شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە ئێران دەستیپێکرد

Draw Media

2019-11-15 20:36:18



(درەو میدیا):
دەوڵەتی حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئیران بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین، ئەم بڕیارە بەشێوەیەکی خێرا لە شەقام کاردانەوەی لێکەوتەوە، لە چەندین شار، شۆفێران دەستیان کرد بە گردبونەوەو وتنەوەی دروشمی ناڕەزایەتی.
چەند زانیارییەک لەبارەی بارودۆخی ئێرانەوە:
🔴 لە ئێران دوو جۆر بەنزین هەیە لەڕووی نرخەوە، جۆرێکیان ئەو بەنزینەیە کە تاکسی و ئۆتۆمبیلی کرێ بە کارتی تایبەتی سوتەمەنی دەیکڕن، جۆرەکەی تر پێی دەوترێت بەنزینی ئازاد، واتە بەبێ کارت و بەنرخی بازرگانی دەفرۆشرێت.
🔴 ئەو بەنزینەی کە شۆفێران بە کارتی سوتەمەنی وەریاندەگرت و دەوڵەت پاڵپشتی نرخەکەی دەکرد، بەر لەم بڕیارە نرخی هەر لیترێکی (هەزار) تمەن بوو، واتە بە دۆلار نرخی هەر لیترێک نزیکەی (۱۲) سەنت بوو، بەڵام بەهۆی ئەم بڕیارە نوێیەوە نرخی هەر لیترێک بۆ (هەزارو ٥۰۰) تمەن بەرزبووەتەوە، واتە بۆ هەر لیترێک نزیکەی (٦) سەنت زیادی کردووە.
🔴 بەنزینی ئازاد لە ئێران بەر لەم بڕیارە نرخی هەر لیترێکی (هەزار) تمەن بوو، بە دۆلار واتە نرخی هەر لیترێک نزیکەی (۱۲) سەنت بوو، بەڵام دوای بڕیارەکە نرخی هەر لیترێکی بۆ (۳ هەزار) تمەن بەرزبووەتەوە، واتە بووە نرخی یەک لیتر گەیشتووەتە نزیکەی (۳٦) سەنت.
🔴 ئەو بەنزینەی کە دەوڵەت پاڵپشتی نرخەکەی دەکات ئێستا یەک لیتری بە نزیکەی (۱۸)سەنتە، ئەمە بەبەراورد بە نرخی هەر لیترێک بەنزین لە وڵاتانی ناوچەکە لەوانە عێراق و تورکیاو وڵاتانی تر، هێشتا هەرزانترین نرخە، بەڵام بەراوردکردنی نرخەکە بە داهاتی مانگانەی تاک و رێژەی بێکاری لە ئێران، زیادبونێکی کاریگەرە لەسەر ئاستی بژێوی.
🔴 ناڕەزایەتی دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە چەندین شار دەستیپێکرد لەوانە لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، تارانی پایتەخت، زاهیدان، مەشهەد، شاری سیرجانی سەربە پارێزکای کرمان، ئەهواز، بەهبەهان، بیرجند، گچساران، ئەمیدیە، ماهشەهر، خوڕەمشەهرو چەندین شاری تر.
🔴 یەکێک لە دروشمە دیارەکانی خۆپیشاندەران دروشمێکە کە دەڵێ" بەنزین گرانتر بوو، هەژار هەژارتر بوو".
🔴 شێوازی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەم سەرەتایەوە بریتییە لە کوژاندنەوەی ئۆتۆمبیل لەناو شەقامەکان و گرتنی رێگاکان، هێزە ئەمنییەکان رێگری لەم شێوازە ناڕەزایەتییە دەکەن، شێوازێکی تر کۆبونەوەیە لەناو بەنزینخانەکان و وتنەوەی دروشمە لە دژی بڕیارەکە، چەند حاڵەتێکی سوتاندنی پەمپی بەنزین لە بەنزینخانەکان تۆمارکراوە.
🔴 میدیای فەرمی ئێران بە هەواڵێک باسی لەوەکرد ناڕەزایەتی دژی نرخی نوێی بەنزین لە چەندین شار رویداوە، بەڵام دیمەنی ناڕەزایەتییەکان پەخش ناکات، لەبری ئەوە بەرپرسانی پەیوەندیدار بانگهێشت دەکات تا رونکردنەوەی زیاتر بدەن لەبارەی نرخە نوێیەکانەوە، بەرپرسان دەڵێن ئەم زیادکردنە چینێکی زۆری کەمدەرامەت لێی سودمەند دەبن، دڵنیایی دەدەن کە رێگەنادەن زیادکردنی نرخی بەنزین ببێتە هۆی زیادبوونی نرخی کرێی هاتوچۆ.
🔴 ئەوەی بڕیاری زیادکردنی نرخی داوە دوو دامەزراوەیە، یەکەم: ئەنجومەنی باڵای ئابوری ئێران، دووەم: کۆمپانیای نیشتمانی بەرهەمە نەوتییەکان.
🔴 حەسەن رۆحانی سەرۆکی وڵات بەڵێنیداوە ئەو داهاتە زیادەیەی کەبەهۆی زیادکردنی نرخی بەنزینەوە دەست دەوڵەت دەکەوێت، لە باشکردنی ژیان چینی هەژاری وڵاتدا خەرجی بکات.
🔴 یەکێک لەو بڕیارانەی کە هاوکات لەگەڵ گرانکردنی نرخی بەنزین دەرچووە ئەوەیە، رۆحانی بەڵێنیداوە بڕی (٥٥) هەزار تمەن بۆ (۲۰٥) هەزار تمەن بەو خێزانانە بدرێت کە ژمارەی ئەندامەکانیان لەنێوان (۱ بۆ ٥) کەسە، ئەمە جگە لەو کۆمەکەی کە دەوڵەت دەیدات و بە "یارانە" ناسراوە، سەرۆکی رێکخراوی پلاندانان و بودجە ئەمشەو رایگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە (۱۰) رۆژد ئەو بڕە پارەیە دەخرێتە سەر حسابی ئەو خێزانانەی کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، ئەمەش وەکو هەوڵێک بۆ هێورکردنەوەی شەقامی ناڕازیی.
🔴 هاوکات دەوڵەت بڕیاریداوە رێژەی دابەشکردانی بەنزین بە کارت کە نرخەکەی هەرزانترە زیادبکات.
🔴 دەنگۆی گرانکردنی نرخی بەنزین چەند رۆژێک بوو باسی گەرم بوو لە ئێران، بەڵام وەزیری نەوت لە لێدوانێکدا رەتیکردەوە نرخ زیاد بکرێت، ئەمە خەڵکی ئارامکردەوە، بۆیە راگەیاندنی بەرزکردنەوەی نرخ لە میدیای فەرمی هەواڵێکی کتوپڕو چاوەڕواننەکراو بوو.
🔴 جگە لە دروشم دژی بڕیاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، چەندین دروشمی سیاسی تێکەڵ بە ناڕەزایەتییەکان بوون، میدیای لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی دەرەوەی سنور چەندین گرتەی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە کە لە هەندێکیاندا دروشمەکانی ناڕەزایەتییەکانی پێشتر دەوترێتەوە لەوانە دروشمەکانی "رۆحت شار رەزا شاە" و دروشمی "نە غەززە، نە لوبنان، گیانی بە فیدای ئێران".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand