ئەمیتاب باچان قەرز بۆ سەدان جوتیاری وڵاتەكەی دەداتەوە

Draw Media

2018-11-20 17:02:45



( درەو میدیا):
ئەمیتاب باچان، ئەستێرەی بەناوبانگی بۆڵیۆد رایگەیاند قەرزی بۆ سەدان جوتیاری وڵاتەكەی داوەتەوە و بەهای قەرزەكە گەیشتوەتە نزیكەی نیو ملیۆن دۆلار.
ئەمتیاب لە سایتی خۆی لە تۆڕی ئینتەرنێت نوسیوێتی كە قەرزی بۆ 1389 جوتیار داوەتەوە و دەشڵێت هەستدەكات كە دەستكەوتێكی گەورەی بەدیهێناوە.
ئاشكراشیكردووە سەرجەم ئەو جوتیارانە خەڵكی هەرێمی ئۆتار برادیچن كە زێدی لە دایكبوونیەتی.
دەیان هەزار لە جوتیارانی هندستان كەوتونەتە ژێر قەرزێكی زۆرەوە و كەرتی كشتوكاڵ لەو وڵاتە چەندین ساڵە بەهۆی وشكەساڵی كەمی ئاو و كەمبوونەوەی بەرهەم و نەبوونی ئامێری پێشكەوتووەوە دەناڵێنێت و خۆكوشتنی جوتیاران بەهۆی كێشەكانیانەوە بوەتە دیاردە و لە ساڵی 1995ەوە نزیكەی 300 هەزار جوتیار خۆیان كوشتووە.
ئەمیتاب باچانی تەمەن 76 ساڵ كە یەكێكە لە بەناوبانگترین هونەرمەندەكانی هیندستانەو قەرزی ئەو جوتیارانەی لە بانكێكی حكومی داوەتەوە و بانكەكەش لایخۆیەوە ئەو بڕە قەرزەی بڵاوكردوەتەوە كە ئەمیتاب داویەتییەوە و هەرچەندە ناتوانرێت هەموو جوتیارەكان بێن بۆ شاری مۆمبای كە ئەمیتاب لێی نیشتەجێییە، بەڵام ئەو شەمەندەفەرێكی بۆ نزیكەی 70 جوتیار بەكرێ گرتووە و لە ماڵەكەیدا پێشوازیان لێدەكات و پسوڵەی دانەوەی قەرزەكانیانی پێشكەشدەكات و بڕیارە 26ی ئەم مانگە پێشوازیان لێبكات.


ئەمە یەكەمجار نییە ئەو هونەرمەندە بەناوبانگەی هیندستان دەستی هاوكاری بۆ جوتیارانی وڵاتەكەی درێژبكات و لە سەرەتای ئەمساڵیشدا قەرزی بۆ نزیكەی 350 جوتیاری هەرێمی ماهاراشترا دایەوە كە هەزاران جوتیار بۆ داواكردنی سڕینەوەی قەرزەكانی سەریان خۆپیشاندانین كرد.
ساڵی 2007 ئەمیتاب باچان لەلایەن دادگایەكەوە تۆمەتباركرا بەوەی كە 90 هەزار پێ زەوی كشتوكاڵی بە نایاسایی دەستكەوتووە و تۆمەتی ساختەكاریی ئاراستەكرا، بەڵام دواتر بەهۆی پاشەكشێی لە داواكردنی ئەو زەویانە تۆمەتەكانی لەسەر لابرا.
ئەمیتاب باچان، بەشداری لە نزیكەی 190 فیلمدا كردووە و لەم چەند ساڵەی دوایشدا لەچەند فیلمێكی بۆڵیوددا رۆڵی بینیەوە و لە كەناڵێكی تەلەفزیۆنی هیندستانیشەوە بەرنامەی " كێ‌ یەك ملیۆن دەباتەوە" پێشكەشدەكات كە بینەرێكی زۆری هەیە لەو وڵاتەدا.
سەرچاوە: بی بی سی 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand