تەندروستی مرۆڤ... لە سەریەوە دەستپێدەكات!

Draw Media

2018-12-14 17:08:51



وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
پسپۆرانی بواری تەندروستی جەختدەكەنەوە لەسەر پێویستی گرتنەبەری چەند هەنگاوێكی پراكتیكی كە دەبنە مایەی تەندروستییەكی باش و باشتر مامەڵەكردن لەگەڵ ئاڵنگارییەكانی دواتری ژیاندا و ئاماژەبەوەشدەدەن كە تەندروستی مرۆڤ سەرەتا و پێش هەموو شتێك لە بیركردنەوەكانی و دیدوبۆچوونی و ئاستی گەشبینی یان رەشبینیەوە دەستپێدەكات.
" ئەمڕۆ تۆ لەو شوێنەكەی كە بیكردنەوەت بردویتی و بەیانیش لەو شوێنە دەبیت كە بیركردنەوەكانت دەتبەن"، بەمشێوەیە فەیلەسوف و نوسەری بەریتانی بەناوبانگ "جیمس ئالان" لە كۆندا دەربارەی قسەكردن لە رۆڵی بیركردنەوە لە بونیادنانی ئێستا و داهاتووی مرۆڤدا نوسیوێتی.
سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە 100 ساڵ بەسەر ئەو وتەیەدا، بەڵام هێشتا پارێزگاری لە بایەخ و گرنگی خۆی كردووە، بە تایبەتی كە ئاڵنگارییەكانی ئەمڕۆی ژیان وایكردووە كە كەسانێكی زۆر نەتوانن لە دەرچوون لە بیركردنەوە نەرێنییەكان رزگاریان بێت و دەستیان لەسەر دڵیانە لە چاوەڕوانی ئەوەی رۆژانی داهاتوو چی بۆ هەڵگرتوون.
دەربارەی ئەم بابەتە سایتی "fitbook" باسی لەوەكردووە كە پێویستە بیركردنەوە نەرێنییەكان بۆ كەمترین ئاست كەمبكرێنەوە، چونكە ئەم جۆرە لە بیركردنەوە كاریگەری دەكاتە سەر هەموو جەستە.
ئەو سایتە ئەڵمانیە كە لەگەڵ كۆمپانیای دڵنیایی " DAK " دا كاردەكا، راشیگەیاندووە كە تەندروستی مرۆڤ پێش هەموو شتێك لە سەرییەوە دەستپێدەكات، واتە بیركردنەوەكانی.
لە لێدوانێكیدا بۆ ئەو سایتە " كریستیان لیدكە" توێژەری دەرونی دەڵێت ماوەیەكی زۆرە توێژینەوەكانی بواری مێشك دەریانخستووە كە بیركردنەوە كاریگەری لەسەر هەست و سۆزمان هەیە و پێچەوانەكەشی راستە و دەشڵێت:" ئەگەر نەرێنییانە بیرمانكردەوە، یان پێشبینی نەرێنیمان هەبوو، ئەوا ناوەندی ئازار لە مێشكدا هۆرمۆنەكانی كۆرتیزون، ئەدرینالین دەردەدەن و ئەوەش دڵەڕاوكێ و زنجیرەیەكی تەواوەتی لە كاردانەوەی جەستەو هەتا ئازاریشی لێدەكەوێتەوە".
سودەكانی بیركردنەوەی ئەرێنیانە
لە بەرامبەردا هەمان سەرچاوە باس لەوەدەكات كە بیركردنەوەی ئەرێنیانە دەبێتە هۆی چالابوونی " ناوەندی هاندان" لە مێشكدا و تێكەڵەیەك لە هۆرمۆنەكانی سیرۆتونین و دوبامین بەرهەمدەهێنێت، لەگەڵ هۆرمۆنی ئۆكسایتوسین و ئەم جۆرە تێكەڵەیە لە هۆرمۆن دەبێتە هۆی ئەوەی دەستبەجێ‌ مرۆڤ هەست بەوە بكات كە لە دۆخێكی زۆر باشدایە.
هەروەها سودەكانی بیركردنەوەی ئەرێنیانە تەنها لەم سنورەدا ناوەستێت، بەڵكو پزیشكەكان بە پشتبەستن بە ئامێری " ستی سكان" تێبنیان كردووە كە بیركردنەوە بە شێوەیەكی ئەرێنی شەپۆلەكانی مێشك درێژتر دەكەن و مرۆڤ هەستدەكات كە زۆر باشە و زۆر ئاسودەیە.
هاوكات سایتی " "success"  چەند خاڵێكی داناوە، لە پێناوی زاڵبوون بەسەر بیركردنەوەی نەرێنییدا و قەرەبووكردنەوەی بە بیركردنەوەی ئەرێنیانە كە یارمەتی مرۆڤ دەدەن بە ژیانێكی ئاسودە شاد ببێت و بە ئامانجە دوور و نزیك مەوداكانی بگات.
بایەخدان بە شتە ئەرێنییەكان و زەردەخەنە
رۆژانە چەندین تەگەرە و بەربەست دێنەرێت، كە وادەكەن رۆژەكەت نمونەیی نەبێت، لەكاتێكدا رووبەڕووی ئاڵنگارییەك بویتەوە تەنها بایەخ بەلایەنی ئەرێنی كارەكە بدە هەتا ئەگەر زۆر بچوكیش بێت جگە لەوەش، دەتوانیت پێكەنین و زەردەخەنە بكەیتە رێگایەك بۆ رزگاربوون لە بیركردنەوە نەرێنییەكان و هەوڵبدەن لە ناخۆشترین ساتەكاندا زەردەخنە لەسەر لێوەكانت بێت و بەبیری خۆتی بهێنەرەوە كە ئەم دۆخە ناڕەحەتەی كە پێیدا تێدەپەڕیت دەكرێت لە داهاتوودا ببێتە چیرۆكێكی رابردوو و وابكات پێبكەنیت، ئەوەش بە گوێرەی سایتی  "success".
لە " شكست" ەوە فێربە و بایەخ بە ئێستا بدە
ئەنجامدانی هەڵە و شكست لەو شتانەن كە هەموان پێیدا تێدەپەڕن، لەبەرئەوە هەوڵبدە لەبری بیركردنەوە لە شكستەكە، لێیەوە فێربیت و ببێتە باشترین وانە بۆت و لە جاری داهاتوودا لەوە باشتر بكەیت، هەروەها سایتی "success" جەختدەكاتەوە لەسەر پێویستی بایەخدان و بە هەند وەرگرتنی ئێستا و لە رابردوودا نەژین و ببینە قوربانی رابردوو.
سەرچاوە: بەشی عەرەبی DW
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand