فەرماندەی سوپای ئەسیوپیا بە تەقەی پاسەوانەكەی كوژرا

Draw Media

2019-06-23 15:43:16



راپۆرت: BBC
وەرگێڕانی: فازل حەمەرەفعەت
كۆنترین دەوڵەتی سەربەخۆی كیشوەری ئەفریقا روبەڕووی هەوڵی كودەتای سەربازی بووەوە، فەرماندەی سوپا بەدەستی پاسەوانەكەی كوژرا، بەڵام كودەتاكە راگیرا‌و سەركەوتوو نەبوو.
نوسینگەی ئابی ئەحمەد سەرۆك وەزیرانی ئەسیوپیا رایگەیاند، فەرماندەی سوپا لە تەقەكردنێكدا لە ئەدیس ئابابای پایتەخت كوژراوە.
بەپێی قسەی سەرۆك وەزیران، ژەنەراڵ سیاری میكونین‌و ئەفسەرێكی تر، لەكاتی هەوڵدانیان بۆ رێگریكردن لە رودانی كودەتای سەربازی لەدژی ئیدارەی ناوچەی ئەمهەرەی باكوری ئەسیوپیا، كوژراون.
میدیاكان لە زاری وتەبێژی سەرۆك وەزیرانەوە باسیانلەوەكرد، سەرۆك ئەركانی سوپا بەدەستی پاسەوانێكی خۆی كوژراوە.
بەگوێرەی ئەوەی میدیای فەرمی ئەسیوپیا بڵاویكردەوە، هەر لەو هەوڵە شكستخواردووەدا بۆ كودەتا، سەرۆكی ویلایەتی ئەمهەرە‌و راوێژكارەكەی كوژراون. 
سەرۆك وەزیرانی ئەسیوپیا بەجلوبەرگی سەربازییەوە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن دەركەوت‌و وتی:" لە هێرشێكدا بۆسەر شاری بەحر دار پایتەختی ناوچەی ئەمهەرە، ژمارەیەك لە بەرپرسان كوژران".
پێشتر حكومەتی ئەسیوپیا ئاماژەی بەوەكرد هەوڵێكی كودەتاكردن لەناوچەكە رویداوە، چەندین راپۆرتیش بڵاوبونەتەوە سەبارەت بەوەی هێڵی ئینتەرنێت پچڕاوە، خەڵكی شاری بەحر دار-یش باسلەوە دەكەن گوێیان لە دەنگی تەقەكردن بووە.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەڵێ" ئاگاداری ئەوە بووە روبەڕووبونەوەی چەكداری لە پایتەختی ئەسیوپیا رویداوە".
ئابی ئەحمەد دوای هەڵبژاردنەكەی ساڵی رابردوو پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئەسیوپیای وەرگرتووە، لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا دەستیكرد بە ئازادكردنی گیراوانی سیاسی‌و قەدەغەی كاری سیاسی لەسەر پارتەكان هەڵگرت‌و پرۆسەی دادگایكردنی ئەو بەرپرسانەی دەستپێكرد كە تۆمەتبارن بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ.
بەڵام بەپێی راپۆرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەوكاتەوە ئەم پیاوە دەسەڵاتی گرتوەتەدەست، توندوتیژی رەگەزی زیادی كردووە‌و بەهۆیەوە (2 ملیۆن‌و 400 هەزار) كەس ئاوارەبوون.
ئابی وتی:" ژەنەراڵ سیاری میكۆنین فەرماندەی ئەركانی سوپا قوربانی هێرشێكە كە چەتەكان ئەنجامیاندا"، لەمە زیاتر باسی لە وردەكاری تر نەكرد.
ئاماژەی بەوەكرد، بەرپرسان لە ئەمهەرە لە كۆبونەوەدابوون كاتێك "هاوڕێكانیان" تەقەیان لێكردوون.
پێشتریش وتەبێژەكەی ئابی رایگەیاند، ئەنجامدەرانی هەوڵی كودەتاكە، داوای وازهێنانی ئەمباچیۆ میكۆنین سەرۆكی حكومەتی خۆجێی ئەمهەرەیان دەكرد، هێزەكانی سوپا بەرەنگاریان بونەوە.
پارتی دەسەڵاتداری ئەسیوپیا لە ئەمهەرە لەبەیاننامەیەكدا بەرپرسێكی ئەمنی تۆمەتباركرد بە هاندان بۆ كردەوە توندوتیژییەكان، كە زیندانیكراو بووە‌و لەگەڵ دەستبەكاربوونی ئابی ئەحمەددا لەزیندان ئازادكراوە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری یەكێك لە مامۆستایانی زانكۆوە لە شاری بەحر دار بڵاویكردەوە، تەقەكردن لە شارەكە بۆماوەی چوار كاتژمێر بەردەوام بووە.
مامۆستاكە دەڵێ:" سەرەتا گومانم دەكرد ئەوە تەنیا روداوێكی ئاسایی بێت، دواتر گوێمان لە دەنگی چەكی قورس بوو".
ئەسیوپیا دێرینترین دەوڵەتی سەربەخۆیە لە كیشوەری ئەفریقا، دووەم دەوڵەتە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە (لەدوای نەیجیریاوە)‌و ژمارەی دانیشتوانەكەی (105 ماایۆن‌و 500 هەزار) كەسە، كە دابەشبوون زیاتر لە (80) گروپی ئیتنیكی جیاوازدا.
ئەسیوپیا سەنتەرێكی گرنگە لە بواری گواستنەوەی ئاسمانی مەودا درێژدا، ئابورییەكەی بە یەكێك لە خێراترین ئابورییەكانی جیهان دادەنرێت، بەڵام سەرباری ئەمەش ژمارەیەكی زۆری گەنجیش هەن كە بەدەست بێكارییەوە دەناڵێنن.

لەبارەی هێرشەكانەوە چی دەزانین ؟
ژەنەراڵ سیاری مییكۆنین‌و ژەنەراڵ جیزا ئەبیرا لەسەر دەستی پاسەوانە تایبەتەكەی فەرماندەی سوپا كوژراون‌و ئێستا ئەو پاسەوانە دەستبەسەرە، ئەمە بەگوێرەی قسەی نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆك وەزیران.
لە ئەمهەرە، حاكمی ویلایەتە‌و راوێژكارە دیارەكەی كە ناوی ئیزی واسیە، كوژراون، داواكاری گشتی ناوچەكەش برینداربووە.
لایك ئەیالیۆ دانراوە وەكو حاكمی ویلایەتەكە.
نوسینگەی سەرۆك وەزیران، ئەسامینۆ تسیج سەرۆكی ئاسایشی هەرێمیی لە ناوچەی ئەمهەرە تۆمەتبار دەكات بە پلاندانان بۆ بۆ هەوڵی كودەتاكردن، تائێستا روون نییە ئایا ئەو پیاوە دەستگیركراوە یاخود نا.
بەیاننامەی حكومەت دەڵێ" هەوڵی كودەتا لە ویلایەتی ئەمهەرە، پێچەوانەی دەستورە‌و ئامانج لێی تێكدانی ئەو ئاشتیەیە كە لەناوچەكە بەدی هاتووە".
بەیاننامەكە داوا لە خەڵك دەكات ئیدانەی ئەو "كودەتا نایاساییە" بكەن، جەخت لەسەر ئەوەدەكات، حكومەتی فیدراڵی توانای سەركەوتنی هەیە بەسەر ئەو گروپە چەكدارەدا.

وتەبێژی سەرۆك وەزیران: سەرۆكی ئەركان بەتەقەی پاسەوانەكەی كوژراوە

​​​​​​​
دۆخێكی سیاسی ژەهراوی
ئەم بارودۆخە بۆ ئەسیوپیا‌و سەرۆك وەزیرانەكەی ئاڵَۆزە، كە خۆی لە بنەڕەتەوە روبەڕووی ئاڵۆزی ئیتنیكی بوەتەوە.
سەرۆك ئەركانی سوپا، پۆستی فەرماندەی سوپای بۆ ماوەی ساڵێك وەرگرت، ئەمەش دوای ئەوەی ئابی ئەحمەد لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا لە پۆستی سەرۆك وەزیران لە مانگی نیسانی رابردوودا، گۆڕانكارییەكی گشتگیری لە دەزگای ئەمنیدا كرد.
ئەوەی كە روونە ئەوەیە، هێشتا لەناو سوپادا ناڕەزایەتی هەیە لەبارەی شێوازی كاركردنی سەرۆك وەزیرانەوە.
كوشتنی حاكمی ویلایەتی ئەمهەرە گورزێكی گەورە بوو كە لە ئابی درا، كە چاكەی دانانی ئەمباچۆ میكۆنین لەو پۆستەدا بۆ ئەو دەگەڕێتەوە.
حاكمە كوژراوەكەی ویلایەتی ئەمهەرە، هاوپەیمانی سەرەكی سەرۆك وەزیرانی ناوچەكە بوو، ئەو خۆشی روبەڕووی كێشەی ئەمنی‌و داواكاری هەندێك لە گروپەكان بۆ ئۆتۆنۆمی‌و خۆبەڕێوەبەرییەكی گەورە تر لە حكومەتی ناوەندی، دەبووەوە.
پێشبینی دەكرێت ساڵی داهاتوو یەكەمین هەڵبژاردنی گشتی لەدوای دەستبەكاربوونی ئابی ئەحمەدەوە لە ئەسیوپیا بەڕێوەبچێت، بەڵام سەختە پێشبینی ئەوە بكرێت ئەو پرۆسەیە چۆن بەڕێوەدەچێت لە وڵاتێكی فرەجەمسەردا، كەشوهەواكە زۆر ژەهراوییە.


بایەخی ویلایەتی ئەمهرەیە لەچیدایە ؟
ئەم ویلایەتە نیشتمانی رەگەزی "ئەمهەرە"یە، دووەم گەورەترین ناوچەی ئەسیوپیایە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، زمانی فەرمی ئەسیوپیا "ئەمهەریی" لەم ناوچەیەوە سەرچاوەی گرتووە.
مانگی رابردوو، لە ئەمهەرە‌و ناوچەی بنیشنگۆل گۆمۆزی دراوسێی، بەهۆی ناكۆكی نێوان خەڵكی سەربە هەردوو رەگەزی "ئەمهەری"‌و "گۆمۆز"، دەیان كەس كوژران.  
ناكۆكی رەگەزیی كە زۆربەی جار سەرچاوەیەكەی بۆ ناكۆكی لەسەر زەوی‌و زار دەگەڕێتەوە، بووەتەهۆی ئاوارەبوونی (3 ملیۆن) كەس لەسەرتاسەری ئەسیوپیا.
كێشەیەكی تریش هەیە كە روبەڕووی سەرۆك وەزیران دەبێتەوە، ئەویش ناكۆكییەكانی ناو سوپایە.
ئابی وتی، ئەو سەدان سەربازەی كە هەڵیانكوتایەسەر نوسینگەكەی‌و داوای زیادكردنی موچەكانیان كرد، هەوڵیانداوە بیكوژن.
بەر لە ساڵێك ئابی لە هێرشێك رزگاری بوو كە بەبۆمب ئەنجامدرا‌و بەهۆیەوە دوو كەس كوژران‌و 100 كەس برینداربوون.
گومانلێكراوی پشت هەوڵی كودەتاكە كێیە ؟
ئەسامینیۆ تسیگی یەكێك بوو لەو سەربازە پلەدارانەی كە لەسەرەتای ساڵی رابردوودا لە زیندان ئازادكران، ئەوەش كاتێك حكومەتی پێشوو لەژێر فشارێكی میللیدا دەستیكرد بە ئازادكردنی گیراوانی سیاسی.
ژەنەراڵ ماوەی (9 ساڵ) بوو لە زینداندا بوو، تاوانباركرابوو بە پلاداندانان بۆ كودەتا.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز باسلەوەدەكات، بەرپرسانی باڵا رۆژی شەممە كۆبونەوەیەكیان كردووە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی هەوڵە ئاشكراكانی ژەنەراڵ بۆ دروستكردنی میلیشیایەكی رەگەزیی.
لە ڤیدیۆیەكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوبووەوە، ژەنەراڵ ئەسامنۆ بەشێوەیەكی ئاشكرا داوای لە خەڵك كرد چەك هەڵگرن.
روون نەبوەتەوە ئاخۆ ژەنەراڵ لەنێو ئەو كەسانەدایە كە دەستگیركراون یاخود نا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand