ئایا متمانە بە فەیس ئەپ بكەین ؟

Draw Media

2019-07-18 17:46:50



راپۆرت: بی بی سی فارسی
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
بەمدواییە ئەپلیكەیشن یاخود بەرنامەیەكی موبایل بەناوی "فەیس ئەپ" زۆر بەربڵاوبوەتەوە، كە گۆڕانكاری لە روخساری كەسەكاندا دەكات، وێنەكانی ئەوان پیر یاخود گەنج دەكاتەوە.
هەزاران كەس لە بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، وێنەی روخساری خۆیان لە حاڵێكدا كە پیربوون یاخود گەنج بونەتەوە، بڵاودەكەنەوە.
بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا كە بابەتی سودوەرگرتن لە ئامرازی گۆڕینی روخسار خرایەبەرباس، نیگەرانییەكان لەبارەی مەرج‌و حوكمەكانی بەكارهێنانی ئەو پرۆگرامە زیادی كرد.
رەخنەگرانی ئەم ئەپلیكەیشنە دەڵێن كۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئەپلیكەیشنەكە كە كۆمپانیایەكی روسیە، لەبارەی زانیاری بەكاربەرانەوە "تێڕوانینێكی ناجێگیر"ی هەیە، بەڵام فەیس ئەپ لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، زۆرینەی ئەو وێنانەی كە لەناو پرۆگرامەكەدا ئەپلۆد دەكرێن دوای 48 كاتژمێردا دەسڕێنەوە.
ئەم كۆمپانیایە هاوكات دەڵێ تەنیا ئەو وێنانە لەناو ئامێری بەكاربەردا ئەپلۆد دەبن، كە بەمەبەستی گۆڕانكاریكردن تێیدا هەڵبژێردراون‌و وێنەی تر ئەپلۆد نابێت. 

ئەم ئەپلیكەیشنە تەنانەت لەسەر وێنە پۆرترێتییەكانیش كاری خۆی دەكات‌و روخساریان دەگۆڕێت

فەیس ئەپ چییە ؟
فەیس ئەپ ئەپلیكەیشنێكی نوێیە. بەر لە دوو ساڵ كۆپییەكی كەوتە بازاڕەەوە كە "فیلتەری نەتەوە‌و رەگەزی جیاواز"ی بە وێنەكان دەدا.
بەڵام ئەم ئامرازە كە شێوەی روخساری نەتەوەیەكی دیاریكراوی دەگۆڕی بۆ نەتەوەیەكی تر، روبەڕووی رەخنەی توندبووەوە، بەجۆرێك دیزاینەرەكانی ناچاربوون بەرنامەكە راگرن.
ئەپلیكەیشنە تازەكە، نەك تەنیا دەتوانێت كەسەكان گەنج یان پیر بكاتەوە، تەنانەت دەتوانێت بزەو پێكەنین بخاتەسەر روخساریان یان وێنەكان ئارایشت بكات‌و شێوازی قژیان بگۆڕێت.
ئەم گۆڕانكارییە بەیارمەتی زیرەكییەكی دەستكرد (artificial intelligence) ئەنجام دەدرێت، ئەم ئەپلیكەیشنە لۆگاریتمێك لە وێنەی روخساری تۆ دەگرێت‌و بەپشتبەستن بە وێنەكانی تر، وێنەیەكی نوێ بەرهەم دەهێنێت.
ئەم پرۆگرامە دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنێت بەجۆرێك روخساری كەسەكان خەندەئامێز بكرێت كە ددانەكانیان دەركەوێت‌و لەهەمانكاتدا هێڵەكانی دەوروبەری لێو، چەناگە‌و گۆناكان بەتەواوەتی سروشتی بن.

كەواتە كێشە چییە ؟ 
نیگەرانییەكان كاتێك زیادیان كرد كە یوشۆ نوزی (Joshua Nozzi) یەكێك لە دیزاینەرەكانی ئەپلیكەیشنەكە لە تویتێكدا نوسی" ئەپلیكەیشتنی فەیس ئەپ بەبێ مۆڵەتی بەكارهێنەرانی هەموو وێنەكانی ئەوان لەناو موبایلە زیرەكەكانیان كۆدەكاتەوە".
ئەڵبەتە ئەو رۆژێك دواتر تویتەكەی خۆی سڕییەوە‌و لە بانگەشەكەی پاشگەزبووەوە، بەڵام هەر ئەو ئاماژەیە بەس بوو بۆ وروژاندنی مەترسییەكە. 
بەهەرحاڵ، پسپۆڕێكی فەرەنسی بواری ئاسایشی ئینتەرنێتی كە نازناوی خوازراوی (ئەلیوت ئەندەرسۆن) بەكاردەهێنێت، دەربارەی بانگەشەكانی نوزی لێكۆڵینەوەی كردووە‌و بۆی دەركەوتووە ئەو پرۆسەی ئەپلۆدكردنی وێنەیە رونادات‌و تەنیا ئەو وێنە تایبەتانە ئەپلۆد دەبن كە بەكاربەران خۆیان بڕیاری لەسەردەدەن‌و لەڕێگەی فەیس ئەپە ئەپلۆد دەبێت.
بەڕێوەبەری جێبەجێكاری فەیس ئەپ بە (بی بی سی) وت:" تەنیا ئەو وێنانە ئەپلۆد دەبن كە بەكاربەران خۆیان داخڵی ناو سێرڤەرەكەی دەكەن".

فەیس ئەپ هەر تەنیا دەسكاری تەمەنی كەسەكان ناكات، ئەتوانێت بزەو پێكەنینیش بخاتەسەر روخساری وێنەكانیان

داوای FBI بۆ لێكۆڵینەوە
چاك شومەر رێبەری كەمینەی دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا لە تویتێكدا لەبارەی بەكارهێنانی بەربڵاوی فەیس ئەپ داوای لە پۆلیسی فیدراڵی ئەمریكا (FBI) كرد لەبارەی ئەو ئەپلیكەیشنە لێكۆڵینەوە بكەن.
ئەو لە پەیامێكدا كە لە تویتەر بڵاویكردەوە، نیگەرانی قوڵی خۆی لەو جۆرە پرۆگرامانە نیشاندا كە زانیاری تایبەتی هاوڵاتیانی ئەمریكا دەخاتە بەردەم "هێزە نەیارە بیانییەكان"ەوە. 
فەیس ئەپ لە بەیاننامەكەی خۆیدا ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە.

سودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیای ئاشكراكردنی روخسار
هاوكات نیگەرانیش دروستبووە لەبارەی سودوەرگرتنی ئەم ئەپلیكەیشنە لە تەكنەلۆژیای ناسینەوەی روخسار‌و پاسۆرد، كە لە موبایلی هۆشمەندی نوێدا هەیە.
رەخنەگران دەڵێن لەم بارودۆخەدا تەنانەت ئەگەر وێنەی كەسەكەش لە سێرڤەرەكەدا بسڕێتەوە، بەڵام هەر لۆگاریتمی روخسار دەمێنیتەوە‌و بۆ ئەو مەبەستە سودی لێدەبینرێت.
سەرۆكی جێبەجێكاری فەیس ئەپ ئەم بابەتەی رەتكردەوە‌و وتی:" لۆگاریتمی وێنەكان تەنیا بۆ ئیدیت‌و ئەنجامدانی گۆرانكاری سودی لێ دەبینرێت".

 

سێرڤەرەكەی لە ئەمریكایە نەك روسیا !
فەیس ئەپ كۆمپانیایەكی روسییە كە بارەگاكەی لە شاری سان پترسبۆرگە، بەڵام لە چەندین ناوچەی جیهانیش ئوفێسی هەیە‌و دەڵێ سێرڤەرەكانی لە ئەمریكایە.
هەندێك پرسیار هەن لەبارەی ئەوەی بۆچی فەیس ئەپ گۆڕانكاری وێنەكان لەسەر روی موبایلی بەكاربەران ئەنجام دەدات، پێویستە لە بنەڕەتەوە وێنەكان لەسەر سێرڤەری خۆی ئەپلۆد بكات.
لێكۆڵەرێكی ئاسایشی ئینتەرنێتیی باوەڕی وایە ئەم بابەتە بۆ فەیس ئەپ تەنیا تایبەتمەندییەكی بازرگانی‌و كێبڕكێی هەیە. ئەو پسپۆڕە باسلەوەدەكات بەهیچ جۆرێك فێڵی لەو ئەپلیكەیشنەدا نەدیوە، بەڵام جەختی كردووە ئومێدەوارە بژاردەیەك هەبێت كە بەكاربەران بتوانن دوای گۆڕانكاریكردن، وێنەكانیان لە سێرڤەردا بسڕنەوە.
نیگەرانیش هەیە لەبارەی سودوەرگرتنی بازرگانی فەیس ئەپ لە وێنەی بەكاربەكارن‌و كۆتوبەندكردنی ئەم بابەتە لە مەرجەكانی بەكارهێنانی ئەپلیكەیشنەكەدا خراوەتەڕوو، مەرجێك كە زۆربەی بەكاربەران بەبێ ئەوەی بیخوێننەوە قبوڵی دەكەن.
بەڵام لانسی ئۆلانۆڤ سەرنوسەری سایتی تەكنەلۆژی "لایڤ وایر"، لە كاردانەوەی ئەم نیگەرانییانەدا نمونەی بە مەرجەكانی تویتەر هێنایەوە كە "بەدیاریكراوی هەمان مەرجی بەكارهێنانی تێدایە".
ئاسایشی ئینتەرنێتی یەكێك لەو بابەتانەیە كە لەم ساڵانەی دوایدا بایەخی زۆری پێدراوە، بە تەماشاكردنێكی هەواڵەكانی جیهانی تەكنەلۆژیا كەم مانگ هەیە كە هەواڵی هاككردن‌و بڵاوكردنەوەی تایبەتمەندی بەكاربەران بڵاونەبێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand