سعودیە: خاشقچی لە دەمەقاڵێیەكدا لە كونسوڵگەریی كوژراوە

Draw Media

2018-10-20 09:22:33



 (درەو میدیا):
درەنگانێكی شەوی ڕابردوو شانشینی عەرەبی سعودیە بەفەرمی دانینا بە كوشتنی جەمال خاشقچی نوسەر و ڕۆژنامەنوس، ئەوەش دوای تیپەڕبونی 18 ڕۆژ هات لە دیارنەمانی لە كاتی چونی بۆ كۆنسوڵگەری وڵاتەكەی لە ئەستەنبوڵ لە 2 ئۆكتۆبەری ئەمساڵ.

سعودیە: لە كونسوڵخانە دەمەقاڵێ دروستبووە
(عەبدوڵا بن موبارەك ئەلمعجب)، داواكاری گشتی سعودیە دەڵێت، لیكۆڵینەوەكان دەریانخستووە كە هاوڵاتی جەمال خاشقچی لە ئاكامی شەڕ لەناو كونسوڵگەریی سعودیە لە ئەستەنبوڵ گیانی لەدەستداوە. 
ئەو بەرپرسە سعودیە لە بەیاننامەیەكدا كە ئاژانسی هەواڵی سعودیە (واس) بڵاویكردەوە، ئاماژە بەوەدەكات"مشتومڕ لەنێوان هاوڵاتی جەمال خاشقچی و ئەو كەسانە دروستبووە كە لە كونسوڵخانەكە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كردووەو لە ئاكامدا شەڕ دروستبووەو بەدەست لەیەكیان داوەو بەوهۆیەوە خاشقچی گیانی لەدەستداوە".
باس لەوەشدەكات" لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە لەگەڵ ڕاگیراوەكان كە ژمارەیان 18 هاوڵاتی سعودییە".

فەرمانێكی شاهانە
سەلمان بن عەبدولعەزیز پادشای سعودیە، بە فەرمانێكی شاهانە ژمارەیەك بەرپرسی لە پۆستەكانیان دروخستەوە كە دیارترینیان (سعود قەحتانی)ی ڕاوێژكار لە دیوانی شاهانەو (ئەحمەد عسێری) جێگری سەرۆكی دەزگای هەواڵگرییە. 
هاوكات دیوانی شاهانەی سعودیە، دورخستنەوەی هەریەك لە لیوای فڕۆكەوان (محەمەد بن ساڵح ئەلرمێح) جێگری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری گشتی بۆ كاروباری هەواڵگری و لیوا (رەشاد حامد ئەلمحەمادی)ی بەڕێوەبەری ئیدارەی ئاسایش‌و پاراستن لە سەرۆكایەتی هەواڵگری‌و لیوا (عەبدوڵا بن خڵییەف ئەلشایع) جێگری سەرۆكی هەواڵگری گشتی بۆ توانا مرۆییەكان، ڕاگەیاند.
بەپێی قسەی ئاژانسەكە، پادشای سعودیە فەرمانی داوە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی وزاری بە سەرۆكایەتی (محەمەد بن سەلمان) جێنشینی پادشای سعودیە بۆ سەرلەنوێ‌ بنیاتنانەوەی سەرۆكایەتی هەواڵگری گشتی‌و تازەكردنەوەی سیستمەكەی‌و دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی بەشێوەیەكی ورد.
لەلایەكی ترەوە، ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دۆسیەی لێكۆڵینەوەكانی سعودیە لە كوژرانی خاشقچی بڵاویكردەوە" فەرمانەكان بەشێوەیەكی توند لێكدانەوەی بۆ كراوەو جێبەجێكراوەو ڕێنماییەكان بەوردی دیارینەكراون، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی ڕێنماییەكانی بەرپرسانی سعودیە بۆ كوشتنی خاشقچی نەبووە".

ئەردۆغان‌و شا سەلمان قسەیان كرد
لەلایەكی ترەوە سەرۆكایەتی توركیا ڕایگەیاند:" لەپەیوەندییەكی تەلەفونیدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ شا سەلمان ڕێككەوتون لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگی دووقۆڵی لە لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی خاشقچی"، بەوتەی سەرچاوەیەكیش لە سەرۆكایەتی توركیا" ئەردۆغان‌و شا سەلمان زانیارییان لەبارەی ئەو لێكۆڵینەوانەوە ئاڵوگۆڕكردووە كە هەردوو وڵات لە دۆسیەی خاشقچی دەیكەن. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand