ بڕی ٥,٥ ملیۆن دۆلاری  داهاتی ٣٪ ی کۆی بەرهەمی کێڵگەکە و کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجیش ٤,٥٪ ی کۆی داهاتی کێڵگەکە کە بریتی بووە لە ٨,٢ ملیۆن دۆلارە هێشتا وەریان نەگرتووە (بە پێی ڕیکەوتنێک لە  ساڵی ٢٠١٧ دا کۆمپانیاکان لەگەڵ هەرێم کردویانە، لە ناوچەی گرێبەستی تاوکی لەیەکێک لە بڕگەکانیا مافی ئەوە دەدات بە گەنێڵ ئەنێرجی و دی ئێن ئۆ ٧,٥٪ کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ ماوەی  ٥ ساڵ وەربگرن [ ٣٪ بۆ دی ئێن ئۆ و ٤,٥٪ بۆ گەنێڵ] لەبری ئەو قەرزانەی لای حکومەت هەیان بووە تا پێش ئابی ٢٠١٧  ).  هەروەها دی ئێن ئۆ بڕی ٧,٤ ملیۆن دۆلار گەنێڵیش بڕی ٥,٤ ملیۆن دۆلاری ئەو شایستەی دواخراو یان قەرزی ساڵی ٢٠٢٠ وەرنەگرتووە کە ئەم دوو جۆرە شایستە وەکو لەسەرەوە باس کرا ٢٣,٩ ملیۆن دۆلار دەکات . بەوەرگرتنیان دەبێت بە سێهەم گوژمە کۆمپانیاکان وەری دەگرنەوە گوژمەی یەکەم و دووەمی شایستە دواخراوەکان لە گەڵ شایستەی فرۆشی نەوتی مانگی کانوونی دووەم و شوباتدا وەرگیراوە.

بە پێی میکانیزمێک کە حکومەتی هەرێم لە مانگی ئازارەوە پەیڕەوی دەکات بۆ دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان کاتێک نرخی نەوتی برێنت لەسەرو ٥٠ دۆلارەوەبێت بۆ هەر سەنتێکی زیادە ٢٠٪  بۆ ئەو شایستە دوا خراوانە دەبێت. پێشتر لە دوو مانگی سەرەتای ساڵدا ئەم رێژەیە ٥٠٪ بووە . 

کۆمپانیای دی ئێن ئۆ خاوەنی ٧٥٪ پشکەکانەو گەنێڵ ئەنێرجی خاوەنی ٢٥٪ ی پشکەکانە. ناوچەی گرێبەستی تاوکی لە پارێزگای دهۆکە و پێک دێت لە کێڵگەی تاوکی بەرهەمی رۆژانە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ دا بریتیی بووە  لە ٥٣٫٨٥٠ بەرمیل و بەرهەمی فیشخاپور ٥٦٫٣٢٠ بەرمیل بەسەریەکەوە هەردوو کێڵگەکە بەرهەمیان  لە ١١٠٫١٧٠بەرمیل نەوت بووە بەڵام بەشێوەیەکی بەردەوام لەساڵی نوێوە بەرهەم لەزیادبوندایە  بەشێوەیەک لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دا بەرهەمی کێڵگەکە رۆژانە  ١١٠,٩٠٠ بەرمیل و لە مانگی شوباتدا ١١٢,٠٠٠ بەرمیل و لە مانگی ئازاردا بۆ ١١٣,١٠٠ بەرمل نەوت بەرزبووەتەوە تا ئەوەی لەسەرەتای مانگی نیاساندا بەرهەم گەشتوەتەو ١١٥,٥٠٠ بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.

٢- کێڵگەی شێخان 

  لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای ( ئێم ئۆ ئێڵ) ی هەنگاری و گۆڵف کیستۆنی بەریتانی پێکەوە٣٢,٣ملیۆن دۆلار یان وەرگرتووە، لەم بڕە کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنی بەریتانی  ٢٥,٣ملیۆن دۆلاری وەر گرتووە بۆ شایستەی ئازار ٢٠٢١ لە کێڵگەی شێخان. بڕی ١,٢٨ ملیۆن دۆلار شایستەی فرۆشی نەوتی ئازار بووە کە ٢٢ ملیۆن دۆلاری  بۆ گۆڵف کیستۆن و ٦,١ ملیۆن دۆلار بۆ ئێم ئۆ ئێڵ. هەروەها بڕی ٤,٢ ملیۆن دۆلار وەکو شایستە دواخراواکان وەرگیراوە ،لەم ىڕە ٣,٣ ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن و بڕی ٠,٩ ملیۆن دۆلار بۆ  ئێم ئۆ ئێڵ وەکو شایستەی مانگە دوا خراوەکان وەر گرتووە.

داهاتی کۆمپانیاکان لەم مانگەدا بەراورد بە مانگی پێشو ٢,٩ ملیۆن دۆلار زیادی کردووە کە دەکاتە رێژەی ٩٪.

 لە کانوونی دووەم دا بەرهەمی رۆژانە بریتی بووە لە ٤٠٥ ,٤٤ بەرمیل نەوت. کێڵگەی شێخان  دەکەوێتە پارێزگای دهۆک،کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ٨٠٪ ی پشکەکان و ( ئێم ئۆ ئێڵ) پشکی ٢٠٪ ی هەیە لە و کێڵگەیەدا.


٣- کێڵگەی ئەتروش

کۆی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە کێڵگەی ئەتروش  لەم مانگەدا بریتی بووە لە ٢٩,١٢٥ ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای شاماران کە پشکی ٢٧,٦%کێڵگەکەی هەیە بڕی ١٠,٦٥٥ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە و کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی کە خاوەنی ٤٧,٤%ی پشکەکانە بڕی  ١٨,٤٧ ملیۆنی وەرگرتووە.. شایستەی فرۆشی نەوتی مانگی ئازار کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بریتی بووە  لە ٢٧,٢ ملیۆن دۆلار  لەم بڕە پشکی شامارەن بریتی بووە لە ١٠ ملیۆن دۆلار و تاقە ١٧,٢ هەروەها بڕی ئەو شایتسە دواخراوانەی لەم مانگەدا کە وەرگیراوەتەوە بریتی بووە لە ١,٩٢٥  ملیۆن دۆلار ، کۆمپانیای شاماران بڕی ٦٥٥ هەزار دۆلار و تاقەش ١,٢٧ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووەتەوە.

داهاتی کۆمپانیاکان تەنها لە شایستەی مانگی ئازار بڕی ٤,٣٢ ملیۆن زیادی کردووە بەراورد بە مانگی کانوونی دووەم کە دەکاتە رێژەی  ١٦٪ .

تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دا بریتی بووە لە ٤٧٫٤٥٠  هەزار بەرمیل. بەرزترین ڕێژەی بەرهەم لە ٢٧/٣/٢٠٢٠دا بووە کە گەشتووەتە ٥٤ هەزار و٥٥ بەرمیل نەوت.

٤- کێڵگەی سەرتە

کێڵگەی سەرتە چوارەمین مانگە شایستەی فرۆشی نەوت وەردەگرێت  یەکەم جار  کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی شایستەی دارایی مانگی کانونی یەکەمی کێڵگەی سەرتە وەرگرت. شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بۆ مانگی ئازار بریتی بووە لە ٩,٢     ملیۆن دۆلار . پشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی   ٣,٤  ملیۆن بووە و ئەو    ٥,٨  ملیۆنەی دەمێنێتەوە پشکی کۆمپانیای شیڤرۆنە ( پشکی شیڤرۆن لەسەر بنەمای پشکی کۆمپانیاکە لە کێڵگەکە وەرگیراوە). ئەم کێڵگەیە لە مانگی تشرینی دووەم ٢٠٢٠ بەفەرمی وەک کێڵگەیەکی بەرهەمهێنی بازرگانی ڕاگەیەنرا، بەرهەمی کێڵگەکە زیاتر لە ١٠٫٠٠٠ بەرمیل نەوتە لەڕۆژێکدا.

داهاتی کۆمپانیاکان لەم مانگەدا بەراورد بە مانگی پێشو ٤,٩ ملیۆن دۆلار زیادی کردووە کە دەکاتە رێژەی ٥٣٪ زیادی کردووە.

 کێڵگەی سەرتە دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوە و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی پشکی ٥٠٪ و گەنێڵ ئەنێرجی ٣٠٪ و هەرێم ٢٠٪ ی هەیە.

٥ – کێڵگەی تەق تەق

گەنێڵ ئەنێرجی خاوەن پشکی ٤٤% ی کێڵگەی تەق تەقە  کۆمپانیاکە بڕی ٢,١ ملیۆن دۆلاری وەکو شایستەی  مانگی شوبات وەرگرتووە و بڕی ١,٦٥ ملیۆن دۆلاری لەبری شایستە دواکەوتووەکان وەرگرتووەتەوە، هەروەها کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم پشکی ٣٦% هەیە بەو پێیە بێت کۆمپانیاکە بڕی شایستەی بۆ شوبات کردوویەتییە  ٠,٣ ملیۆن دۆلار و  شایستەی  دواخراویش دەبێت ٠,٢٣٥ ملیۆن بووبێت. کەواتە کۆی پارەی وەرگیراو لەلایەن کۆمپانیاکانەوە نزیکەی ٤,٢٨٥ ملیۆن دۆلارە. تێبینی دەکرێت لە گەڵ ئەوەی نرخی نەوت لەمانگەکانی ڕابوردودا بەرزبووە بە پێچەوانەی کێڵگەکانی ترەوە داهاتی ئەم کێڵگەیە کەمی کردووە ئەویش بەلێکدانەوەی ئێمە بۆ کەمبوونەوەی بەرهەمی کێڵگەکە دەگەڕێتەوە.

بەرهەم لەم کێڵگەیە ٧,٠٠٠ بەرمیل دابەزیوە لە کاتێکدا لە چارەکی سێهەمی ٢٠٢٠ دا رۆژانە بڕی ١١,٢٦٠ بەرمیل بووە واتە بەڕێژەی ٣٧٪ بەرهەم کەمی کردووە. بەرهەمی ئەم کێڵگەیە لەساڵی ٢٠١٥ دا  ڕۆژانە ١٢٨ هەزار بەرمیل  بووە، بەڵام بەهۆی هاتنە ناوەوەی ئاوێکی زۆر بۆ ناو حەشارگە نەوتییەکە بەرهەمی  زۆر کەمی کرد و بەردەوامیش بەرهەمی لەکەم کردندایە.

٦- سەرسەنگ

لە کێڵگەی سەرسەنگ هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئێچ کەی ئێنی HKN  ئەمەریکی  خاوەنی ٦٢٪ی پشکەکانە و کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی ١٨٪ ی پشکەکان .  زانیاری لەسەر شایستەی دارایی مانگی ئازاری ئەم دوو کۆمپانیایەمان لەبەردەست نییە.

ڕوونبین پەیوەندی بەهەردوو کۆمپانیاکەوە کرد بۆ زانینی شایستەی مانگی ئازار بەڵام  تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵاممان دەست نەکەوتووە. کۆمپانیای HKN بەشێوەی وەرزی ڕاپۆرتی دارایی و چالاکییەکانی بڵاو دەکاتەوە.

کێڵگەی سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆکە و ئاستی بەرهەمی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دا  رۆژانە بریتی بووە لە ٣١٫٥٠٠ بەرمیل نەوت.

٧- هەولێر

  لە کێڵگەی هەولێر و کۆمپانیای فۆرزا پێترۆلیۆم  کاردەکات و پشکی ٦٥٪ لە کێڵگەکەدا هەیە لە ئێستادا شایستەکانی بۆ مانگی ئازاری  ٢٠٢١ ی ڕانەگەیاندووە. ئاستی بەرهەمی ئەم کێگەیە لە مانگی شوباتدا ١١٫١٠٠ بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا . زۆر جار ئەم کۆمپانیایە بەشێوەی وەرزی ڕاپۆرتی چالاکییەکان و شایستەکانی ڕادەگەیەنێت.
هەریەک لەکۆمپانیای کار لە کێڵگەی خورمەڵە و گازپرۆم لە گەرمیان دوو کۆمپانیان تائێستا بەهیچ شێوەیەک شایستەکانیان ڕانەگەیاندووە. بەرهەمی خورمەڵە ١٧٠ هەزار و گەرمیان بە ٣٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە مەزەندە دەکرێت.

کۆی بەرهەمی نەوتی ئەو کێڵگانەی کە شایستەی مانگی ئازاریان ڕاگەیاندووە بریتییە لە ٢١٩ هەزار بەرمیل نەوت کە دەکاتە ٤٧٪ ی کۆی بەرهەمی هەرێم.

 شایستەی دارایی ئەو کۆمپانیایەنە لەو پێنج کێڵگەدا کە دەبێت وەری بگرن بریتییەلە ١٥٦ ملیۆن دۆلار بەڵام تا ئێستا ١٣٢ ملیۆن دۆلار وەرگیراوە.

لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا لە مانگی ئازاری ٢٠٢٠ دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاند کە بەشێوەی مانگانە شایستە داراییەکانیان پێ دەدات، لە وکاتەوە تاوەکو ئێستا هەرێم بەشێوەیەکی بەردەوام هەموو مانگێک و لەکاتی خۆیدا شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان بەبێ دواکەوتن دەدات. تا ئێستا سیانزە (١٣ )مانگ لەسەر یەک شایستەکان وەرگیراوە، دواترینیان شایستەی مانگی کانوونی دووەمە. وەهەر لە مانگی ئازاری ٢٠٢٠دا حکومەتی هەرێم بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاند شایستەی مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم ٢٠١٩ و کانوونی یەکەم و شوباتی ٢٠٢٠ دوادەخات تا ئەوکاتەی نرخی نەوتی برێنت دەگاتە ٥٠ دۆلار. 

کۆمپانیا نەوتییەکان لە گەڵ شایستەی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا یەکەمین بڕی شایستە دواخراوەکانیان وەرگرتەوە و ئەم مانگەش بۆ جاری سێهەم شایستە دواخراوەکانیان وەرگرت بەڵام لەبری ئەوەی مانگانە شایستەکان وەربگرن هەر ٦٠ ڕۆژ جارێک وەری دەگرن و رێژەی وەرگرتنەوەکەش کەم کرایەوە بەم شێوەیە؛ کاتێک نرخی نەوتی برێنت لەسەروو ٥٠ دۆلارەوەیە تەنها رێژەی ٢٠٪ ی ئەو  زیادەی نرخە دەدرێتەوە بەقەرزی کۆمپانیاکان لە کاتێکدا لە مانگەکانی پێشودا ئەم رێژەیە ٥٠٪ بوو. بەپێی ئەم میکانیزمە نوێیە کۆمپانیاکان ماوەی وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان درێژ دەبێتەوە، پێشتر چاوەڕییان دەکرد تاکۆتایی ساڵی ٢٠٢١ زۆربەی قەرزەکانیان وەربگرنەوە بەڵام ئێستا چاوەڕێ دەکەن لە چارەکی سێهەمی ساڵی ٢٠٢٢ دا قەرزەکانیان بە تەواوی وەربگرنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand