یانەی لیستەر سیتی خاوەنە دەوڵەمەندەكەی لەدەستدا

Draw Media

2018-10-29 14:52:35



(درەو میدیا):

ڤیچای سریڤاداناپرابا، ملیاردێری تایلاندیی و خاوەنی یانەی لیستەر سیتی ئینگلیزی بەهۆی تەقینەوەی هێلیكۆپتەرەكەیەوە گیانی لەدەستدا،  ئەو یەكێك بوو لە سەرمایەدارە پاكەكانی جیهان و ساڵی 2010 یانەی لیستەر سیتی كڕی و یارمەتیدا بۆئەوەی دوای شەش ساڵ نازناوی خولی ئینگلیزی " پریمەر لیگ" بەدەستبهێنێت.
سریڤاداناپرابای تەمەن 60 ساڵ نیسانی 1958 لە بانكۆك لە دایكبووە و پێنجەمین دەوڵەمەندی تایلاند بوو، ساڵی 1989 بە كردنەوەی دوكانێك لە دوكانەكانی بازاڕی ئازاد دەستی بە كاری بازرگانی كرد و دواتر لە هەموو فڕۆكەخانەكانی تایلاندا بووە براندێكی بەناوبانگ بە ناونیشانی " كینگ پاوەر" و ئێستا بەهای ئەو براندە لەلایەن گۆڤاری فۆربسی ئەمریكییەوە بە 4.9 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە.
پەیوەندی سریڤاداناپرابا لەگەڵ یانەی لیستەر سیتی " رێوییەكان" بە گرێبەستی سپۆنسەریكردنی پۆشاكی تیپەكە دەستیپێكرد و دواتر بە بەهای 39 ملیۆن پاوەن یانەكەی لە میلان مانداریچی سربی كڕی.


یانەی لیستەر سیتی ساڵی 2014 سەركەوت بۆ خولی پلە یەكی ئینگلتەرا، سریڤاداناپرابا كە لە شوباتی 2011دا بووە سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی یانەكە بەڵێنیدا 180 ملیۆن پاوەن بدات یانەكە ئەگەر سەربكەوێت بۆ پێنج پلەی پێشەوی ریزبەندیی خولەكە و كاتێك لیستەر سیتی لە وەرزی 2015- 2016 نازناوی خولی ئینگلتەرای بەدەستهێنا، سریڤاداناپرابا بووە جێگەی قسەوباسی میدیاكان.
دوای ئەو سەركەوتنەش سریڤاداناپرابا 19 ئۆتۆمبیلی " BMW I8S"ی پێشكەشی یاریزانەكان كرد كە بەهای هەر ئۆتۆمبیلێكیان 100 هەزار پاوەن بوو.
سریڤاداناپرابا لەگەڵ ئیمون سریڤاداناپرابا هاوسەرگیری كردووە و چوار منداڵیان هەیە بەناوەكانی فۆرامس، ئەبیچای، ئەرونرۆنن ئایاوات و ساڵی 2013 لەلایەن پادشای پێشووی تایلاندەوە " پۆمیبۆو ئەدۆلیادیگ" ەوە نازناوی " سریڤاداناپرابا" بەو خێزانە بەخشرا كە بەواتای " روناكیی سەربەرزی هەڵكەتوو" دێت، ئەوەش لە پای ئەو كارانەی كە سریڤاداناپرابا لە بواری كۆمەڵایەتیدا ئەنجامیدابوون بە تایبەتی پەروەردە و فێكردن و تەندروستی منداڵان.
.

سەرچاوە: bbcarabic


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand