ئێران: دەبێت ئەمریكا دانوستان لەگەڵ سوپای پاسداران بكات

Draw Media

2019-04-24 13:57:49



راپۆرت: نامیق رەسوڵ

لە ماوەی رابردوودا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بۆ فشارخستنە سەر ئێران سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە‌و لە هەنگاوێكی تریشدا بە ئاراستەی توندتركردنی سزاكانی سەر تاران ئەمریكا رایگەیاند ئیتر هیچ وڵاتێك لە سزاكانی سەرئێران نابەخشرێت‌و پێویستە هەناردەی نەوتی ئێران بگەیەنرێتە سفر.
هەركاتێك ململانێكانی نێوان ئێران‌و ئەمریكا زیاتر بەرەو ئاڵۆزی بچێت، ئەوا تاران هەرەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەكات كە شادەماری هەناردەكردنی نەوتە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند ئەگەر ئەمریكا دەیەوێت بچێتە گەرووی هورمز، ئەوا پێویستە لەگەڵ سوپای پاسداراندا دانوستان بكات.
زەریف دوای گەیشتنی بە نیویۆرك لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی:" ئەگەر ئەمریكا دەیەوێت بچێتە ناو گەرووی هورمز، ئەوا پێویستە لەسەری دانوستان لەگەڵ ئەو لایەنەدا بكات كە ئەركی پاراستی گەروەكەی لە ئەستۆدایە، واتە سوپای پاسدارانی ئێران".
زەریف جەختیشیكردەوە " هێشتنەوەی گەرووی هورمز بە كراوەیی لە بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامی ئێراندایە".

بایەخ و گرنگی گەرووی هورمز چییە؟ كێ‌ لە داخستنی زیانی پێدەگات؟ 
رێڕەوێكی ستراتیژی
گەرووی هورمز نەك هەر بە ڕێڕەوێكی ئاویی ستراتیژی دادەنرێت، بەڵكو گرنگترین رێڕەوی ئاوییە بۆ گواستنەوەی نەوت لە جیهاندا و رۆژانە یەك لەسەر پێنجی نەوتی جیهان و سێیەكی نەوتی بەرهەمهێنراوی وڵاتانی كەنداو لەم رێڕەوەوە دەگوازرێتەوە و شادەمارێكی ستراتیژییە كە بەرهەمهێنەرانی نەوتی خاو لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە بازاڕە سەرەكییەكانی ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن و ئەوروپا و ئەمریكای باكور و ئەوانی تر دەبەستێتەوە.
گەرووی هورمز دەكەوێتە پارێزگای موسندەم لە ناوچەی كەنداو و ئاوی كەنداو لەلایەن و كەنداوی مەكران و دەریای عومان و دەریای عەرەب و زەریای هیندی لە لایەكی تر لەیەك جیادەكاتەوە و ئەم خاڵی بەیەك گەیشتنە ناونراوە " دەرگای شەویلگەی شێر".
لە باكور و لەبەری ئێرانەوە پارێزگای بەندەر عەباس دەڕوانێت بەسەر گەروەكەدا، لە باشووریشتەوە پارێزگای موسندەمی عومان، كە سەرپەرشتی جموجوڵی دەریاوانی دەكات بەرەچاوكردن ئەوەی ئەو بەشەی كە بۆ دەریاوانی باشە دەكەوێتە چوارچێوەی ئاوە هەرێمایەتییەكانەوە، ئەوەش بە گوێرەی ئاستی وەزارەتی گەشتوگوزاری عومان.
رۆژانە لەم گەرووەوە 20 بۆ 30 كەشتی بارهەڵگری نەوت تێدەپەڕن و پانی گەرووەكە 50 كیلۆمەترە و قوڵی ئاوەكەشی 60 مەترە.
سعودیە لە سەدا 88ی بەرهەمی نەوتی لەم گەرووەوە هەناردەكات و عێراق لەسەدا 98 و ئیمارات لە سەدا 99 ، هەروەها كۆی نەوتی بەرهەمهێنراوی نەوتی ئێران و كوەیت بەم گەرووەدا هەناردەدەكرێت، هاوكات قەتەریش ئەم گەرووە بەكاردەهێنێت بۆ هاوردەكردنی غازی شل، ئەوەش بە گوێرەی تۆڕی بی بی سی.
هەروەها ژاپۆنیش بە گەورەترین وڵاتی هاوردەكاری نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزە دادەنرێت و ئیدارەی داتا و زانیاری وزەی ئەمریكی دەڵێت هورمز گەرووێكە رۆژانە نزیكەی 18.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێپەڕدەبێت.
كۆمپانیای" فۆرتیسكا" بۆ شیكاری نەوت ئاماژەبەوەدەدات كە بڕی نەوتی خاو و چڕی هەناردەكراو لەم گەرووەوە لە ساڵی 2017دا بە 17.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا دەخەمڵێنرێت و  لە نیوەی یەكەكی ساڵی 2018ش بە 17.4 ملیۆن بەرمیل دەخەمڵێنرێت.

هەڕەشەكانی داخستنی هورمز
یەكێتی ئەوروپا كە گەورەترین هاوردەكاری نەوتی ئێرانە، بەڵێینداوە پارێزگاری لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێران بكات كە ساڵی 2015 ئیمزاكرا، سەرەڕای كشانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لێی، ئەوەش هەوڵێك بوو بۆ پارێزگاریكردن لە هاوردەكردنی نەوت و وەبەرهێنان لە ئێراندا.
حوزەیرانی ٢٠١٨ حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران و ژمارەیەك فەرماندەی سەربازی باڵای ئەو وڵاتە هەڕەشەی ئەوەیان كرد كە رێگەدەگرن لە تێپەڕینی نەوتی وڵاتانی كەنداو لە گەرووی هورمز، ئەگەر واشنتۆن هەوڵی راگرتنی هەناردەی نەوتی ئێران بدات و فەرماندەی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند هێزەكانی ئامادەن بۆ داخستنی گەرووی هورمز  هەڵوێستی توندی رۆحانیشی لەو بارەیەوە بەرزنرخاند.
لە بەرامبەریشدا، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا رایگەیاند هێزە دەریاییەكانی ئەمریكا ئامادەن بۆ گرەنتیكردنی ئازادی دەریاوانی و بەردەوامبوونی جموجوڵی بازرگانی، ئەوەش لە كاتێكدا بوو كە سوپای پاسداران هەڕەشەی راگرتنی نەوتی كرد لە گەرووەكە ئەگەر پێویست بكات، بەڵام بە گوێرەی ئاژانسی " فرانس پرێس" سوپای پاسداران  لە بواری هێزی دەریاوانیی بەهێزدا كەموكوڕی هەیە و لەبری ئەوە لە بوارەكانی تردا پەرەی بە هێزەكانی داوە و خاوەنی چەندین بەلەمی خێرا و سەكۆی موشەكی دژە كەشتییە و دەشتوانێت دەریا مینڕێژ بكات.
یەكەمجار نیە
چەندین دەیەیە گەرووی هورمز لەناو جەرگەی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكەدایە و ئەوەش یەكەمجار نیە كە تاران ئەو جۆرە هەڕەشەیە بكات و لەمیانی جەنگی عێراق – ئێراندا ( 1980- 1988) هەردوولا هەوڵیاندا تەگەرەخنە بەردەم " هەناردەی نەوتی یەكتر لە گەرووەكەدا.
لە یۆلیۆ/ تەمموزی ساڵی 1988 كەشتی جەنگی ئەمریكی " فینسینز" فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگری ئێرانی لەسەر گەرووی هورمز خستەخوارەوە و بەهۆیەوە 290 سەرنیشنی فڕۆكەكە گیانیان لەدەستدا و واشنتۆن بە روداوێك وەسفیكرد و رایگەیاند تیمی سەر كەشتییەكە گومانیان كردووە كە فڕۆكەیەكی شەڕكەر بێت، بەڵام تاران بە هێرشێكی بەمەبەست داینا، و ئەمریكا رایگەیاند " فینسینز" لە ناوچەكەدایە بۆ پاراستنی كەشتییە بێ لایەنەكان لە هێرشی هێزی دەریایی ئێران.
لە سەرەتای ساڵی 2008 ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند چەند بەلەمێكی ئێرانیی لە سێ‌ كەشتی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریكا لە گەرووی هورمز نزیكبوونەتەوە و هەڕەشەیان كردووە و لە حوەزیرانی 2008یش محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی بالا سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند ئێران رێوشوێنی توند لەسەر جموجوڵی بازرگانی گەرووەكە دادەنێت ئەگەر رووبەڕووی هێرش ببێتەوە.
لە تەمموزی 2010دا هێرشكرایە سەر كەشتییەكی گواستنەوەی نەوتی ژاپۆن بەناوی " ئێم ستار" لە گەرووەكەدا، و گروپێكی چەكداری بەناوی " كەتیبەكانی عەبدوڵا عەززام" كە سەربە رێكخراوی قاعیدەیە بەرپرسیارێتی هێرشەكەی گرتە ئەستۆ.
لە كانوونی دووەمی 2012، ئێرانی هەڕەشەی داخستنی گەرووەكەی كرد، لە وەڵامی سزاكانی ئەمریكا و ئەوروپادا كە لە هەوڵێكدا بۆ وەستاندنی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران سەپاندیان و لە ئایاری 2015 چەند كەشتییەكی ئێران تەقەیان لە كەشتییەكی نەوت هەڵگر كرد كە ئاڵای سەنگاپورەی بەرزكردبوەوە و رایگەیاند كە سەكۆیەكی نەوتی ئێرانی خاپووركردوووە و ئەوەش بووە هۆی هەڵاتنی كەشتییەكە.
لە دواهەمین هەڕەشەشدا سێ‌ تەمموزی 2018 حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران رایگەیاند لە وەڵامی داواكاری ئەمریكا بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی ئێرانن گواستنەوەی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە پەكدەخەن و لە رۆژی دواتریش یەكێك لە فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران رایگەیاند ئەگەر هەناردەی نەوتی ئێران بوەستێنرێت، ئەوا هەموو هەناردەكردنی نەوت لە گەرووی هورمز رادەگرن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand