كتێبێك بیركردنەوەی ترەمپ بۆ كوشتنی بەشار ئەسەد ئاشكرادەكات

Draw Media

2018-09-05 20:58:29



( درەو میدیا):
كتێبێكی نوێ‌ ئاشكرایدەكات كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ویستویەتی ساڵی رابردوو بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا تیرۆر بكرێت، بەڵام جەیس ماتیس وەزیری بەرگری ئەو داواكارییەی پشتگوێخستووە، كۆشكی سپیش رەخنە لە ناورۆكی ئەو كتێبە دەگرێت و دەڵێت تەنها " چیرۆكی هەڵبەستراوە".
كتێبەكە كە ناونیشانی" ترسە" و  لەلایەن نوسەری بەناوبانگ بۆب وودۆردەوە ئاشكراكەری سكانداڵی " وۆتەر گەیت"ەوە نوسراوە و رۆژنامەی واشنتۆن پۆست رۆژی سێشەممە 4ی ئەیلول كورتەیەكی لێ بڵاوكردەوە.
كتێبی " ترس" كە هێشتا چاپ و بڵاونەكراوەتەوە نوێترین كتێبە كە وردەكاریی ئاڵۆزییەكانی ناو كۆشكی سپی ئاشكرادەكات لە سایەی سەرۆكایەتی ترەمپدا كە 20 مانگە دەستیپێكردووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەربارەی وتەكانی ماتیس و گەورە فەرمانبەری كۆشكی سپی جۆن كیلی و ئەوانی تردا كە لەو كتێبەدا هاتووە نوسیوێتی" ئەوە فێڵ و تەڵەكەی هەڵبەستراوە و خەڵەتاندنی جەماوەرە".
كتێبەكە ترەمپ بەو شێوەیە وەسفدەكات كە زۆر خێرا و كتوپڕ توڕەدەبێت و وشەی نەشیاو ناشرین دەڵێت و زۆر بە هەڵپەیە لە بڕیارداندا.
نوسەری كتێبەكە دەڵێت ترەمپ بە وەزیری بەرگرییەكەی راگەیاندووە كە دەیەوێت ئەسەد تیرۆر بكرێت، دوای ئەوەی سەرۆكی سوریا لە نیسانی 2017دا چەكی كیمیایی لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی بەكارهێنا و ماتیسیش لە وەڵامدا دەڵێت " دەستبەجێ ئەو كارە دەكات" بەڵام لەجیاتی ئەوە پلانێكی دانا بۆ وەشاندنی گورزێكی سەربازی دیاریكراو و نەبووە هەڕەشە لەسەر ئەسەد.
نوسەری كتێبەكە دەڵێت ماتیسدوای رووداوێكی تر بە یاریدەدەرەكانی وتووە كە ترەمپ وەك " خوێندكارێكی پۆلی پێنجەم یان شەشەم" رەفتار دەكات.
لە بەیاننامەیەكدا كە رۆژی سێشەممە بڵاویكردەوە جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریكا وتی " هەرگیز ئەو قسانەم نەكردووە و لە كاتی بوونی منیشدا نەكراوە".
هەروەها سارە هاكەبی ساندەرز وتەبێژی كۆشكی سیی وتی:" ئەو كتێبە هیچ نییە جگە لە چەند چیرۆكێكە هەڵبەستراو، زۆربەی ئەوانەی قسەیان تێداكردوووە فەرمانبەری توڕەی پێشوون و ئامانجی وێنەیەكی خراپی سەرۆك قسەیان كردووە".
هاوكات نیكی هەیلی باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان گومانی خۆی دەربڕی لەو چیرۆركەی تایبەت بە بەشار ئەسەد و وتی:" لەبەرئەوەی ئاگاداری ئەو گفتوگۆیانەم، هەرگیز نەمبیستووە سەرۆك باس لە تیرۆركردنی ئەسەد بكات".

سەرچاوە: DW
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand