كۆبوونەوەكەی دۆناڵد ترەمپ و دیموكراتەكان شكستیهێنا

Draw Media

2019-01-10 12:42:28



( درەو میدیا):
دانوستانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ سەركردەی دیموكراتەكان بۆ چارەسەركردنی داخستنی بەشێك لە دامودەزگا فیدراڵییەكانی ئەمریكا شكستیهێنا و ترەمپ كۆبوونەوە لەگەڵ دیموكراتەكاندا بە كات بەفیڕۆدان وەسفدەكات.
بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ لە كۆبوونەوەكەدا نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و چاك شۆمەرن رەتیانكردوەتەوە بودجە بۆ دیواری سنوری نێوان ئەمریكا و مەكسیك تەرخان بكرێت و ئەوەش وایكردوووە ترەمپ كۆبوونەوە كردن لەگەڵ دیموكراتەكان بە " كات بەفیڕۆدان" وەسفبكات.
ترەمپ داوادەكات كۆنگرێس رەزامەندی بدات لەسەر دابینكردنی بڕی 5.7 ملیار دۆلار بۆ بونیادنانی دیوارێك لە پۆلا لەسەر سنوری نێوان ئەمریكا و مەكسیك، وەك پابەندبوونی بە بەڵێنێك كە لەكاتی بانگەشەی سەرۆكایەتیدا داویەتی، بەڵام دیموكراتەكان كە ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەراندا زۆرینەن، رەزامەندی لەسەر ئەو داواكارییە رەتدەكەنەوە.
كۆبوونەوەكە چۆن بەڕێوەچوو؟
كۆبوونەوەكەی ترەمپ لەگەڵ سەركردەكانی دیموكراتەكان زۆر كورت بوو، تەنها 14 خولەكی خایاند، ترەمپ لە ژوورێكی سەنتەری كۆنفرانسەكان لە بەشی خۆرئاوای كۆشكی سپی میوانداری لێكردن.
ترەمپ لە كۆبوونەوەكەدا روویكردە نانسی پیلۆسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و  راستەوخۆ دەربارەی ئەوەی ئایا بودجە بۆ بونیادنانی دیوارەكە تەرخاندەكەن؟  پرسیاری لێكرد، كاتێك پیلۆسی بە نەخێر وەڵامی دایە ترەمپ كۆبوونەوەكەی بەجێهێشت و ماڵئاوایی لێكردن.
چاك شۆمەر، سەركردەی زۆرینەی دیموكراتەكان لە كۆنگرێس جەختیكردەوە كە:" ترەمپ پرسیاری لە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كرد و وتی" ئایا رەزامەندی لەسەر دیوارەكەم؟ ئەویش وتی: نەخێر، پاشان ترەمپ وتی: كەواتە هیچ شتێك نییە گفتوگۆی لەسەر بكەین و ژوورەكەی بەجێهێشت و بینیمان كە جارێكی تر توڕەیی دایگرت، چونكە ئەوەی دەستنەكەوت كە دەیویست".
شۆمەر ئاشكراشیكرد كە ترەمپ بە توندی بە مێزەكەیدا كێشاوە، بەڵام مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا رەتیكردەوە ئەوە روویدابێت و وتی:" سەرۆك بە روویەكی خۆشەوە چووە ژوورەوە و هەر واش هاتە دەرەوە و لە بیرم نیە كە دەنگی بەرزكردبێتەوە یان كێشابێتی بە مێزەكەدا".
بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ لەو كۆبوونەوەیدا شۆمەر بە ترەمپی وتووە " تۆ فەرمانبەران وەك كارتی فشار بەكاردەهێنیت، بۆچی كاری حكومەت دەستپێناكەیتەوە و ئازاردانی خەڵك راناگریت؟ ".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand