ئەمریكا‌و چین بە تەكنەلۆژیا شەڕی یەكتر دەكەن

Draw Media

2019-05-22 14:45:21



راپۆرت: BBC
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت

هواوی كە دووەم گەورە كۆمپانیای دروستكردنی موبایلی زیرەكە لە جیهاندا، روبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی گوگڵ رایگەیاند رێگاكانی گەیشتنی بەو پرۆگرامانە كۆتوبەند دەكات، كە بەرهەمی دەهێنێت. 
گەشەی ئەم كۆمپانیا چینی-یە لە داهاتوودا وابەستەیە بە ئاستی پشتبەستنی خەڵك بەو پرۆگرامانەی كۆمپانیای زەبەلاحی گوگڵ بەرهەمیان دەهێنێت، كە بە بزوێنەری سێرچ (گەڕان)ە بەناوبانگەكەی ناسراوە، لەنێویاندا یوتیوب‌و نەخشە‌و پۆستی ئەلیكترۆنی (ئیمێڵ).
بڕیارەكەی گوگڵ دوای ئەوە هات ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆك ئەمریكا هواوی خستە لیستی ئەو كۆمپانیایانەی كە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە حكومەت، كۆمپانیا ئەمریكییەكان ناتوانن بازرگانی لەگەڵدا بكەن.  
ئەم بڕیارەی گوگڵ دەبێتەهۆی كۆتوبەندكردنی كۆمپانیا چینی-یەكە لە دەستڕاگەیشتن بەو ئەپدەیتانەی كە سیستمی ئەندرۆید بەرهەمیان دەهێنێت، هەروەها رێگەی گەیشتنیشی بە "ئەپ ستۆر" كۆتوبەند دەكات كە بە گوگڵ پلەی ناسراوە.
پێدەچێت ئەمە كاریگەری دابنێت لەسەر گەشەی خێرای هواوی، كە توانیویەتی لە فرۆشتنی ئامێری تەلەفۆنی زیرەكدا كۆمپانیای ئەپڵ تێپەڕێنێت.
ئێستا بەڕێوەبەر‌و كۆمپانیا جێبەجێكارەكان تاوتوێی ئەوە دەكەن ئایا تا چ ئاستێك خەڵك بەرگەی ئەوە دەگرن ئەپلیكەیشنەكانی گوگڵ لەناو موبایلە هواوی-یەكانی دەستیاندا نەبێت، ئەو ئەپلیكەیشنانەی كە بوون بەبەشێكی گرنگ لە ژیانمان. 

بایدۆ.. تاكە بزوێنەری سێرچ لە چین

گەڕان بۆ زانیاری‌و وەڵامدانەوە
گوگڵ دەستیكردووە بە فەراهەمكردنی بزوێنەری سێرچ بۆ زانیارییەكان لە ئینتەرنێتدا، تائێستا ئەمە باشترینی ئەو شتانەیە كە پێشكەشیكردووە.
ئەگەر خەڵك لەسەرتاسەری جیهان سێرچ بۆ بابەتێك بكەن لە ئینتەرنێت، رێژەی 89%یان گوگڵ بەكاردەهێنن.
كۆمپانیای "نێت ماركێت شیر" دەڵێ دووەم بزوێنەری سێرچ لەڕووی بەكارهێنانەوە، بە ركابەرێكی راستەوخۆی گوگڵ دانانرێت.
لە چین رێژەی 8%ی خەڵك ئەو بزوێنەری سێرچە بەكاردەهێنن كە بە (بایدو) ناسراوە، چونكە حكومەت گوگڵی راگرتووە.
بۆیە نائامادەگی بزوێنەری سێرچی گوگڵ لە هواویدا تەنیا كاریگەری لەسەر بازاڕی ناوخۆیی نابێت، بەڵام خەڵك ئەگەر ویستیان سێرچ بۆ زانیارییەك بكەن، بەكارهێنانی گۆگڵ بەباشتر دەزانن، ئەمەش دەبێتە هۆی لەقاڵبدانی كڕینی ئامێری هواوی لەلایەن هەندێك لە هاوبەشەكانەوە لەسەر ئاستی جیهان. 

تیكتۆك.. ئەو ئەپلیكەیشنەی كە ركابەرێتی یوتیوب دەكات

تەماشاكردن لە نزیكەوە
گوگڵ لە 2006دا یوتیوبی كڕی، ئاستی سەركەوتنی گەیشتە سنورێك كە لەگەڵیدا ئەركێكی نوێ دەركەوت كە ئەویش یوتیوبەر (بەكارهێنەری یوتیوب)ە.
ئەگەر لێهاتویت لە یارییەكانی كۆمپیوتەر‌و، بەكارهێنانی هەندێك لە بابەتەكانی جوانكاری، یاخود ئەژمارێكت هەیە بۆ میوانداریكردنی خەڵك، یاخود قسەكردن لەبارەی كاروباری ژیانەوە، لە كەناڵەكەتەوە لە یوتیوب ملیۆنان خەڵك تەماشات دەكەن‌و دەبیت بە ملیۆنێر.
سەرباری سەركەوتنی یوتیوب بەو ئاستەی كە توانیویەتی هەندێك خەڵك بەناوبانگ‌و دەوڵەمەند بكات (گۆڤاری فۆربیس دەڵێ ساڵی رابردوو 10 كەس لە ئەستێرە یەكەمینەكانی زیاتر لە 180 ملیۆن دۆلاریان بەدەستهێناوە)، هێشتا لەو لایەنەوە‌و لە ئەپلیكەیشنی ڤیدیۆكانی ترەوە، روبەڕووی ركابەرێتی بەهێزی گوگڵ دەبێتەوە.
لە كۆتایی ساڵی 2018دا، لەڕووی داونلۆدكردنەوە لەلایەن خەڵكەوە لەسەر ئاستی جیهان، ئەپلیكەیشنی "تیكتۆك" پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، ئەمە بەپێی قسەی كۆمپانیای "سینسۆر تاوەر" بۆ بازاڕكاری. 
تیكتۆك لە ساڵی 2016دا دەركەوت، توانی مانگانە بگات بە 500 ملیۆن بەكارهێنەر لە سەرتاسەری جیهان.
كۆمپانیا چینی-یەكە دەستیپێكرد‌و، دواتر لەسەر ئاستی هەموو جیهان ناوبانگی دەركرد.
ئەپلیكەیشنەكە تەنیا پارچە ڤیدیۆی كورت نەبێت بڵاوی ناكاتەوە، ركابەری راستەوخۆی ئەپلیكەیشنی ئنستگرامە زیاتر لەوەی ركابەری یوتیوب بێت، بەناوبانگبوونی ئەم ئەپلیكەیشنە دەریدەخات چۆن حەزی خەڵك گۆڕانكاری بەسەردا دێت.
ئێستا یوتیوب بوەتە سامانێكی زەبەلاح بۆ گوگڵ، ملیارێك‌و 800 ملیۆن كەس لە جیهان بەكاریدەهێنن، بەڵام ئاستەم نییە ركابەرێتی بكات‌و بەسەریدا سەركەوێت لەڕێگەی ئەپلیكەیشنێكی بچوكترەوە، پێدەچێت رۆڵی لە داهاتوودا كەمببێتەوە. 

ئەگەر لەداهاتوودا هواویت كڕی رەنگە چیتر گۆگڵ پلەی تێدا نەبینی

زانینی ئاڕاستەكە
ئەپلیكەیشنی نەخشە وا ئەژماردەكرێت لە ئاستی گوگڵ خۆیدا بێت- ئەپلیكەیشنێكی پڕ جەماوەرە.
هەندێك كەس ئەم سەركەوتنە بۆ شكستی ئەپلیكەیشنی ئەپل بۆ نەخشەكان دەگێڕنەوە كە ركابەرێتی دەكات‌و لە 2012وە دەستیپێكردووە، ئەم ئەپلیكەیشنە روبەڕووی رەخنە بوەتەوە بەهۆی ورد نییە‌و وردەكارییەكان ون دەكات.
كێشەی ئەپلیكەیشنی ئەپل گەورە بوو، بەجۆرێك ساڵی رابردوو كۆمپانیاكە پەنای برد دووبارە دامەزراندنەوەی، ئەوەش بەبەكارهێنانی باك ئەپی بەكارهێنەرانی ئەیفۆن خۆیان‌و بەكارهێنانی چەند چارجەری (شاحینە)یەكی بچوك كە ئامێری ئاگاداركردنەوەی پێوە بەستراوە.
روپێوییەك كە كۆمپانیای فلۆینت بۆ بازاڕكاری كردویەتی ئاماژە بەوەدەكات رێژەی 69% بەكارهێنەرانی ئایفۆن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەكارهێنانی نەخشەكانی گوگڵ بەباشتر دەزانن لە نەخشەكانی ئەپڵ.
بەڵام بارودۆخی گۆگڵ لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر دەگۆڕێت، ئەگەر هەژمونی ئەو كۆمپانیایەمان لە بواری سێرچدا لەبەرچاوگرت.
قەدەغەكردنی هەموو ئەپلیكەیشنەكانی گوگڵ لە چین واتە زیادبوونی ئاستی جەماوەریی ئەپلیكەیشنی بایدۆی ركابەری. دەوترێت 200 ملیۆن كەس ئێستا تایبەتمەندی كارپێكردنی دەنگیی ئەو ئەپلیكەیشنە بەكاردەهێنن.
بایدۆ چاوی لەوەیە لە دەرەوەی سنوری چین بڵاوببێتەوە‌و چارەسەرێكیش بە هواوی پێشكەش بكات بتوانێت بەهۆیەوە ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە، كە بەهۆی لەدەستدانی ئەپلیكەیشنەكانی گوگڵەوە بۆی دروست دەبێت.  

سەرۆكی كۆمپانیای هواوی دەڵێ كۆمپانیاكەی دەتوانێت بەسەر ئاستەنگەكاندا سەركەوێت

جیابونەوە
ئێستا بەكارهێنەرانی موبایلی زیرەك دوو سیستمی بنەڕەتی كارپێكردنیان لەبەردەستدایە، یەكێكیان "ئای ئۆ ئێس"ە لە ئامێری ئەپڵدا، ئەوی تر "ئەندرۆید"ە لە ئامێرەكانی تردا، پێدەچێت راگرتنی ئەپلیكەیشنەكانی گوگڵ لە هواوی، بە سیستمی ئەندرۆید-یشەوە، ببێتەهۆی هەڵاتنی سیستمێكی نوێ.
سەرۆكی كۆمپانیای هواوی بە میدیاكانی چینی راگەیاند:" مامەڵەی ئێستای سیاسەتمەدارانی ئەمریكا سوكایەتیكردنە بە تواناكانمان".
دامەزرێنەری هواوی باوەڕی وایە كۆمپانیاكەی لەتوانایدایە بەبێ گەیشتن بە پرۆگرامەكانی ئەمریكاش، بەردەوام بێت.
جێرمی تۆمسۆن جێگری سەرۆكی كۆمپانیاكە لە بەریتانیا وتی:" پلان بۆ رودانی ئەگەری لەو جۆرە دادەنێین، بەڵام تائێستا روینەداوە".
ئاماژەی بەوەكرد:" پرۆگرامی هاوتەریبمان هەیە بۆ گەشەپێدانی جێگرەوە.. لەوباوەڕەداین ئەوە كڕیارەكانمان دڵخۆش دەكات".
بەكارهێنانی سیستمێكی ركابەر لەلایەن هواوییەوە بەواتای كردنەوەی بوارە لەبەردەم بژاردەی زۆردا، دوور لە ئەپڵ ‌و ئەندرۆید، سەختە بوترێت ئەتوانێت سەركەوتوو بێت لەم كێبركێیەدا.
كۆمپانیا چینییەكە دەتوانێت پشت بە پاڵپشتی حكومەت‌و بازاڕی گەورە لۆكاڵییەكەش ببەستێت.

هواوی لە فرۆشتنی موبایلدا لە بازاڕدا پێش ئەپڵ كەوتووە
گوگڵ هیواخوازە بەردەوام بێت لە پاراستنی بارودۆخی بەهێزی خۆی لە بازاڕی ئامێرەكانی تەلەفۆن‌و بەردەوامبوونی خەڵك لەسەر بەكارهێنانی ئەپلیكەیشنەكانی لەسەر ئاستی جیهان.
كۆمپانیای مایكرۆسۆفتی زەبەلاحی ئەمریكی بەو سیستمی كارپێكردنەی كە دروستیكرد، توانی رێژەی 42%ی بازاڕی تەلەفۆن لە ئەمریكا بۆی خۆی ببات، بەڵام راوەستا‌و ئەو سیستمەی راگرت، سەرباری ئەوەی كۆمپانیای زەبەلاحی نۆكیای كڕیبوو، وەكو هەوڵێكی بۆ بڵاوكردنەوەی سیستمێكی فراوانتر.
ئەگەر كۆمپانیای هواوی سەربەخۆیی وەرگرت‌و بڕیاریدا گەشە بە سیستمێكی كارپێكردنی تایبەت بەخۆی بدات، گوگڵ هیوادارە دوچاری ئەو چانسە رەشە نەبێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand