ئیڤانكا ترەمپ بۆ سەرۆكایەتی بانكی نێودەوڵەتی كاندید دەكرێت

Draw Media

2019-01-12 11:35:59



( درەو میدیا):
رۆژنامەی " فاینانشاڵ تایمز"ی بەریتانی ئاشكرایكرد، ئیڤانكا ترەمپ، كچە گەورەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، یەكێكە لەو كەسانەی كە بۆ سەرۆكایەتی بانكی نێودەوڵەتی كاندیدكراوە.
رۆژنامەكە ئاشكرایكرد، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا چەند ناوێكی بەدەستگەیشتووە، كە كاندیدن بۆئەوەی شوێنی جیم یۆنگ كیم سەرۆكی بانكی نێودەوڵەتی بگرنەوە،کە لەماوەی رابردوودا دەستی لەكاركێشایەوە و كۆتایی ئەم مانگە كارەكانی تەواودەبێت، یەكێك لەو ناوانەش ئیڤانكا ترەمپە.
بە گوێرەی نەریتە پەیڕەوكراوەكان، ئەمریكا كاندید بۆ سەرۆكی بانكی نێودەوڵەتی دیاریدەكات و وڵاتانی ئەوروپاش كاندیدی بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی كاندیددەكەن.
ماری ئیڤانكا ترەمپ، ساڵی 1981 لە نیویۆرك لە دایكبووە و كچی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكایە لە هاوسەری پێشووی " ئیڤانا" و ساڵی 2004 بەكالۆریۆسی لە ئابوریدا بەدەستهێناوە.
ئیڤانكا ساڵی 2009 لەگەڵ جارید كۆشنەر خاوەنی رۆژنامەی " نیویۆرك تایمز وۆچ" هاوسەرگیری كردووە.
بە گوێرەی رۆژنامە بەریتانییەكە، جگە لە ئیڤانكا ترەمپ و نیكی هایلی باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان كە مانگی رابردوو دەستیلەكاركێشایەوە، هەریەك لە دەیڤید ماڵباس، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا بۆ كاروباری نێودەوڵەتی و مارك گرین سەرۆكی ئاژانسی ئەمریكی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی بۆ سەرۆكایەتی بانكی نێودەوڵەتی كاندیدكراون.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand