غیابی یۆتۆپیا و ئایدیۆلۆژیا

Draw Media

2021-04-26 11:30:51



مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) 

سیاسەتی کوردیی سیاسەتێکە بێ یۆتۆپیا و بێ ئایدیۆلۆژیا، سیاسەتێکە ڕووت و قوت، پڕ لە ھەراوھۆریای ڕۆژانە و درۆ و جنێو و بەخشینەوەی تۆمەتی ھەمەجۆر. ئەوەی ھەیە و بەرقەرارە چەندان شێوازی جیاوازیی شەرەقسەی سەرۆکە سیاسییەکان و کادرەکان و میدیاکانیانە. خاڵی ھاوبەشی ناو ئەم چەلەحانێ و چەنەبازییە سیاسییە درێژخایەنە بریتییە لە بەخۆنیشتیمانپەروەرکردن و بەخائینکردن و ناپاککردنی ئەوانیتر، ئەستۆپاکیی خود و ئەستۆپیسیی ئەوانیتر.  سێ دەیەیە ئەم دەسەڵاتدارانە، بە نەوەی کۆن و نوێیانەوە، نە گوتارێکی فیکریی، نە ئایدیۆلۆژیایەکی عەقڵانیی، نە یۆتۆپیایەکی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییان پێنەبووە، کە بەشتێکبن لە خەون و ستراتیژ و ھەوڵدانێکی حیساببۆکراوی عەقڵانیی و بەرپرس بۆ تێپەڕاندنی ئەو کێشە قووڵ و ھەمەلایەنانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵگای ئێمە بۆتەوە. ئەوەی ڕوویداوە و ڕوودەدات پێچەوانەی ئەم دۆخەبووە، ئەوان یان بێدەنگبوون و بێقسە و گوتار قڕوقەپیان کردوە، یان کە قسەیان کردوە دونیایەک شتیان شکاندوە و چەندان کێشەی نوێیان خستۆتە سەر کێشە کۆنەکان. لە پەیوەندییدا بەم دۆخەوە ئەو پرسیارەی لەم وتارەدا دەمانەوێت وەڵامی بدەینەوە ئەمەیە: ئایا ئەم غیابە ھەمەلایەنەی یۆتۆپیا و ئایدیۆلۆژیا لەناو کایەی سیاسیی کوردییدا لە کوێوە ھاتوە؟ ئایا بەرھەمی نەزانیی و نەخوێندەواریی و گەمژەیی سیاسییە، یاخود ستراتیژێکی دووجەسمەرەی تایبەتە، لەسەرێکەوە بەڕەھاکردنی دەسەڵات و لە سەرێکی دیکەوە وێرانکردنی ھەر ئامرازێک بۆ بەرپرسیارکردن و لێپرسینەوە، تەنانەت لە ئاستێکی ئەبستراکتی وەک ئاستی ئامادەگی یۆتۆپیا و ئایدیۆلۆژیاشدا؟
 


یۆتۆپیا جیهانێكی دروستکراوی خەیاڵییە کە بڕێکی زۆر لە خەون و خواست و ئارەزوەکانی مرۆڤی تیادا دێتەدی، پەیوەندییەکی پتەویشی بە ناڕازیبوون و گیرخواردنی مرۆڤەوە ھەیە بەدەستی ئەو واقیعەوە کە لە ئێستادا دروستکراوە و باڵادەستە. ئەگەرچی یۆتۆپیا ھێما بۆ جیھانێکی خەیاڵکرد دەکات، بەڵام لە قوڵاییدا بەشێکە لە  ڕەخنەکردنی واقیعی ئێستا. مرۆڤ بۆ دەرچوون لە قەیران و کێشەکانی جیھانە ئامادە و دروستکراوەکە پەنا بۆ دروستکردنی واقیعێکی خەیاڵکردی ئەلتەرناتیڤ دەبات، کە نەک تەنھا کێشەکانی ئەو ساتەوەختەی تێدا نییە، بەڵکو ئاکارێکی بەھەشتییانەشی ھەیە و خاڵییە لە ھەموو جۆرەکانی چەوساندنەوە: چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تیی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیی و جێنده‌ریی و فەرھەنگیی، ھتد. دونیا یۆتۆپییەکان تەنها نامۆ نین بە کولتووری ئەشکەنجە و گرتن و کوشتن، بە کردەی ناھەقیکرن بەرامبەر بە مرۆڤەکان، بەدرۆ و دزیکردن و فریودان، بەڵکو جیهانێکە تیایدا پێکەوەژیانی کەسەکان، بە ھەموو جیاوازییەکانیانەوە، لە دۆخی کەماڵدایە. لە یۆتۆپیادا هەم یه‌كسانیی و دادپه‌روه‌ریی کۆمەڵایەتیی و هەم به‌خته‌وه‌ریی و خۆشگوزه‌رانیی فەراهەمکراوە، نه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیی هەیە، نە هه‌ژاریی و نە گه‌نده‌ڵیی و نه‌ بێدادیی و نە نه‌خۆشیی و نە مردن و نە ململانێ، ئەوەی هەیە  ژیانێکی ئەبەدییە کە کۆڵەکە سەرەکییەکانی لە بەختەوەریی دروستکراوە. بەشێوەیەکی گشتیی یۆتۆپیاکان لە مێژوودا ھەوڵدانێکی ڕادیکاڵ بوون بۆ دروستکردن و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی تەواو تازە، کە دەزگاکان و بەھاکان و باوەڕەکانی بەشێوەیەکی ڕیشەیی گۆڕابن و لەو واقیعە جیابونەتەوە کە لەئارادایە. 

ھەر ھێزێکی سیاسیی توانای بەرھەمھێنانی یۆتۆپیای ھەبێت، واتە توانای بەرھەمھێنانی وێنەی واقیعێکی ئەلتەرناتیڤی ھەبێت دابڕاو لە کێشەکانی ئەمڕۆکە، ئەو ھێزە بڕێکی زۆر لە بەرپرسیارێتیی بەرامبەر بە مرۆڤ و بەرامبەر بە کێشەکانی ئەو واقیعەی لەناویدایە، ھەڵگرتوە. بوونی یۆتۆپیا دەشێت ھێماش بێت بۆ بوونی ئیرادەیەکی بەرپرس خوازیاری ئەوەبێت کۆتایی بەو جیھانە بھێنێت لە ئێستادا ھەیە و لە شوێنی ئەودا جیھانێکی نوێ و باشتر دروستبکات. بەمەش یۆتۆپیا دەشێت وەک ئامرازێک بۆ لێپرسینەوەی سیاسیی و ئەخلاقیی و مێژوویی لەو ھێزانە کاربکات کە لە ئێستادا ھەن و باڵادەستن. ھەڵاتن لەم بەرپرسیارێتییە بنەما و بناغەی ئەو دۆخەیە کە تیایدا ڕێ لە دروستبوونی یۆتۆپیایەکی سیاسیی دەگیرێت. ھێزێک کە ھەڵگری ھیچ یۆتۆپیایەک نەبوو، ھیچ خەونێکی بۆ ئایندەیەکی باشتر پێنەبوو، نەیویست واقیعێک وێنابکات باشتر لەوەی لە ئێستادا ھەیە، ھێزێکە نایەوێت بەرامبەر بە ھیچ شتێک بەرپرسیاربێت و ھیچ ئامرازێک بوونی ھەبێت بتوانێت لێیبپرسێتەوە و بەرپرسیاری بکات. یۆتۆپیا جیهانێک نییە کە لە ئێستادا تیایدا بژین، بەڵکو دونیایەکە لە داهاتوودا پێیدەگەین، خەونێکە بۆ سبەینێکی باشتر. نەبوونی ئەو خەونە خۆدزینەوەیەکی ھەمەلایەنە لە بەرپرسیارێتیی بەرامبەر بە ئێستا و بەو سبەینێیەش کە ڕوومان لێیەتی. 

بە پێچەوانەی یۆتۆپیاوە، کە پەیوەندیی بە خەونێکی ئایندەییەوە ھەیە، ئایدیۆلۆژیا ھێزێکە پەیوەندیی بە ئێستاوە ھەیە، پەیوەندیی بە گۆڕینی ئێستاوە بۆ گشتێکی ھاوشێوە و قبووڵکراوەوە، ھەیە. ئایدیۆلۆژیا ھێزێکە پێماندەڵێت لەم ساتەدا لە چ دونیایەکدا دەژین و ڕوومان لە چ دونیایەکە لە سبەینێدا. نەخشەڕێگایەکە نیشانیئەدات لە ئێستادا بە چییەوە سەرقاڵین و ئەم سەرقاڵییە لە سبەینێدا بەچی و بە کوێمان دەگەینێت. ھەر ھێزێک خاوەنی ئایدیۆلۆژیا بێت، خاوەنی بەرنامە و دیدێکە بۆ ئێستا و سبەینێ، پێماندەڵێت بە کام ڕێگادا دەڕوات و دەیەوێت بە چی و کوێ بگات. کام بەرنامەی بۆ ئێستا و بۆ سبەی ھەیە، کێشەکانی ئێستا چۆن دەبینێت و دەیەوێت چۆن چارەسەریان بکات. ھەموو ئایدیۆلۆژیایەک ئەو ھێزەی ھەڵیگرتوە بەرپرسیاردەکات بەرامبەر بەو پلان و بڕیار و ھەڵبژاردنەی ئەو ئایدیۆلۆژیایە پێشنیاریدەکات. لادان لەم پلان و ھەڵبژاردنانە و جێبەجێنەکردنیان، دیسانەوە دەکرێت ببێتە ئامرازێک بۆ لێپرسینەوە لە ھەڵگرانی ئەو ئایدیۆلۆژیایە. ئەمەش وادەکات زۆرجار غیابی ئایدیۆلۆژیا ھێما بۆ ئامادەگیی ویستێکی سیاسی بکات کە بیەوێت لە ھەموو بەرپرسیاریەتێک ھەڵبێت. بە کورتییەکەی ھەم ئایدیۆلۆژیا و ھەم یۆتۆپیا دەتوانن وەک دوو ئامراز و میکانیزمی سەرەکیی لێپرسینەوەی سیاسیی و دروستکردنی بەرپرسیارێتیی کاربکەن و ئامادەبن. 

لە پەیوەندییدا بە سیاسەتی کوردییەوە کاتێک دەڵێین سیاسەتێکە بێ یۆتۆپیا و بێ ئایدیۆلۆژیا، مانا سەرەکیی و بنەڕەتییەکەی ئەوەیە سیاسەتێکە نایەوێت بەرامبەر بە ھیچ شتێک و ھیچ مەسەلەیەک بەرپرسیار بێت. ھێما بۆ حوکمڕانییەک دەکات خەریکی کوشتنی ھەر ئەگەرێکە  بتوانێت بەرپرسیاری بکات و تووشی لێپرسینەوەی بکات. لە دونیای ئێمەدا لەباتی یۆتۆپیا و ئایدیۆلۆژیا دوو ئەلتەرناتیڤی تر ئامادەیە: یەکەمیان ئامادەگییەکی گەورەی توندوتیژیی و ترساندن و ھەڕەشەی بەردەوام. دووھەمیان ستراتیژیەتی دروستکردنی دەنگەدەنگ و ھەراوھۆریا و چەنەبازیی و درۆکردنی بەردەوام، بەڵام تێکەڵ بە بازرگانیکردن بە تۆمەتکاریی و جنێو و تاوانبارکردنی ھەرزان و ڕۆژانەوە.
  
لەم دۆخەدا حوکمڕانان دەتوان شتێک و پێچەوانەکەشی بڵێن و کارێک و دژەکەشی ئەنجامبدەن، ئەمڕۆ کەسێک بە دوژمن و بەخائین بکەن و سبەی باوەشی پێدابکەن و ڕوومەتەکانی ماچبکەن. ئەمڕۆ ھێزێک بە ناپاک و خائین دابنێن و سبەینێ بیکەن بە دۆست و ھاوپەیمانی ستراتیژیی. لە سەرێکەوە قسە لە مافی نەتەوەیی و نیشتیمانی بکەن و تا ئەو شوێنە بڕۆن، بۆ نموونە، باس لە دروستکردن و دامەزراندنی دەوڵەت بکەن، کەچی دووڕۆژ دواتر پێچەوانەی ئەو شتانە بڵێن و بڵاوبکەنەوە لە سەدان سەرەوە ناکۆک بەوەی دوێنێ گوتویانە. 
کێشەکە لەوەدا نییە سیاسەتی کوردی و سیاسەتمەدارانی کورد توانای بەرهەمهێنانی یۆتۆپیا و هێزی بەرهەمهێنانی ئایدۆلۆژیایان نییە، واتە کێشەکە لە بنەڕەتەوە پەیوەندیی بە بێتوانایی لە بیرکردنەوە و بەرھەمھێنانی فیکرییەوە نییە، ئەمەیان کێشەیەکە دەشێت لەڕێگای کۆمەڵێک شارەزاوە چارەسەربکرێت، کێشەکە لە بنەڕەتدا پەیوەندیی بە  ستراتیژێکی تایبەتی حوکمڕانییکردنەوە ھەیە، کە نایەوێت ھیچ ئامارازێکی گەورە و بچووک لەئارادابێت کە بکرێت وەک میکانیزمێک بۆ لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن کاربکات. ئەم ستراتیژە وادەکات لە ئەزموونی لەم بابەتەدا شوێنی یۆتۆپیا و ئایدیۆلۆژیا بە دەنگەدەنگی ناو دیوەخانە سیاسییەکان و شەڕەقسە ڕۆژانەییەکان پڕبکرێنەوە، بە جۆرێک هەر کەسە و بە ئارەزووی خۆی شت بڵێت و بە ئارەزووی خۆشی قسە فڕێبدات. ئەم غیابە ترسناکەی یۆتۆپیا و ئایدیۆلۆژیایە وادەکات سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان دروشمەکانی سیاسەتکردن و وێناکانیان لەسەر خۆیان و لەسەر دەوروبەرکەیان، بە ئارەزوووی خۆیان بگۆڕن و چۆنیان بوێت بەو جۆرە دەستکاریبکەن. ھەموو ئەمانەش لەناو دۆخی چەنەبازییەکی سیاسیی بەردەوام و دۆخی شەڕەقسەیەکی ھەمیشەییدا کە بۆ ھەر تایپێک لەو قسەکردن و چەنەبازییە، میدیا و کەناڵی تایبەتی پەخش و  بڵاوکردنەوە دروستکراوە. ھەندێکجاریش  شەرەقسە و ھەراوھۆریاکانیان وەک گوتار و وەک یۆتۆپیا و وەک ئایدیۆلۆژیا بە خەڵک و ڕای گشتیی دەفرۆشنەوە و ئەو وەھمە دروستدەکەن کە گوایە یۆتۆپیاساز و گوتارسازن.

لە ساڵانی ڕابردوودا ھیچ شتێک ھێندەی گوتارە میدیاییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربارەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی وردەکارییەکانی ئەم دۆخەمان نیشاننادات. ئەم گوتارە، بە پلەی یەکەم، گوتاری دروستکردنی خائین و نیشتیمانپەروەر و گوتاری دروستکردنی تۆڕێکی گەورە لە بەڵێنی درۆزنانە و لە ھەراوھۆریای ناسیۆنالیستیی بێبنەما، بوو. بەڵام چونکە نە بەشێکبوو لە ئایدیۆلۆژیایەکی حیساببۆکراو و عەقڵانیی، نە بەشێکیش بوو لە یۆتۆپیایەکی ئایندەیی، بۆیە پاڵەوانەکانی ئەو ڕیفراندۆمە، لە سپێدەی دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەدا، کەوتنە ناو ھەراوھۆریەکی تەواو نوێوە کە پێچەوانە و ناکۆک بوو، بەوەی چەند ڕۆژێک پێشتر دەیانگوت. ئەم گوتاری دروستکردنی دەوڵەتە، کەو وەک یۆتۆپیایەکی سیاسیی و بەشێک لە ئایدۆلۆژیایەکی ناسیۆنالیستی دەفرۆشرا، گوتارێکی تەواو بەتاڵ و بێناوەرۆک بوو لە ھەر ئەگەرێکی یۆتۆپی و ئایدیۆلۆژیی، لەسەرەتا و کۆتاییەکەیەدا پەیوەست بوو  بە زەوق و حەز و سایکۆلۆژیای بارزانییەوە. ئەوەی لە ڕۆژانی بەر لە ڕیفراندۆمدا لەسەر دەوڵەت دەگوترا جگە دەنگەدەنگ و ھەراوھۆریایەک لە دەرەوەی لانی ھەرە کەمی ھەر فۆرمێک لە بەرپرسیارێتیدا، شتێکی دیکە نەبوو. ئەوەی دەگوترا نە بەشێک بوو لە پرۆژەیەکی ئایدیۆلۆژیی و نە بەشێک لە پرۆژەیەکی یۆتۆپی. 

لە ئێستاشدا پارتی بە گشتیی و  نێچیروان بارزانی بە تایبەتیی، بەرجەستەکەری دەنگەدەنگ و ھاتوھاوارێکی تەواو تازە و پێچەوانەی دەنگەدەنگە باڵادەستەکەی سەردەمی ڕیفراندۆمن. لە ھەردوو دۆخەکەشدا لەناو ئەو ھەراوھۆریایەدا کە دروستدەکرێت شتێک بەناوی لێپرسینەوە و ھەستکردن بەبەرپرسیارێتییەوە بوونی نییە. لە ئێستادا پارتی و نێچیروان بارزانی ھەڵگری گوتارێکی بەعێراقیبوونن، تەواو ناکۆک بەوەی چەند ساڵێک لەمەوبەر پڕوپاگەندەیان بۆدەکرد. مادامەکی قسەکردنەکان لە بنەڕەتەوە ھیچ ڕەھەندێکی ئایدیۆلۆژیی و یۆتۆپیان لە پشتەوە نییە، بۆیە دەشێت سبەینێ قسەیەکی تری تەواو ناکۆک بەوانەی ئەمڕۆکە بکەن. لەناو ھەراوھۆریا و دەنگەدەنگدا ئەوەی دەکوژرێت ئێتیکی بەرپرسیارێتییە.

 

بابەتی پێشتر

بابەتی بیست و سێ: عێراق بەرەو کوێ؟

بابەتی بسیت و دوو: ئێمە کێین؟
بابەتی بیستویەك: سیاسەت و خۆشەویستیی

بابەتی بیستەم: هەرێمێک خاڵیی لە ئۆپۆزیسیۆن 

بابەتی نۆزدەیەم: نەوال سەعداوی: ژنێکی ئازا و شکست نەناس 

بابەتی هەژدەیەم: پول و دەوڵەتی نەتەوە و ناسیۆنالیزم
بابەتی حەڤدەیەم: گوێنەگرتن وەک پیشە
بابەتی پانزەیەم: یاسا و بێیاسایی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا
بابەتی چواردەیەم: جەستەی ژن لە نێوان حیجاب و رووتییدا
بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە
بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی 
بابەتی یانزەیەم:  دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا

بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی

بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا
بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی.
بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەت‌و نابەرپرسیارێتیی رێكخراو 

بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر
بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون 
بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی
بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا

بابەتی دووەم:  عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل 

بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand