توركیا: رۆژنامەنوسێكی دیاری سعودیە ونبوو

Draw Media

2018-10-04 10:35:37



(درەو میدیا):
جەمال خاشقچی، رۆژنامەنوسی سعودیە دوای سەردانكردنی كونسوڵگەری وڵاتەكەی لە شاری ئیستانبوڵی توركیا دیارنامێنێت و كونسوڵگەری سعودیە دەڵێت لەلای ئەوان نییە و رۆیشتووە و دەسەڵاتدارانی توركیاش دەڵێن هێشتا لەناو كونسوڵگەریدایە.
كونسوڵگەری سعودیە لە ئیستانبوڵ لە بەیاننامەیەكدا كە ئاژانسی هەواڵەكانی سعودیە بڵاویكردوەتەوە دەڵێت:" بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی توركیا رێوشوێنیان گرتوەتەبەر بۆ ئاشكراكردنی وردەكارییەكانی دیارنەمانی ئەو رۆژنامەنوسە".
رونیشیكردەوەتەوە كە بەدواداچوون دەكات بۆ " دیارنەمانی جەمال خاشقی لەداوی هاتنەدەرەوەی لە بینای كونسوڵگەری لە ئیستانبوڵ".
ئەم بەیاننامەیەی كونسوڵگەری توركیا  لەكاتێكدایە ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ئەنكەرە رایگەیاند بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەوان هێشتا خاشقچی لەناو كونسوڵگەری توركیادایە.
هاوكات رۆژی سێشەممە لە لێدوانێكیدا بۆ بی بی سی  خەدیجە ئازرو، دەزگیرانی خاشقچی رایگەیاند بەرپرسانی كونسوڵگەریی ئاگاداریان كردوەتەوە كە بیانی كونسوڵگەریی بەجێهێشتووە بەڵام پێشهاتەكان ئاماژە بەوەدەدەن كە خاشقچی هێشتا لەناو كونسوڵگەریدا دەستبەسەرە.
جەمال خاشقچی رۆژنامەنوسێكی دیاری سعودیەیە و وتارەكانی لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاودەكاتەوە و تێیاندا رەخنە لە چەند سیاسەتێكی سعودیە و دەستوەردانی سەربازی لە یەمەن دەگرێت و رۆژی سێشەممەی رابردوو بە ئامانجی دەرهێنانی بەڵگەنامەی تایبەت بە هاوسەرگیری سەردانی كونسوڵگەری وڵاتەكەی كرد لە ئیستانبوڵ و لەو كاتەوە دیارنەماوە.

سەرچاوە: بی بی سی
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand