بوركانی ئەجێنداكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست قوڵپدەدات

Draw Media

2019-05-13 10:33:10



راپۆرت: درەو میدیا

ڕەنگە جەنگێكی كاولكەر بە "ڕێكەوت" لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبگیرسێت، ئەمە ئەو مەترسیەیە كە نوسەری ئەمریكی (دەیڤد گادرنەر) هۆشداریداوە لەباریەوە، ئەو نوسەرە لە وتارێكدا كە لە ڕۆژنامەی (فاینەنشال تایمز)ی بەریتانیدا بڵاویكردوتەوە، دەڵێت:" ئامادەبونی دەیان كاراكتەری "چالاكی مەترسیدار"  كە بڕوایان بەكاری مەیدانی هەیە، هاوشێوەی (جۆن بۆڵتۆن) ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكاو (مایك پۆمپیۆ) وەزیری دەرەوە و (بنیامین نەتانیاهۆ) سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و (ڤلادیمێر پۆتین) سەرۆكی روسیا و(ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆكی توركیاو ژەنەڕاڵ (قاسم سولەیمانی) فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، لەگەڵ كابرایەكی "ڕەفتار نامۆ"ی وەك (دۆناڵد ترەمپ)سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا، ئینسان هەر ئەبێ‌ چاوەڕێی "كارەسات" لە تاقمێكی سیاسی لەمشێوەیە بكات، بەتایبەت هەندێك جەنگ بە "ڕێكەوت" هەڵدەگیرسێت".
هۆشداری ئەم نوسەرە ئەمریكییە هاوكاتە لەگەڵ ڕودانی پێشهاتێكی نوێ و تەمومژاویی لەناوچەكە، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات دەڵێت، چوار كەشتی بازرگانی وڵاتان لەئاوە نێودەوڵەتیەكانی وڵاتەكەی و لە نزیك ئێران ڕوبەڕوی كاری تێكدەرانە بونەتەوە، بێئەوەی وردەكارییەكەی ئاشكرا بكات، بەدوایدا وەزیری وزەو سەرچاوە كانزاییەكانی سعودییە ڕایگەیاند، دوو كەشتی وڵاتەكەی ڕوبەڕوی هێرشی تێكدەرانە بونەتەوە.
ئیمارات لەسەر هێرشەكە داوا لە كۆمەڵەی نێودەوڵەتی دەكات بەرپرسیارێتییەكانی ئەستۆی جێبەجێبكات و ڕێگە لەهەر لایەنێك بگرێت كە هەوڵی دەستبردن بۆ ئاسایش و سەقامگیری جوڵەی كەشتیوانی دەدات لەناوچەكە. 

ئامانجەكە تارانە
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەر زوو هاتە سەرخەت و نیگەرانی خۆی لە ڕوداوەكە دەربڕی و داوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی كرد لە هێرشەكە، هۆشداریشدا لە "سەركێشی یاریزانە دەرەكییان" لە  دورستكردنی كێشە بۆ جوڵەی كەشتیوانی.
بەڕای بەشێك لە چاودێرانی دۆخەكە، گەرچی ڕوداوەكە لە كەشێكی تەموژاویدا بووەو زانیارییەكی ئەوتۆ لەبارەیەوە بەردەست نییە، تەقینەوەو چەكی تیادا بەكارنەهاتووەو هیچ قوربانییەكیش نییە، یەكێك لە ئەگەرەكان بۆ تێوەگلانی ئێران و تیژكردنی واشنتۆنە دژی تارانە، هاوكات ڕایەكی تریش هەیە بە دووری نازانێت ئەم كارە پەیامێكی تاران بێت بۆ ئیمارات و پیبڵێت گەر وڵاتەكەی ڕوبەروی هێرشی ئەمریكا بێتەوە، ئەوا پریشكی ئاگرەكە دەپەڕیتەوە بۆ ئیمارات و تەواوی ناوچەكە، هاوكات ئەگەرێكی چاوەڕوانكراویش ئەوەیە حكومەتی ئیمارات بە هاوكاری ئەمریكا و وڵاتانی كەنداو ڕێوشوێنی ئەمنی توندتر لە ئاوەكانی كەنداو بگرنەبەر بەبیانوی پاراستنی ئاسایشی جوڵەی كەشتیوانی و، بەوەش گەمارۆكانی سەر ئێران توندتر بكەن و جوڵە كەشتیەوانییەكانی بەتەواوی پەكبخەن.  هەر لەچوارچێوەی گرژییەكانی ئەو دۆسیەیەدا، لە چەند كاتژمێری ڕابردودا ئەمریكا هاوڵاتیانی لە گەشتكردن بۆ عێراق ئاگاداركردەوە، بە هۆكاری توندبونەوەی گرژییەكان لە ناوچەكە و داواشی لە هاوڵاتیانی نیشتەجێی عێراق كرد چاوكراوەبن‌و لە قەرەباڵغی شوێنە گشتییەكان دوربكەونەوە.
بەقسەی بەرپرسانی ئەمریكا، تاران داوای لە گروپە چەكدارەكانی كردووە لەوپەڕی ئامادە باشیدابن ‌و ئەم پرسە لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەمریكاوە بەجدی وەرگیراوەو ئەو ڕێوشوێنەش بەشێكە لەم پرۆسەیە.

یەكێتی ئەوروپا لەگەڵ دانوستانە
لە گەرمەی  ئامادەكارییەكانی واشنتۆن و تاران دژ بەیەك، (فیدریكا مۆگرینی) بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا پێش كۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا فەرەنسا و ئەڵمانیا، وڵاتی بەشدار لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران، بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، یەكێتی ئەوروپا پشتیوانی تەواوەتی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە دەكات لەگەڵ تاران، دەشیەوێت هێزە ڕكابەرەكان خۆیان بەدور بگرن لەهەر ئاڵۆزییەكی زیاتر سەبارەت بەم پرسە.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand