وەزیر بەرامبەر بە وەزیرە

Draw Media

2019-07-14 11:23:55



(درەو میدیا):
"حەقیقەت یان هەڵای میدیایی" رەنگە ئەمە باشترین ناونشیان بێت بۆ ئەو پرۆسەیەی كە ئێستا لە پەرلەمانی عێراق لەژێر ناوی لێپرسینەوە‌و میوانداریكردنی وەزیرەكان دەستیپێكردووە.
ماوەیەكە كوتلەكانی ناو پەرلەمانی عێراق زنجیرەیەك هەوڵی نوێیان دەستپێكردووە بۆ لێپرسینەوە لە وەزیرەكانی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی.
فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق كە سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، یەكێكە لە وەزیرە بانگهێشتكراوەكان‌و بڕیارە پەرلەمان لەسەر دۆسیەی رێككەوتنی نێوان حكومەتی عێراق‌و حكومەتی هەرێم لەبارەی نەوت‌و بودجە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكات.
رۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری لە زاری سەرچاوەیەكی پەرلەمانییەوە باسلەوەدەكات، دۆسیەی لێپرسینەوە لە وەزیرەكان، دەرگای سازشكردنی لەبەردەم هەندێك لە كوتلە سیاسییەكان كردوەتەوە‌و هەندێك لە پرۆسەی بانگهێشتكردنی وەزیرەكان لەلایەن پەرلەمانی عێراقە، بانگهێشتكردنی بێناوەڕۆكن.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو كوتلەیەی كە دەیەوێت وەزیرێكی دیاریكراوی سەر بە كوتلەیەكی تر بانگهێشتی ناو پەرلەمان بكات، وا دەكات كوتلەكەی تر لەدژی وەزیرەكەی ئەو بجوڵێت، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت وەزیر بەرامبەر بە وەزیرە، واتە هەر كوتلەیەك لەبەرامبەر داخستنی دۆسیەی وەزیرەكەی خۆی، دۆسیەی وەزیری سەربە كوتلەی بەرامبەر دادەخات.
بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكە، تاكە سودێكی پرۆسەی بانگهێشتكردنی وەزیرەكان بۆ پەرلەمان تەنیا دەستكەوتی میدیاییە بۆ ئەو كوتلەیەی كە وەزیرێك بانگهێشت دەكات، چونكە پەرلەمان لەڕووی میدیاییەوە سود لەم بابەتە دەبینێت‌و دەیەوێت وا نیشان بدات چاودێری كاری وەزیرەكان دەكرێت‌و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.
لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان هاوكێشەی رێككەوتنی پشتی پەردەی نێوان كوتلە سیاسییەكان لە پەرلەمان تێكچوو، بۆیە ژمارەیەك وەزیر لە پەرلەمان متمانەیان لێسەندرایەوە، یەكێك لە وەزیرەكان كورد بوو (هۆشیار زێباری وەزیری پێشووی دارایی).
پێناچێت بەمزوانە رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەت لە پەرلەمانی عێراق هەڵوەشێتەوە، بۆیە پێشبینی ناكرێت پەرلەمان بەزوویی هەنگاوی جددی بۆ لێپرسینەوە لە وەزیرەكان‌و سەندنەوەی متمانە هەڵگرێت، بەڵام تاڕادەیەك فشار لەسەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دروستكراوە.

ئەو پەرلەمانتارە كە رۆژنامەكە ناوەكەی بڵاونەكردوتەوە دەڵێ:" سەرۆكایەتی پەرلەمان ئاگادارە لەو سازشكردنانە لەسەر دۆسیەی وەزیرەكان هەیە، بەڵام ناتوانێت رێگری بكات، چونكە كوتلەكان جڵەوی پەرلەمانیان بەدەستەوەیە".
ئەمە لەكاتێكدایە هاوپەیمانی سائرون كە رەوتی سەدر سەرۆكایەتی دەكات جەخت دەكات لەسەر ئەوەی پرۆسەی بانگهێشتكردنی وەزیرەكان بۆ پەرلەمان بەردەوام دەبێت.
محەمەد غزی پەرلەمانتاری سەربە هاوپەیمانی سائرون لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی:" حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بەوشێوەیە نەبوو كە پێشبینیمان دەكرد، لە پرسی جێبەجێكردنی بەرنامەكانیدا زۆر دواكەوتووە.. لە قۆناغی داهاتوودا پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی سائرون ژمارەیەك لە وەزیرەكان بانگهێشت دەكەن‌و كارەكان تا ئاستی لەكارخستنیان دەڕۆن".
پرۆسەی بانگهێشتكردنی وەزیرەكان دوای هەشت مانگ دێت لە دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی، هەندێك پێیان وایە ئەم پرۆسەیە تەنیا بۆ دروستكردنی فشارە لەسەر سەرۆك وەزیرانی نوێ كە هیچ كوتلەیەكی بەهێزی پەرلەمانیی لە پشت نییە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand