لە رۆژئاوای کوردستان دژی تیرۆر جەنگا و لە توركیا بە تۆمەتی تیرۆر حكومدرا

Draw Media

2018-09-16 11:18:03



( درەو میدیا):
دادگایەكی توركیا سزای حەوت و ساڵ و نیو زیندانیكردنی بەسەر سەربازێكی پێشووی سوپای بەریتانیادا سەپاند، كە لە ریزی یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" دا لە رۆژئاوای كوردستان و سوریا شەڕی لەدژی رێكخراوی داعش كردووە.
ئەو سەربازەی پێشووی سوپای بەریتانیا ناوی جۆ رۆبنسۆنە و تەمەنی 25 ساڵە و ساڵی 2017 لە كاتێكدا لە پشوودابووە لە توركیا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتەوە دەستگیركراوە و بە تیرۆر تۆمەتباركراوە.
رۆبنسۆن تۆمەتی ئەندامێتی لە یەكینەكانی پاراستنی گەل " یەپەگەی" ئاراستەكراوە كە توركیا بە رێكخراوێكی تیرۆریستی دادەنێت و بە هاوكاری ئەمریكا لەدژی داعش لە رۆژئاوای كوردستان و سوریا دەجەنگێت.
دادگای توركیا سزای حەوت ساڵ و نیو زیندانیكردنی بەسەر رۆبنسۆندا سەپاند، بەڵام ئێستا بە كەفالەت ئازادكراوە و رێگەی چوونە دەرەوەی توركیای لێ‌ قەدەغەكراوە و ئێستا بە نیازە تانە لە بڕیارەكەی دادگا بدات.
لە لێدوانێكیدا بۆ " بی بی سی " شارۆن شایمچۆك" دایكی جۆ رۆبنسۆن رایگەیاند ئێوەری هەینی لەلایەن بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاوە تەلەفۆنی بۆكراوە و لە دەرچوونی بڕیاری دادگا بەرامبەر بە كوڕەكەی ئاگاداركراوەتەوە و ئاشكراشیكرد, دەستگیرانی كوڕەكەشی " ماریا رۆژكان" كە خوێندكاری یاسای زانكۆی لیدزە، بە تۆمەتی بانگەشەكردن بۆ تیرۆر حكومدراوە بەڵام جێبەجێكردنی راگیراوە.
شایمچۆك وتیشی:" دادگاییكردن هەبوو، بەڵام رۆبنسۆن لەوێ‌ ئامادەنەبوو".
رۆژكانی دەستگیرانی رۆبنسۆنیش وتی:" دادگا حكومێكی بەسەرمدا سەپاندووە بەهۆی بڵاوكردنەوە راگەیەندراوەوە لە فەیسبوك كە ئاڵای كوردی تێدایە لەگەڵ لینكی گۆرانی كوردی لە سایتی یوتیوب".
وتیشی:" رووداوەكە خەمناكە و زۆر بێ‌ ماناشە، ناتوانم روودانی كارێكی لەو شێوەیە قبوڵ بكەم". 


جۆ رۆبنسۆن پێشتر لەریزی سوپای بەریتانیا لە ئەفغانستان خزمەتی كردووە و ساڵی رابردوو لە توركیا دەستگیركراوە، دوای مانەوەی چوار مانگ لە زینداندا تشرینی دووەمی رابردوو بە كەفالەت ئازادكرا، بەڵام رێگای چونەدەرەوەی توركیای لێی قەدەغەكراوە.
هەروەها رۆبنسۆن ماوەی پێنج مانگ وەك خۆبەخشێك لەگەڵ شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" لە رۆژئاوای كوردستان شەڕی لەدژی داعش كردووە و خێزانەكەشی دەڵێن وەك پزیشكی سەربازی كاریكردووە و لە ماوەی رابردووشدا لە چەند چاوپێكەوتنێكدا باسی لە ئەزمونی خۆی لە رۆژئاوای كوردستان كردووە.
لایخۆشیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند ئامادەن هەموو هاوكارییەك پێشكەشی ئەو هاوڵاتییە بەریتانییە بكەن لە توركیا.
سەرچاوە: بی بی سی 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand