دوورگەی گرینلاند كامەیە كە ترەمپ دەیەوێت بیكڕێت؟

Draw Media

2019-08-17 12:52:17



راپۆرتی: بی بی سی 
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ

حكومەتی دوورگەی گرینلاندی سەر بە دانمارك رایگەیاند: پێشوازی لە وەبەرهێنانی دەرەكی دەكات، بەڵام دوورگەكە بۆ فرۆشتن نیە، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە چەند لێدوانێكیدا ئاماژیدابوو بە ئەگەری كڕینی ئەو دوورگەیەی سەر بە دانمارك لەلایەن واشنتۆنەوە.
لایخۆشیەوە لارس راسمۆسین، سەرۆك وەزیرانی پێشووی دانمارك، وتی:" لێدوانەكەی ترەمپ هیچ نیە, جگە لە شۆخییەكی هاوشێوەی درۆی یەكی نیسان".
ترەمپ بە نیازە ئەیلولی داهاتوو سەردانی دانمارك بكات‌و بەگوێرەی چەند راپۆرتێكیش داوای لە راوێژكارەكانی كردووە بیرۆكەی كڕینی گرینلاند تاوتوێ بكەن، كە بنكەیەكی سەربازیی ئاسمانی ئەمریكای تێدایە.
" گرینلاند"
گرینلاند گەورەترین دوورگەیە لە جیهاندا، رووبەرەكەی 2 ملیۆن كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، مافی ئۆتۆنۆمیی لەلایەن دانماركەوە پێبەخشراوە‌و خاوەنی حكومەت‌و پەرلەمانی خۆیەتی‌و 80%خاكەكەی سەهۆڵ دایپۆشیوە‌و لە ساڵێكدا دوو مانگی تەنها رۆژە‌و شەوی نیە.
دانمارك دوو لەسەر سێی بودجەی گرینلاند دابیندەكات‌و بەشێكی تری بودجەی دوورگەكەش بەهۆی راوكردنەوە لە دەریادا دابیندەكرێت‌و ئەگەری ئەوەش هەیە لە داهاتوودا دۆزینەوەی گاز‌و نەوت‌و كانزاكانی تر كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان بۆ دوورگە رابكێشێت.
قەتیسبوونی گەرما پرۆسەی توانەوەی سەهۆڵی لە جەمسەری باكوری گۆی زەویی خێراكردووە‌و ئەوەش گەیشتن بە سەرچاوە  كانزاییەكانی دوورەگەكە ئاسان دەكات.
ژمارەی دانیشتوانی دوورگەكە 57 هەزار كەسە‌و مەسیحین‌و بە هەردوو زمانی دانماركی‌و گرینلاندی قسەدەكەن‌و بەدەست چەندین كێشەی كۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنن وەك ئالودەبوونی خواردنەوە كهولییەكان, بەهۆی ئەوەی زستانێكی سەخت‌و دووردرێژی هەیە.
مارگرێتی دووەم پادشای دانمارك‌و گرینلاندە‌و كیم كیلیسن كە پێشتر ئەفسەری پۆلیس بووە، لە ساڵی 2014ەوە سەرۆك وەزیرانی دوورگەكەیە.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ماوەیەكی دوورودرێژە چاوی بڕیوەتە گرینلاند، چونكە پێگەیەكی ستراتیژی هەیە‌و لە سەرەتای جەنگی ساردیشەوە وێستگەیەكی راداری لە ناوچەی " تۆل" داناوە.


 

بیرۆكەیەكی نوێ‌ نیە
ترەمپ یەكەم كەس نیە بیری لە كڕینی دوورگەی گرینلاند كردبێتەوە، بیرۆكەكە دەگەڕێتەوە بۆ شەستەكانی سەدەی نۆزدەیەم كاتێك ئەندرۆ جاكسۆن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بوو.
راپۆرتێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كە مێژووەكەی بۆ ساڵی 1867 دەگەڕێتەوە، باس لە بایەخی ستراتیژی گرینلاند دەكات‌و ئاماژە بە سەرچاوەی ئەو سامانە سروشتییانە دەدات, كە لە داهاتوودا دەدۆزرێنەوە‌و بیرۆكەی دەستگرتن بەسەریدا بە نمونەیی دادەنێت.
یەكەم جوڵەی رەسمی بۆ كڕینی گرینلاند ساڵی 1946 كرا, كاتێك هاری ترومان سەرۆكی ئەمریكا داوای لە دانمارك كرد دوورگەكە بەرامبەر بە 100 ملیۆن دۆلار بفرۆشێت، پێشتریش پێشنیازی گۆڕینەوەی چەند پارچە زەوییەك لە ئالاسكا كرابوو بەرامبەر چەند ناوچەیەكی ستراتیژی گرینلاند.
لە رابردوودا چەندینجار ئەمریكا زەوی لە وڵاتانی تر كڕیوە لەوانە:
*  ساڵی 1803  لویزیانا كە رووبەرەكەی 2 ملیۆن كیلۆمەتر چوارگۆشەیە لە فەرەنسا كڕیی بە 15 ملیۆن دۆلار.
* ساڵی 1867 ئەلاسكای لە روسیا كڕی بە 7.2 ملیۆن دۆلار.
* ساڵی 1917 دوورگەكانی ئەندیزی خۆرئاوای دانماركی كڕی‌و ناوی دوورگەكانی ڤێرجین" پاكیزە"ی ئەمریكی لێنا.
چەند وێستگەیەكی گرنگە مێژووی گرینلاند
* 982 ئەریك ئەحمەری نەرویژی گرینلاندی دۆزیەوە‌و ئەو ناوەی لێنا كە بەتاوای " خاكی سەوز" دێت، ساڵی 986 جارێكی تر لەگەڵ چەندین كەسدا گەڕایەوە دوورگەكە، بەڵام بەهاتنی ساڵی 1600 جگە لە ئەسكیمۆكان كەسی تێدا نەمایەوە.
* 1721 یەكەمین كەمپی نیشتەجێبوون لەلایەن دانماركەوە لە نزیك شاری " نوك" پایتەختی ئێستای گرینلاند بونیاتنرا.
* 1940 دانمارك لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیركرا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە درێژایی جەنگەكە ئەركی پاراستنی گرینلاندی لە ئەستۆگرت.
* 1953 گرینلاند بە رەسمی بوو بە بەشێك لە خاكی پادشانشینی دانمارك.
* 1979 دوای راپرسییەك گرینلاند مافی ئۆتۆنۆمیی لەلایەن دانماركەوە پێبەخشرا.
* 1999 دادگای باڵای دانمارك بە بڕیارێك دانینا بەوەی ساڵی 1953 ئەسكیمۆكان لە باكوری گرینلاند لەسەر خاكەكەیان دوورخراونەتەوە بۆ فراوانكردنی بنكەی سەربازی ئەمریكا لە " تول"، بەڵام مافی گەڕانەوەی پێنەدان.
* 2008 لە راپرسییەكەدا دانیشتوانی گرینلاند دەنگیاندا بۆ دەسەڵاتی زیاتر لە چوارچێوەی مافی ئۆتۆنۆمیدا‌و زیاتر كۆنترۆڵكردنی سەرچاوەكانی وزە‌و زمانی كالالیسۆت یان زمانی گرینلاندی خۆرئاوا ببێتە زمانی فەرمی لەبری زمانی دانمارك.
*2010 توێژینەوەكان جەختیانكردەوە كە سەهۆڵبەندانی گرینلاند بە ئاستێكی زۆرخێرا دەتوێتەوە‌و ئەوەش ئاستی ئاوی دەریا‌و زەریاكان بەرزدەكاتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand