یەكێتی و گۆڕان یەكەم كۆبوونەوەی دوای هێرشی 12ی ئایاریان گرێدا 

Draw Media

2018-08-27 17:10:37



(درەو میدیا):
ئێوارەی ئەمڕۆ لە گردی زەرگەتەی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان، وەفدی یەكێتی دوای سەردانی مەزاری نەوشیروان مستەفا لەگەڵ سەركردایەتی  گۆڕان كۆبوونەوە.
داوای لێبوردنەكەی یەكێتی لە گۆڕان، نیگەرانییەكانی گۆڕانی نەڕەواندەوە، بۆیە یەكێتی بە وەفدێكی باڵا سەردانی گۆڕی نەوشیروان مستەفا و سەركردایەتی گۆڕانی كرد كە پێكهاتبوون لە حاكم قادر، رەفعەت عەبدوڵڵا، مەحمود سەنگاوی، رزگار عەلی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كە یەكەم كەسی ناو یەكێتی بوو لە رۆژی 12ی ئایاردا تەلەفۆنی بۆ سەركردەكانی گۆڕان كردو هەڕەشەی قبوڵكردنی ئەنجامەكانی لێكردن.
لەلایەن گۆڕانیشەوە عومەر سەید عەلی، رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان، محەممەد تۆفیق رەحیم، و د. رەئوف عوسمان ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و ئاوات شێخ جەناب ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.
بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدیا"  لە كۆبوونەوەكەدا سەرەتا ئەندامانی وەفدی یەكێتی جەختیان لەسەر داوای لێبوردنەكەی كردووە و هیوایان خواستووە ئەو روداوە رونەداتەوە،

هەروەها وەفدی یەكێتی ئاماژەی بەوەكردووە، رزگار عەلی، كە یەكێتی و گۆڕان لە بنەڕەتدا لە یەك خوێندنگە پەروەردە بوون، بۆیە جەختیانكردوەتەوە لەسەر پەیوەندی ئاسایی هەردوولا بۆ ئەوەی كاری هاوبەش بكەن. 
كەشوهەوای كۆبوونەوەكە بەو شێوەیە بووە كە سەركردایەتی گۆڕان دوای لێبوردنەكەیان قبوڵكردووە و هەردوولا جەختیان لەسەر كاری هاوبەش كردوەتەوە.
لە كۆبونەوەكەدا باسیش لە هەوڵەكانی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوە و رێوشوێنی بۆ گیراوەتە بەر، ئەمە سەرەرای ئەوەی كە وەفدی یەكێتی داوایان كردووە كە پێكەوە و بەیەك دەنگ بچنە بەغدا و گفتوگۆكانی بەغداوە.  

داوای لێبوردنەكەی یەكێتی چۆن بوو بە بڕیار؟
بەپێی زانیاریەكانی " درەومیدیا" یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەیویست كۆتایی بەكێشەی تێكچونی پەیوەندیەكانی بهێنێت لەگەڵ گۆڕان، بەڵام یەكێتی لەسەر چارەسەری ئەو كێشەیە ببوو بە دووبەشەوە، بەرەی ناڕازی ناو یەكێتی كە زۆرینەن و لە ژمارەیەكی زۆری سەركردایەتی و ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی و چەند ئەندام مەكتەب سیاسیەك  و كارەكتەری سیاسی پێكهاتوون بەڵام دەسەڵاتیان لا نیە، لەگەڵ ئەوەبوون هەرچۆنێك بێت كۆتایی بەو كێشەیە بهێنرێت و داوای لێبوردن لە گۆڕان بكرێت، بەڵام باڵی كەمینەی مەكتەبی سیاسی كە دەسەڵاتیان لایە لەگەڵ ئەوە نەبوون كە داوای لێبوردن بكرێت. 
هەربۆیە باڵی ناڕازی ناو یەكێتی بڕیاریاندا بچنە سەر گۆڕەكەی نەوشیروان مستەفا و بەیاننامەیەك بخوێننەوەو داوای لێبوردن لە گۆڕان بكەن و كۆتایی بەو ناكۆكی و كێشەیە بهێنن، كاتێك باڵی مەكتەبی سیاسی و كەمینەی سەركردایەتی بەم هەنگاوە دەزانن هەوڵ ئەدەن رێگری بكەن، دوای ئەوەی بۆیان دەردەكەوێت كە ئەو باڵە بە جدیانە بۆیە ئەمان لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەدا بەیاننامەیەكیان دەركرد و داوای لێبوردنیان كرد، لەو نێوەندەدا كە چەند رۆژێكی خایاند تا ئەو بڕیارە گەڵاڵە بوو، سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیش گفتوگۆیان لە نێوان خۆیاندا كردووەو پێیان باش بووە. 
لەلایەكی تریشەوە بەپێی زانیاریەكانی "درەو میدیا " وەفدی ئێرانیەكان لە كۆبونەوەیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و داواكارییەكان بە بونی هەڵوێست و هەنگاوی هاوبەش لەسەر پرسە سیاسیەكان بەتایبەت پێكهێنانی حكومەتی عێراق، سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بە ئێرانیەكانیان راگەیاندووە كە تا یەكێتی داوای لێبوردن نەكات ئامادەنین لەگەڵیان كۆببنەوە، هەربۆیە ئێرانیەكان داوایان لە یەكێتی كردووە كە داوای لێبوردن لە گۆڕان بكات، دیارە ئەو هەنگاوەی ئێرانیەكان هاوكات بووە لەگەڵ فشاری جدی باڵی ناڕازی یەكێتی، بۆیە بە ناچاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە بەیاننامەی رەسمیدا داوای لێبوردنی لە گۆڕان كرد. 

http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=1783
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand