شەڕی ترەمپ و پیلۆسی پێی نایە قۆناغێكی نوێوە

Draw Media

2019-01-19 17:27:19



راپۆرتی: نامیق رەسوڵ 
نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا كە سەربە دیموكراتەكانە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكای بەوە تۆمەتباركرد، هێزەكانی ئەمریكاو ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی لە ئەفغاستانن خستوەتە مەترسییەوە، لە رێگەی ئاشكراكردنی سەردانی وەفدێكی كۆنگرێس بۆ ئەو وڵاتە و كۆشکی سپیش ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە.

سەرەتا كێشەی ترەمپ و پیلۆسی
سەرەتای ئەم مانگەو دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نیوەی كۆنگرێسی ئەمریكا، دیموكراتەكان زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەدەستهێنایەوە و نانسی پیلۆسی بە سەرۆكی ئەنجومەنەكە هەڵبژێدرایەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بۆ دابینكردنی بودجەی دیواری نێوان ئەمریكا و مەكسیك كە یەكێكە لە بەڵێنەكانی كاتی هەڵبژاردنی، لەگەڵ نانسی پیلۆسی و سەركردەی دیموكراتەكان كۆبوەوە.
لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا ترەمپ داوای لە پیلۆسی كرد بودجەی دیوارەكە دابینبكەن، بەڵام پیلۆسی رەتیكردەوە و ترەمپیش بە توڕەییەوە كۆبوونەوەكەی بەجێهێشت و لەوكاتەوە داخستنی كاتی حكومەت دەستیپێكردووە و فەرمانبەرانی فەرمانگە فیدراڵییەكان موچەكانیان دواكەوتووە.

رێگەگرتن لە گەشتی پیلۆسی
بڕیاربوو وەفدێكی كۆنگرێسی ئەمریكا بەسەرۆكایەتی نانسی پیلۆسی سەردانی ئەفغانستان بكات، بەڵام ترەمپ  رێگەی لە سەردانەكە گرت و رێگەی نەدا لەماوەی داخستنی حكومەتدا ئەو وەفدە بە فڕۆكەی كۆنگرێس یان حكومەت یان فڕۆكەی سەربازی گەشتەكەیان بكەن.
سارە ساندەرز، وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات پیلۆسی لە ئەمریكا بمێنێتەوە، بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە پرسی داخستنی حكومەت دانوستان و گفتوگۆ بكرێت.
ساندەرز لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی:" ئەگەر پیلۆسی وڵات بەجێبهێڵێت، ئەوا سەرەتای ئەم هەفتەیە دانوستان بەڕێوەناچێت و ئەوە بەواتای ئەوە دێت كە 800 هەزار فەرمانبەری فیدراڵی موچەكانیان بەدەستانهێنن، چونكە ئەو لێرە نابێت بۆئەوەی بەشداریبكات لە گەیشتن بە رێككەوتنێك".
ساندەرز راشیگەیاند مایەی شەرمەزارییە كە پیلۆسی، ترەمپی تۆمەتباركردووە بەوەی كە ژیانی خستوەتە مەترسییەوە.
بە پێچەوانەی وتەبێژەكەی كۆشكی سپییەوەن درو هامیل، وتەبێژی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند " هیچ داواكارییەكیان لە كۆشكی سپییەوە بۆ كۆبوونەوە پێ‌ نەگەیشتووە".

" ترەمپ لە پرۆتۆكۆڵ تێنگەیشتووە"
نوسینگەی پیلۆسی لە ئامادەكاریدا بوو كە بە فڕۆكەیەكی بازرگانی سەردانی ئەفغانستان بكات، ئەو بیرۆكەیەش لەلایەن خودی ترەمپەوە خرابووەڕوو، بەڵام بەیانی رۆژی هەینی سەردانەكە دواخرا، چونكە ئیدارەی ئەمریكا وردەكاری سەردانەكەی ئاشكراكرد و بەوەش وەفدەكە و ئەو هێزانەشی كە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەنیاز بوو سەردانیان بكات دەخستە بەردەم مەترسییەوە، بەڵام بەرپرسێكی كۆشكی سپی ئەوەی رەتكردەوە.
پیلۆسی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان لە بارەگای كۆنگرێس وتی:" لە ئەفغانستانەوە راپۆرتێكمان پێگەیشت.. كە سەرۆك بە ئاشكراكردنی سەردانەكەمان دۆخی ئەفغانستانی زۆر مەترسیدار كردووە و چونكە ئەوە ئاماژەیەكە بۆ هەموو لایەنە خراپەكان كە ئێمە بەڕێوەین".
پیلۆسی وتیشی:" ئێمە پێشوەخت رایناگەیەنین كە دەچین بۆ ناوچەكانی شەڕ، هەرگیز ئەوە ناكەین، رەنگە كەم شارەزایی سەرۆك لەپشتی تێنەگەیشتن لەو پرۆتۆكۆڵەوە بێت، پێویست بوو ئەوانەی لە چواردەورین بزانن كە ئەوە زۆر مەترسیدارە".

كۆشكی سپی رەتیدەكاتەوە
بەرپرسێكی كۆشكی سپی كە قسەی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز كردووە، رەتیكردەوە كە ئیدارەی ئەمریكا پلانی سەردانەكەی پیلۆسی ئاشكراكردبێت و وتی" كاتێك سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و 20 كەسی تر لە كۆنگرێس بڕیاریاندا بە گەشتێكی فڕۆكەی بازرگانی بچنە ئەفغانستان، ئەوا هەموو جیهان دەزانێت".
مشتومڕی كۆشكی سپی و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، رۆژی هەینی گەیشتە لوتكە، كاتێك نوسینگەی كارگێڕی و بودجە رایگەیاند گەشتی ئەندامانی كۆنگرێس قەدەغەیە ئەگەر رەزامەندی كۆشكی سپی وەرنەگرن یان خۆیان خەرجییەكەی دابین نەكەن".

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand