ئەو نۆ خۆراكەی ئارەزوی سێكسی زیادەكەن

Draw Media

2018-10-07 16:49:13



(درەو میدیا):
بەردەوام پسپۆرانی بواری خۆراك و تەندروستی باس لە بوونی پەیوەندی دەكەن لە نێوان پەیوەندی سێكسی دروست و هەندێك خۆراك بە دیاریكراوی، رۆژبەرۆژ ئەو بەڵگانە زیاتر دەبن كەجەخت لەو پەیوەندییە دەكەنەوە.
جینیفەر. ر. بیرمان بەڕێوەبەری ناوەندی تەندروستی ژنان لە بیفەرلی هێڵز لە كالیفۆرنیا دەڵێت:" تادێت بەڵگەكان زیاتر دەبن لەسەرئەوەی كە هەندێك لە ڤیتامینەكان و پێكهاتەكانی ناو خۆراك دەكرێت كاری سێكس بەهێزتربكەن".
لێرەدا نۆ خۆراك دەخەینە روو كە توێژینەوە زانستییەكان و تاقیكردنەوەكان سەلماندوویانە رۆڵێكی كارایان هەیە لە زیادكردنی ئارەزووی سێكسیدا.
سپێناخ

سپێناخ بە مەگنیسیۆم دەوڵەمەندە، كە كانزایەكە هەوكردنی مولولەكانی خوێن كەمدەكاتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی خێرا رۆیشتنی خوێن ، هەروەها خواردنی سپێناخ وا لە مرۆڤ دەكات كە هەست بە دۆخێكی ئارام و مەزاجێكی باش بكات، چونكە دەبێتە خۆی رەوانكردنی خوێنی زیاتر بۆ ناوچەی ناوەڕاستی جەستە.
تامی نیلسۆن كە پزیشكی دەرونییە و پسپۆرە لە تەندروستی سێكسییدا دەڵێت زیاتر رۆیشتنی خوێن بۆ لایەكانی جەستە، هەمان ئەو ئەركە جێبەجێ دەكاتكە ڤیاگرا هەیەتی، ئەویش وروژاندن زیاتر دەكات.
شوكولاتەی تۆخ

شوكولاتە رێژەی سیرۆتۆنین و دوبامین لە مێشكدا زیاددەكات، ئەوەش وامان لێدەكات دڵخۆش بین و هەروەها ماندووبونیش كەمدەكاتەوە، هەروەها كاكاویش هاتوچۆی خوێن لە خوێنبەرەكاندا بەرزدەكاتەوە و مولولەكانی خوێن چالاك دەكات و خوێن بۆ هەموو ئەندامە جیاوازەكانی جەستە دەنێرێت.
شوتی

شوتی مادەی لیكۆبینی دژە ئۆكسانی تێدایە، ئەو مادەیە هاوشێوەی ڤیاگرا كاریگەری هەیە، و توانای ئەوەی هەیە هاوكاری مولولەكانی خوێن بكات كە بكشێن و بەوەش خوێنی زیاتر لە جەستەدا هاتوچۆدەكات بە تایبەتی بەشی خوارەوەی جەستە.
چەرەزات 

ناوكە كولەكە زۆر دەوڵەمەندە بە زەنك، و غودەی پرۆستات سەلامەتتر دەكات، چەرەزات بەگشتی دەوڵەمەندە بە ترشەكانی ئۆمێگا 3 كە وەك سوتەمەنییەك كاردەكات بۆ هۆرمۆنە بنەڕەتییەكانی تایبەت بە تەندروستی سێكسی.
هەروەها گازۆ و بادامیش دەوڵەمەندن بە زەنك، ئەوەش خشتی بنچینەییە بۆ ئۆكسیدی نیتریك، كە گازێكی سروشتییە و هاوكاری پیاوان دەكات بۆ ماوەیەكی درێژتر بە رەپی بمێنێتەوە، هەروەها چەرەسات یارمەتیدەرە لە كەمكردنەوەی ئاستی كۆلیسترۆڵ و ئەوەش سوڕی خوێن لە هەموو جەستەدا و ناوچەكانی خوارەوەدا ئاسان و چالاك دەكات.
هەنار

هەنار پەیوەندی بە دژە ئۆكسێنەرەكانەوە هەیە كە بۆ سوڕی خوێن یارمەتیدەرن، هەروەها زۆر دەوڵەمەندە بەو خۆراكانەی پێویستن بۆ بەرهەمهێنانی تۆوی پیاو.
توێژینەوەیەكی نوێ كە لە گۆڤاری نێودەوڵەتی تایبەت بە لاوازی سێكسی و نەزۆكیدا بڵاوكراوەتەوە ئاماژەیبەوەداوە كە شەربەتی هەنار كاریگەری ئەرێنی هەبووە لەسەر لاوازی چوكی پیاوان.
سیر


توێژەران جەختدەكەنەوە كە خواردنی سیر یارمەتیدەر دەبێت لە وەستاندنی دروستبوونی توێژاڵێكی چەوریی نوێ كە بە " توێژاڵی نانۆ" ناودەبرێت لە ناو دیواری خوێنبەرەكاندا، ئەو خوێنبەرانەش دەگرێنەوە كە خوێن دەبەن بۆ ئەندامی نێرینەی پیاوان.
هەروەها سیر یارمەتیدەر ددەبێت لە رێگەگرتن لە خەستبوونەوەی خوێن و گەرەنتی رۆیشتنی بڕێكی زۆری خوێن دەكات بۆ ناوچەكانی خوارەوەی جەستە و پزیشكەكان هاوسەران ئامۆژگاریدەكەن كە پێش ئێوارە سیر بخۆن.
ئۆمیگا 3


ئۆمیگا 3 رێگرە لە كەڵكەنەبووونی چەوریی لە خوێنەبەرەكاندا و بەوەش سوڕیی خوێن و چوونی خوێن بۆ هەموو بەشەكانی جەستە  باشتر دەكات و لەو چوارچێوەیەشدا ماسی تونە یەكێكە لەو كلیلانەی كە رۆڵی دەبێت لە باشتركردنی پەیوەندیی سێكسیدا.
مۆز


مۆز یەكێكە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی پۆتاسیۆم، كە رۆڵی هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی ئاسەواری ئەو خۆراكانەی كە رێژەیەكی بەرز سۆدیۆمیان تێدایە.
گوێچكە ماسی


گوێچكە ماسی پڕە لە زەنك، ئەو كانزایەی كە ئاستی هۆرمۆرنی تستۆستیرۆن بەرزدەكاتەوە و لە هەمان كاتیشدا  هۆرمۆنی گەشەكردن زیاد دەكات و هەردووكیشیان گەشەكردنی ماسولكەكان و كاری جەستەی مرۆڤ چالاكدەكەن، هەروەها كانزای زەنك یارمەتیدەر دەبێت لە رۆیشتنی خوێن بۆ ئەندامی زاوزێ‌ لە هەردوو رەگەزەكەدا.


سەرچاوە: سایتی سۆمەریە نیوز


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand